10 رۆژ مۆڵه‌ت دراوه‌ به‌ خەڵکی گه‌ڕه‌كێكى كه‌ركووك

دوکانەکانیان رووخاندن و ماڵەکانیش دەڕووخێنن

06/02/2020 - 22:14 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ماوه‌ى 10 رۆژ مۆڵه‌ت دراوه‌ به‌ دانیشتووانى گه‌ڕه‌كێكى كوردانى كه‌ركووك تاوه‌كوو گه‌ڕه‌كه‌یان چۆڵ بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یڕووخێنن و هه‌روه‌ها ده‌ست به‌ ڕووخاندنى دوكانه‌كانى هه‌مان گه‌ڕه‌ك كرا، به‌رپرسێكى حزبی ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، له‌م دوو ساڵه‌ى دواییدا عه‌ره‌ب زیاده‌ڕۆییه‌كی زۆریان كردووه‌ته‌ سه‌ر زه‌ویى حكوومه‌ت، كه‌چی هه‌وڵی رووخاندنى ئه‌و شوێنانه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ لەدواى ساڵی 2003وە دروست كراون.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس) ئیداره‌ى سه‌پێندراوى كه‌ركووك هه‌وڵی ڕووخاندنى گه‌ڕه‌كێك ده‌دات، كه‌ زۆرینه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى كوردن و گه‌ڕه‌كه‌كه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ى گۆڕه‌پانی ئاهه‌نگه‌كان له‌ كه‌ركووك، له‌لایه‌كى تره‌وه‌ له‌ هه‌مان ناوچه‌ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانیش خانوویان له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ى حكوومه‌ت دروست كردووه‌، به‌ڵام وه‌ك دانیشتووانى ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان مۆڵه‌تى 10 رۆژیان ته‌نیا به‌ ماڵه‌ كورده‌كان داوه‌، كه‌ خانووه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، خانووه‌كان زیاتر له‌ 200 ماڵ پێكدێن و به‌شێك له‌ دانیشتووانى ئه‌وه‌ گه‌ڕه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ زه‌وییه‌كانیان به‌ پاره‌ كڕیوه‌ و ئه‌و ماڵانه‌ ناویان لاى شاره‌وانى تۆمار كراوه‌ و پاره‌ى ئاو و كاره‌بای نیشتمانییش ده‌ده‌ن.


دانیشتوانى گه‌ڕه‌كه‌كه‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كى ناڕه‌زاییان له‌ دژی هه‌وڵی ڕووخاندنى گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان کرد، سه‌فین هادى، یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانى ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ و بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: ”له‌دواى ساڵى 2003ه‌وه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ى گۆڕه‌پانى ئاهه‌نگه‌كان و له‌سه‌ر زه‌ویى حكوومه‌ت دروست كراوه‌ و حكوومه‌تى خۆجێی ئه‌و كاته‌ى كه‌ركووك هیچ لارییه‌كى نه‌بوو له‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵك له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ خانوو دروست بكات، چونكه‌ خۆیان نه‌یانده‌توانى زه‌وى بده‌نه‌ ئاواره‌كان، بۆیه‌ خه‌ڵك خانووى كرد و هه‌ندێك پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارییشی بۆ کرا، كه‌چی هه‌فته‌ى رابردوو، هێزێكى ئه‌منى هاتنه‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌كه‌وه‌، كه‌ ده‌زانن زۆرینه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى كوردن، داوایان كرد له‌ ماوه‌ى 10 رۆژدا خانووه‌كانمان چۆڵ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بیڕووخێنن“.


گوتیشی: ”ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، هه‌ر له‌م سنووره‌دا عه‌ره‌ب به‌ ئاره‌زووى خۆیان خانوو دروست ده‌كه‌ن، كه‌چی یه‌خه‌ى ئه‌وان ناگرن و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌كرێت، كه‌ خانووه‌كانمان چۆڵ بكه‌ین، ئه‌وه‌ى كه‌ ئێمه‌ بیزانین، هه‌ندێك به‌ڵێنده‌رى چاوچنۆك چاویان له‌ شوێنی خانووه‌كانى ئێمه‌یه‌، چونكه‌ ناوچه‌كه‌مان شوێنێكى ستراتیژیی هه‌یه‌ و نزیكه‌ له‌ رێگای پێشانگاى ئۆتۆمبێله‌كانى كه‌ركووكەوە“.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداریش بۆ (باس) گوتی: ”چوارشه‌ممه‌ى رابردوو 29/1/2020، ئیداره‌ى كه‌ركووك ده‌ستى كرد به‌ ڕووخاندنى دوكانى هاووڵاتییانى گۆڕه‌پانى ئاهه‌نگه‌كانى كه‌ركووك، به‌هۆی ئه‌وه‌ى خاوه‌نى ئه‌و دوكانانه‌ كورد و به‌شێكیشیان توركمانن، هه‌روه‌ها خاوه‌نى دوكانێكیشیان ده‌ستگیر كردووه‌“.


