ناكۆكیی نێوان ڕووسیا و توركیا چارەنووسی لیبیا دیاری دەكات

"تورکیا و ڕووسیا لە لیبیا شەڕی بە وەکالەت دەکەن"

18/02/2020 - 10:50 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

رۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانی، لە ڕاپۆرتێكدا هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی لیبیا كردووە، پێی وایە لە داهاتوودا ئەوەی چارەنووسی لیبیا دیاری دەكات ، ناكۆكیی نێوان رووسیا و توركیایە، چونكە ئەو دوو وڵاتە بە جیا هێزیان بۆ لیبیا ناردووە و هەر یەكە و پشتگیری لە لایەنێك دەكات.

توركیا و ڕووسیا لە كۆنفرانسی بەرلین بۆ چارەسەركردنی كێشەی لیبیا بۆ ئاگربەست، رێككەوتنیان واژۆ كرد، بەڵام جارێ مەرەكەبی ئەو قەڵەمەی ئیمزای رێككەوتنیان پێی كرد وشك نەببووەوە، كەچی شەڕ لە لیبیا دەستی پێ كردەوە.

خەلیفە حەفتەر كە فەرماندەی هێزی نەتەوەیی لیبیایە و دوو لەسەر ٣ی خاكی لیبیای لەژێر كۆنتڕۆڵدایە، چەندین هێرشی بۆ تەرابلووس كردووە، بەڵام نەیتوانیوە شارەكە بخاتە ژێر ركێفی خۆی، فەیاز سەراج سەرۆكی حكوومەتی لیبیاش دەڵێت چەندین جاری دیکەش هێرش بكات هەر شكست دەهێنێت.

(تایمز) ئاماژەی داوە، كە بۆیە حەفتەر نەیتوانیوە تەرابلووس بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، چونكە حكوومەتی توركیا دوو هەزار چەكداری سەر بە سوپای سووریای ئازادی ناردووەتە لیبیا بۆ پشتگیری لە سەراج، لە بەرامبەردا رووسیاش زیاتر لە هەزار چەكداری بە پارەی ناردووتە لیبیا بۆ پشتگیری لە حەفتەر، ئەمەش ناكۆكیی نێوان رووسیا و توركیای تۆختر كردووەتەوە.

تایمز باس لەوە دەكات، كە بەهۆی ئەوەی حەفتەر دەستی بەسەر بۆڕی نەوتی لیبیادا گرتووە، ئەمە وا دەكات داهاتی لیبیا كەم بكات، هەروەها شەڕی ناوخۆش لە لیبیا تەشەنە دەسێنێت و بارودۆخ خراپ دەبێت، چونكە شەڕەكە بە وەكالەت دەبێت لە نێوان رووسیا و توركیادا.

تایمز نووسیویە: "بەهۆی ئەوەی لیبیا بە درێژایی١١٠٠ میل لە کەناری دەری خاکی هەیە، لە ئەگەری تەشەنەكردنی شەڕی ناوخۆ و خراپی رەوشی لیبیا، ئەگەر زۆرە هەزاران كۆچبەری لیبی، لەڕێگەی دەریاوە روو لە ئەورووپا بكەن و داوای مافی پەنابەری بكەن، ئەمەش مەترسییە بۆ گشت ئەورووپا".

ئەورووپاش لەبارەی لیبیاوە بووە بە دوو بەش، ئیتاڵیا پشتگیری لە سەراج دەكات، بەڵام دژی دەستێوەردانی توركیایە لە كاروباری لیبیا، بەڵام فەڕەنسا بە ئاشكرا دڵسۆزیی خۆی بۆ حەفتەر راگەیاندووە، هەروەها رووسیا و توركیاش لە لایەك هاوپەیمانن و لەلایەكی تریش لە لیبیا دوژمنی یەكترین، بۆیە قەدەری لیبیا لە دەرەوەی سنووری خۆی دیاری دەكرێت. ئەمەش هەر بە گوێرەی شڕۆڤەی تایمز.

سەراج سەرۆك وەزیرانی لیبیا، قسەی بۆ (تایمز) كردووە و، ئاماژەی داوە كە چارەنووسی شەڕ لە لیبیا گۆڕاوە، بەڵام پارەمان نەماوە.

سەراج دەڵێت: "داهاتی لیبیا لەسەر ئەو نەوتەیە كە رەوانەی دەرەوەی دەكات، ئێستاش نەوتەكە لە دەستی حەفتەر دایە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هیچ ناڵێن. بەهۆی ئەوەی بۆڕیی نەوتی لیبیا كەوتووەتە دەستی حەفتەر، لیبیا مانگانە یەك ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار زیانی پێ دەگات و كاریگەریی لەسەر بژیوی هاووڵاتیان دروست كردووە".

سەراج دان بەوەدا دەنێت كە چەكداری سووری لەلایەن توركیاوە نێردراوە بۆ تەرابلووس، بەڵام دەڵێت ناچار بووین ئەوە بكەین، چونكە نا بەرانبەری هێز هەبوو لەگەڵ حەفتەردا و ئەگەر وامان نەكردایە، تەرابلووس دەگیرا، بەڵام ئێستا ترسی داگیركردنی تەرابلووس لە لایەن حەفتەرەوە نەماوە.

هەروەها دەڵێت چەكداری سووری و یەمەنی لە لیبیا بووەتە دیفاكتۆ.