حکوومەت بەدواداچوون بۆ وەڵامدانەوەی سکاڵای هاووڵاتییان دەکات

ئەنجوومەنی وەزیران: دامودەزگاکان دەبێ وەڵامی داواکاری و سکاڵا و مامەڵەی هاووڵاتییان بدەنەوە

21/01/2020 - 16:54 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بۆ ئەوەی سکاڵا و داواکاریی هاووڵاتییان و کێشە و کەموکوڕییەکانیان لە فەرمانگەکانی حکوومەت باشتر وەربگیرێت و ئەنجامی یەکلاکەرەوەی هەبێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێکارێک دەگرێتە بەر.


بەپێی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، کە لە 6ی 1ی 2020 دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە، کە چەند رێکارێک بۆ بەدواداچوونی وەڵامدانەوەی سکاڵای هاووڵاتییان دەگرنە بەر.


ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە یەکێک لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەدا هاتووە: "وەڵامدانەوەی داواکاری و سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتییان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان، کە ئەرکی دامودەزگاکانی حکوومەتە، وەڵامی روون و ئاشکرایان هەبێ بۆ داواکاری و سکاڵا و مامەڵەی هاووڵاتییان و هۆکاری هەر دواکەوتنێک، یان رەزامەندیدانێک روون و ئاشکرا بێت و پێویستە رێز لە هاووڵاتییان بگیرێت، هاووڵاتییش لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا بێتە چەقی خزمەتگوزارییە گشتییەکان".


فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی سەرخستنی ئەو بڕیارە، داوای لە وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە، چەند زانیارییەکیان پێ بدەن، لەوانە رێکاری چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان، هەروەها داوای کردووە هەر پێشنیار و تێبینییەکیان بۆ باشترکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە هەیە، لەگەڵ دەستیشانکردنی ئاستەنگ و گیروگرفتەکان بۆیان رەوانە بکەن.


ئەنجوومەنی وەزیران داواشی کردووە، هەر داتا و ئامارێکیان لەسەر وەڵامدانەوەی سکاڵای هاووڵاتییان هەیە، بۆیان بنێرن.


عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، بەشێک لە پلانی چاکسازیی کابینەی حکوومەت، بینینی خەڵک و سکاڵای هاووڵاتییانە، گوتی: "لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان، تا کاروباری هاووڵاتییان رێک بخرێت و ئاسانکاری بکرێت، سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتییان وەڵام دەدرێتەوە و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت".


روونیشی کردەوە: "بەهۆی سکاڵاکانەوە، زۆر جار هەندێک کەموکوڕیی بیرۆکراسی لەناو دامەزراوەکانی حکوومەت دەستنیشان دەکەین، بۆیە داوامان لە وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت کردووە، ئەو بڕیارەی حکوومەت سەربخەن و تێبینی و سەرنجی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت".


ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، ئەو جۆرە پێوەندییەی نێوان حکوومەت و هاووڵاتییان بۆ ئەوەیە، کەموکوڕییەکانی خۆیان دەستنیشان بکەن، کە یارمەتیدەریشە بۆ روونکردنەوەی ناوەڕۆکی رێنوێنی و یاسا و سیستمی کارکردن.