ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حەشدی شەعبی سەرهەڵدەدەنەوە

لەسەر دانانی هادی عامری لە شوێنی ئەبوومەهدی موهەندس رێک نەکەوتن

24/01/2020 - 22:51 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دوای کوژرانی ئەبوومەهدی موهەندس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ناکۆکییەکانی ناوخۆی حەشدی شەعبی سەریان هەڵداوەتەوە و ژمارەیەک گرووپیان ئامادە نین بە هیچ شێوەیەک لەژێر فەرمانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق یان هادی عامریدا بن.


هەر لەدوای كوژرانی (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی سوپای قودسی ئێران‌ و ئەبوومەهدی موهەندس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کۆ بوونەوە و رەزامەندییان لەسەر ئەوە دا، کە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و رێکخراوی بەدر، شوێنی ئەبوومەهدی موهەندس دەگرێتەوە.


پەیامیشیان ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق عادل عەبدولمەهدی كرد، ڕێكارە یاساییەكان بۆ دانانی (عامری) ئەنجام بدات، بەڵام بەپێی سەچاوەکانی زانیاری، دواتر لەسەر دانانی عامری بۆ شوێنگرەوەی موهەندس، ناکۆکی کەوتووەتە ناو فەرماندەکانی حەشدی شەعبی و لە ناوخۆیدا ڕووبەڕووی ناكۆكی و ململانێی گرووپ و باڵەکان و دووبارە سەرهەڵدانەوەی کێشەکانی رابردوو بووەتەوە، بەتایبەتیش پابەندنەبوونی ئەو گرووپانەی ئامادە نین کار و جووڵەکانیان بخەنە ژێر فەرمانی حکوومەتی عێراقەوە.


حكوومەتی عێراق لە مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، بەپێی یاسایەكی تایبەت كاری گرووپەكانی حەشدی ڕێك خست، بە شێوەیەک کە یاساکە ڕێگە نادات ئەو گرووپە چەكدارانە ناوە كۆنەكانیان بەكار بهێنن‌، بەڵکوو دەبێت پابەند بن بەو دابەشكارییە نوێیەی كە لە چوارچێوەی لیوا و فەوجی سەربازیدا بۆیان ڕێكخراوە، بەڵام لەگەڵ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبوومەهدی موهەندس، ژمارەیەک لەو گرووپانەی حەشدی شەعبی بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ رای حکوومەت، بەیاننامە بەناوی گرووپەکانیان دەردەکەن و هەڕەشە دەکەن لەوەی کە هێزەکانی ئەمەریکا بە شەڕ لەسەر خاکی عێراق دوور دەخەنەوە.


لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) رای گەیاندووە، گرووپە چەكدارەكانی (حزبوڵا‌ و نوجەبا و عەسائیب ‌و بەدر و بودەلا و ئیمام عەلی‌ و سەیدلشوهەدا و خۆراسانی)، پێیان وایە بڕیارەكانی حكوومەتی عێراق ئەوان ناگرێتەوە، بۆیە‌ و وەكوو گرووپی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكانی عێراقدا دەكەن، نەك لەژێر باڵی حەشدی شەعبی، وەكوو دامەزراوەیەكی سەر بە حکوومەت.


بەڵام، ماڵپەڕى (میدڵ ئێست ئاى) بەریتانى ئاشکرای کردووە، ئێران حەسەن نەسڕوڵاى ڕاسپاردووە بۆ سەرپەرشتیکردنى کاروبارەکانى میلیشیا چەکدارەکانى لە عێراقدا و یەکلاکردنەوەى ڕێوشوێنى شوێنەکەى ئەبوومەهدى موهەندس بۆ عامرى، بە مەبەستی کۆکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنى حەشدى شەعبى.


رۆژنامەکە ئاماژە بەوەش داوە، کە ئەمیندارى حزبوڵاى لوبنان، بە نهێنی چەند کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانى عێراق کردووە، دەربارەى دانانى هادى عامرى لە شوێنى ئەبوومەهدى موهەندس و سەرپەرشتیکردنى حەشدى شەعبى.


میدیا بەریتانییەکە باسى لەوەش کردووە، گرووپە میلیشیاکان ڕازى بوون گرفتەکانیان بخەنە لاوە و بە فەرماندەیى عامرى بۆ سەرپەرشتیکردنى حەشدى شەعبى ئامادەییان دەربڕیوە، هەروەها پلانەکەى نەسروڵا بۆ کۆتاییهێنان بە گرژیى نێوان لایەنە سیاسییە شیعەکان و یەکخستنیان لە دژى ئەمەریکا پێ باش بووە.


بەڵام، هیشام هاشمی، شارەزای بواری ئەمنی لە عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عێراقییەکان رای گەیاندووە، کە لێدوانی سەركردەكانی حەشدی شەعبی ‌و قسەكان‌ و هەڕەشەكانیان بە بەرەنگاربوونەوەی چەكداری بۆ دەركردنی سوپای ئەمەریكا، ئاماژەن بە دابەشبوون لەنێو سەركردەكان‌ و گرووپە چەكدارەكانی.


رۆژی پێنجشەممەی رابردووش، مەحموود روبەیعی، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی عەسایب ئەهلی حەق رای گەیاند، ئەمەریکا لە رووبەڕووبوونەوەی حەشدی شەعبی دەترسێ.


مەحموود روبەیعی گوتیشی، هێزەکەکەی و هەموو هێزەکانی دیکەی حەشدی شەعبی ئامادەکارییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمەریکییەکان کردووە و ئەگەر ئەمەریکییەکان لە عێراق دەرنەچن، ئەوا شەڕیان لەگەڵ رادەگەیەنن.


لای خۆیەوە، ناسڕ یوسف هەرکی، پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق بۆ (باس) روونی کردەوە، کە دانانی عامری لە شوێنی ئەبوومەهدی موهەندس، پێویستی بە بڕیاری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق هەیە، کە سەرۆک وەزیرانی عێراقە، گوتیشی: “ئەوەی ئاگادار بین تاوەکوو ئێستا بڕیاری وا نەدراوە و گرووپەکانی حەشدی شەعبی هەر بە ڕووکەشی و بۆ وەرگرتنی مووچە خۆیان خستووەتە ژێر فەرماندەیی حکوومەتی عێراق، بەڵام لەڕاستیدا ئەوانە گرووپی جیاواز و سەربەخۆ و چوارچێوەی کارکردنی خۆیان و چەکداری تایبەت بە خۆیان هەیە”.


ئەو پەرلەمانتارەی کورد لە بەغدا راشی گەیاند، هەندێ لەو گرووپانە تەنانەت لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیشدا رێک نەخراون بڕیارەکانی حەشد جێبەجێ ناکەن.