نه‌وتى كه‌ركووك بە تانکەر دەدزرێت و خەڵکەکەشی بە دەبەوە لە سەرەگرتندان

كۆمپانیایه‌كى گه‌وره‌ى به‌ریتانى كاره‌كانى له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركووك ڕاگرت

 

30/01/2020 - 22:42 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دزینى نه‌وتى كه‌ركووك له‌لایه‌ن مافیاكانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و گه‌وره‌ كۆمپانیایه‌كى به‌ریتانییش كاره‌كانى له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركووك ڕاگرت، ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى نه‌وتى و‌زه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكیش هۆكارى كشانه‌وه‌ى ئه‌و كۆمپانیا به‌ریتانییه‌ بۆ خراپیی دۆخى ئه‌منیى كه‌ركووك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، فوئاد حوسێن كوێخا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى نه‌وت و غاز له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، ئێستا كه‌س نییه‌ خاوه‌نداریى كه‌ركووك بكات، بۆیه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان مافیائاسا مامه‌ڵه‌ به‌ نه‌وتى كه‌ركووكه‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌ سه‌ره‌تای ساڵانى بیسته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو نه‌وت له‌ كه‌ركووك دۆزراوه‌ته‌وه‌ و بناغه‌ى دروستبوونى ده‌وڵه‌تى عێراقیش له‌سه‌ر نه‌وتى كه‌ركووك بووه‌ و هه‌موو لایه‌ك سوودیان لە ‌نه‌وتى كه‌ركووك بینیوه‌، ئه‌وه‌ى سوودى له‌ نه‌وته‌كه‌ى نه‌بینیوه‌ ته‌نیا دانیشتوانى كه‌ركووكه‌، له‌ملاشه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى دووچاری ته‌عریب و ده‌ربه‌ده‌رى و كاره‌ساتى جۆراوجۆر كراونه‌ته‌وه‌، كه‌ركووك له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك نه‌وته‌، كه‌چی ئێستا دانیشتوانه‌كه‌ى به‌ ده‌به‌ نه‌وتىان پێ ده‌درێت، هه‌روه‌ها كه‌ركووك له‌ رووى خزمه‌تگوزارییشه‌وه‌ وێرانه‌.


كوێخا، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: “پێش 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 ئاگامان له‌ چۆنیه‌تیى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى كەركووك هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ هیچ زانیارییه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ نادرێت به‌ ئێمه‌، به‌هۆی ناله‌باریى بارودۆخى ئه‌منیى پارێزگاى كه‌ركووكه‌وه‌ كۆمپانیای پترۆڵیۆم BPى به‌ریتانى، كه‌ كۆمپانیایه‌كى گه‌وره‌یه‌ كشاوه‌ته‌وه‌ و كاره‌كانیان له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركووك ڕاگرت، ئه‌وانیش وه‌كوو كۆمپانیاكه‌ دیاره‌ نایانه‌وێ كارمه‌نده‌كانیان تووشی گرفت ببن، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌یان هۆكارى سه‌ره‌كیی كشانه‌وه‌یان بێت.


له‌باره‌ى دزینى نه‌وتى كه‌ركووكیشه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی به‌رده‌وامن له‌ دزینى نه‌وتى كێڵگه‌ جیاجیاكانى كۆمپانیای نه‌وتى باكوور له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك و ئه‌و میلیشیانه‌ ئێستا داهاتێكى زۆریان له‌پای دزینى نه‌وتى كه‌ركووك ده‌ست ده‌كه‌وێت و كارى به‌شی به‌رچاوى گرووپه‌ میلیشیاكان بووه‌ته‌ بازرگانى به‌ نه‌وتى كه‌ركووكه‌وه‌“.


گوتیشی: ”هاووڵاتییانى شارى كه‌ركووكیش ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانن، كه‌ نه‌وتى شاره‌كه‌یان له‌لایه‌ن مافیاكان و چه‌كداره‌ میلیشیاكان ده‌دزرێت، هه‌روه‌ها حكوومه‌تى عێراقیش ئه‌وه‌ ده‌زانێت كه‌ نه‌وتى كه‌ركووك جیا له‌وه‌ى به‌شێكى بۆ توركیا هه‌نارده‌ ده‌كرێت و به‌شێكى كه‌مى به‌ تانكه‌ر ده‌نێردرێت بۆ ئوردن، به‌شێكى دیكه‌ى ده‌دزرێت“.


له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكار كه‌ركووكیان داگیر كرد و له‌و كاته‌وه‌ جگه‌ له‌ تێكچوونى دۆخى ئه‌منیى پارێزگاكه‌كه‌، نه‌وتی كه‌ركووك ده‌دزرێت و به‌ره‌و ئێران ده‌برێت، چاودێرانی دۆخى كه‌ركووكیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ سه‌ره‌كیترین مه‌به‌ستی ئه‌و گرووپه‌ی كه‌ركووكیان ڕاده‌ستی حه‌شدى شه‌عبی كرد، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستكراوه‌ بن له‌ دزینی نه‌وتى كه‌ركووك و به‌ره‌و ئێرانی ببه‌ن.


له‌پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ری 2017، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕێگاى بۆریی نه‌وتبه‌رى خۆیه‌وه‌ نه‌وتى کێڵگه‌كانى هاڤانا و بای حه‌سه‌نى له‌ رۆژئاواى كه‌ركووك ده‌گواسته‌وه‌ بۆ به‌نده‌رى جه‌یهانى توركیا و داهاته‌كه‌ى ده‌كرده‌ مووچه‌ و ده‌یدا به‌ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها مانگانه‌ 10 میلۆن دۆلاریشی وه‌ك بودجه‌ى پترۆدۆلارى شاره‌كه‌ ده‌نارد بۆ كه‌ركووك و حكوومه‌تى عێراقیش له‌ کێڵگه‌كانى نه‌وتى خه‌بازه‌ و زه‌مبووره‌وه‌ نه‌وتى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌كرد.


ساڵی رابردوو، هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان رێك كه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌ نه‌وتى كه‌ركووك له‌ ڕێگاى بۆڕیی نه‌وتبه‌رى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێت و تاوه‌كوو ئێستا رۆژانه‌ كه‌متر له‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركووك به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی گوته‌ى به‌رپرسان، دزینى نه‌وتى كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلیشیاكان و مافیاكانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.