گوتیشی: ”له‌ هه‌نگاوى دووه‌میشدا پێده‌چێت به‌ شۆفه‌ڵ ده‌ست بكرێت به‌ ڕووخاندنى خانووه‌كانیش، ئه‌گه‌ر زوو كار بۆ رێگری له‌و هه‌وڵه‌ نه‌کرێت“.


له‌م باره‌یه‌وه‌، ڕه‌سووڵ ڕه‌ئووف، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى حزبی سۆشیالیست له‌ كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕاى گه‌یاند: ”هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ ڕووخاندنى خانووى هاووڵاتییان له‌ گه‌ڕه‌كى ئاهه‌نگه‌كانى كه‌ركووك و ژماره‌یه‌ك دوكانیشیان هه‌ر له‌ هه‌مان ناوچه‌ ڕووخاند، كه‌ به‌شێكیان هی هاووڵاتییانى كوردن، كه‌ مه‌به‌ستم دوكانه‌كانه‌ و ئه‌و شوێنه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوورى شارى كه‌ركووك و شوێنێكى گرنگه‌ و لەم قۆناغه‌دا هه‌رچی فشاره‌ له‌سه‌ر كورد ده‌كرێت“.


روونیشى كرده‌وه‌: ”فشاره‌كان له‌سه‌ر كورد به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رده‌وامن له‌ كه‌ركووك، هه‌ر له‌ بابه‌تى داگیركردنى زه‌ویى كشتوكاڵیی كورده‌وه‌ بیگره‌ له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌ هاورده‌كانه‌وه‌ له‌ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك تاوه‌كوو هه‌وڵی ڕووخاندنى ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ كوردییانه‌، به‌ بیانووى نه‌بوونى تاپۆ، عه‌ره‌ب له‌م دوو ساڵه‌ى دواییدا زیاده‌ڕۆییه‌كى زۆریان كردووه‌ته‌ سه‌ر زه‌ویى حكوومه‌ت له‌ كه‌ركووك، كه‌چی حكوومه‌ت هه‌وڵی ڕووخاندنى ئه‌و شوێنانه‌ ده‌دات، كه‌ دواى ساڵی 2003 دروست كراون“.


له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، كامه‌ران كه‌ركووكى، ئه‌ندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، حكوومه‌تى خۆجیی كه‌ركووك كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تی ڕووخاندنى خانووى هاووڵاتییان به‌تایبه‌ت كورد دەکات، به‌بیانووى نه‌بوونى تاپۆ و ئێستاش ئەنجوومەنى پارێزگا كارا نییه‌ و ئه‌ندامانى ئەنجوومەنى نوێنه‌ران ئه‌وانه‌ى كه‌ركووك و مه‌به‌ستم له‌ كورده‌كانه‌ نازانم چی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ بڕیارێكى ئەنجوومەنى پارێزگاى كه‌ركووكمان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ ساڵی 2008 ده‌رچووه‌ و بریتییه‌ له‌وه‌ی هیچ خانوویه‌ك چۆڵ ناكرێت، تا ئه‌و كاته‌ى شوێنیان بۆ دیارى بكرێت و قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، واتا ئه‌و ئاوارانه‌ى دواى ساڵی 2003 گه‌ڕانه‌وه‌، له‌به‌ر بێجێگه‌یی و رێگه‌ی خانوویان له‌سه‌ر زه‌ویى حكوومه‌ت دروست كرد، ئه‌وانه‌ ده‌مێننه‌وه‌ له‌ شوێنه‌كانى خۆیان تاوه‌كوو قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌ و پێویسته‌ كار به‌و بڕیاره‌ بكرێت.


گوتیشی: ”ئه‌وه‌ى ده‌كرێت ئێستا له‌ كه‌ركووك دژایەتیی توندی‌ كوردە و ئه‌وه‌ى له‌ توانایاندا بێت، دژی كورد ده‌یكه‌ن به‌ زیادیشه‌وه‌، لەدواى 16ی ئۆكتۆبه‌ریشەوە، كه‌ كورد ده‌سه‌ڵاتى له‌ شاره‌كه‌ نه‌ماوه‌، عه‌ره‌بیش به‌ ئاره‌زووی خۆیان له‌ دژی كورد هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن“.