بەرپرسێک: پەکەکە لە شنگال 850 منداڵ و مێرمنداڵی ئێزدیی رفاندووە بۆ کاری چەکداری

 

27/01/2020 - 12:29 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 17ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەزای شنگال، لە لێدوانێکیدا لەگەڵ هەفتەنامەی (باس)، جەخت دەکاتەوە، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارییەکانی پەکەکە, کە ئێستا حوکمی شنگال و دەوروبەری دەکەن، هێزی نایاسایی و ناڕەوان، هێزگەلێکن بەزۆر خۆیان بەسەر دەڤەرەکەدا سەپاندووە و بەئاشکرا ستەم لە خەڵکی شنگال دەکەن.


ئیدریس زۆزانی، ئاماژە بەوەش دەکات، کە هەنووکە بازرگانیی میلیشیاکانی حەشد و پەکەکە لەگەڵ داعش گەورەتر و فراوانتر بووە، بەتایبەتی کاری بازرگانی و کڕین و فرۆشتن لەنێوان شنگال و ڕۆژئاوای کوردستان، وەکوو تریش ئەم دوو هێزە زیانێکی زۆریان لە خەڵکی شنگال و دەڤەرەکە داوە و دەڵیت: “بە کردەنی حەشد و پەکەکە هەڕەشەن بۆ سەر ژیان و چارەنووسی خەڵکی ئەو ناوچەیە، بەتایبەتی لە ڕووی سیاسییەوە. بۆ نموونە، تا ئێستا نزیکەی 850 منداڵ و مێرمنداڵی ئێزدی، کە تەمەنیان لەخوار 18 ساڵییەوەیە، لەلایەن ئەو گرووپانە ڕفێندراون و ڕەوانەی قەندیل و سووریا کراون و لەوێ لە سەربازگەکاندا و بە مەبەستی شووشتنەوەی مێشکیان و بەچەکدارکردنیان، خراونەتة ناو پەروەردەی چڕ و مەشق و ڕاهێنانەوە، ئامانجیش لەوەیە، کە دواجار ئەو منداڵ و هەرزەکارانە بکەنە ئامرازی توندوتیژی و کوشتن و لە شەڕەکاندا بەکاریان دەهێنن”. 


زۆزانی ئاشکرای دەکات، کە پەکەکە بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، دەستیان بەسەر بازرگانیی ناوچەکەدا گرتووە، هەر بەوەشەوە نەوەستاون، بەڵکوو دەستیان بەسەر کەلوپەلی بیناسازی و کەرەستە و ئامێری کشتوکاڵیی خەڵکی شنگالدا گرتووە، هەروەها بەزۆر وەک باج و سەرانە، پارە لە خەڵک دەستێنن، ئەمەش هاووڵاتییانی شنگال و دەڤەرەکەی بێزار کردووە، ئەوانەی بە هەر هۆیەکەوە بێت و بەناچاری کەمپەکانی ئاوارەیان جێ هێشتووە و گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و گوتی: ”حەشد و پەکەکە، کە حوکمڕانیی شنگال و ناوچەکە دەکەن، دوو هێزی نایاسایی خۆسەپێنن، ملکەچی هیچ یاسا و دەستوورێک نین، بەهۆی ئەو بەڕێوەبردنە هەڵە و سەقەتەی هەیانە، هەروەها بەهۆی بەدڕەفتارییان بەرامبەر خەڵکەکە، بوونەتە سەرچاوەی تێکچوونی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و نەمانی دڵنیایی و سەقامگیری.“.


ئەم بەرپرسەی پارتی لە سنووری شنگال، ڕوونیشی دەکاتەوە، کە بەهۆی هاوبەرژەوەندی و کاری بازرگانییان بەیەکەوە، حەشد و پەکەکە لە پیلانی شێواندن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەش هاوکار و هەماهەنگن. دەشڵێت: ”لەسایەی ئەم دۆخە ناجۆرەدا، تا ئێستاش زیاتر لە 85%ی خەڵکی شنگال و دەوروبەری لەناو کەمپەکانی ئاوارەیی لە سنووری پارێزگای دهۆکدا دەژین. خەڵک ئەم ژیانی چەرمەسەرییەی زۆر لە گەڕانەوە بۆ ژێر سایەی میلیشیاکانی حەشد و گرووپەکانی پەکەکە بەلاوە باشترە، چونکە هەر نا لەناو کەمپەکاندا لە پاراستنی سەر و ژیانیان دڵنیان و هەست بە سەقامگیری و بوونی ئاسایش و ئارامی دەکەن“.


باس لەوەش دەکات، کە نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ خۆی ئاماژەیە بۆ ئەو ڕاستییەی کە خەڵکەکە ئەو ئیدارە نایاسایی و ناڕەوا و خۆسەپێنە ڕەت دەکەنەوە، چونکە ئەوان پێشتر لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا، بە ویست و ئیرادەی خۆیان، قایمقام و نوێنەرە ڕاستەقینەکانی خۆیانیان هەڵبژاردووە و ئیدارەیەکی یاساییان هەبووە، کە ئێستا ڕێ لە گەڕانەوەی دەگیرێت. بۆیە تا گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی و بەتایبەتی، هەتا هێزی پێشمەرگەی کوردستان نەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، خەڵکەکەی ئامادە نین ڕیسک بە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان بکەن.