ئەو رووداوە سیاسییانەی لە 2020 بەرۆكی توركیا بەرنادەن

ئەركی ئەردۆغان قورس بووە، چونكە بەرامبەر 2 ئۆپۆزسیۆنی گەورە شەڕ دەكات

20/01/2020 - 22:57 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

توركیا لە 2019دا بە چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووریدا تێپەڕی، لە لایەك هاووڵاتییانی توركیا بە دەست كەمیی مووچە و گرانیی نرخ دەیانناڵاند، لە لایەكی ترەوە، دەزگای سەربازیی توركیا هێرشی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەست پێكرد و وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا و عەرەبی بەهۆی ئەو هێرشەوە سەركۆنەی توركیایان كرد. ئەوەی توركیای نیگەران كرد، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بوون، كاتێك داوایان لێ كرد دەستبەرداری كڕینی مووشەكی بەرگریی S400 ببێت، كە لە رووسیای كڕیوە، هەڕەشەیان كرد ئەگەر لە كڕینی پەشیمان نەبێتەوە لە ناتۆ دەری دەكەن. هەموو ئەو قەیرانانە و چەند كێشەیەكی تر وەكوو خۆیان ماونەتەوە و لە 2020 بەرۆكی توركیا بەرنادەن و رەجەب تەییب ئەردۆغان ئەركی قورستر بووە.

رێككەوتن لەگەڵ لیبیا
حكوومەتی لیبیا و توركیا رێك كەوتن لەسەر ئەوەی توركیا بۆ پاراستنی حكوومەت لە دژی خەلیفە حەفتەر هێز بنێرێتە لیبیا. ئەگەرچی پڕۆژەیاسای ناردنی هێز بۆ لیبیا لە پەرلەمانی توركیا بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕی، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا بە توندی دژی ئەو هەوڵەی حكوومەتە و هەروەها میسڕ و ئیتاڵیا و سعوودیە و ئەمەریكا و ئەڵمانیا و فەڕەنساش دژی ئەو هەوڵەی ئەردۆغانن.


چەند شڕۆڤەكارێكی توركیا پێیان وایە، ئەردۆغان دەیەوێت سیناریۆی ڤلادمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا لە سووریا دووبارە بكاتەوە، بەوەی لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەكی سیاسی لە سووریا خۆی ببێتە حاكمی یەكەم، بەڵام رەنگە ئەوەی بە پوتین دەكرێت بە ئەردۆغان نەكرێت.


ناردنی هێز بۆ لیبیا، توركیای خستووەتە ناو ململانێ و كێشەیەكی قووڵ لەگەڵ زیاتر لە وڵاتێک، بۆیە رەنگە ئەو وڵاتانەی دژی ناردنی هێزی توركیان بۆ لیبیا، شكست بەو هەوڵەی توركیا بهێنن و بەمەش ئەردۆغان زیانمەندی یەكەمە.

كڕینی مووشەكی بەرگریی S400 لە رووسیا
ئەگەرچی توركیا لە مانگی نیسان، تەواوی ئەو مووشەكە لە رووسیا وەردەگرێت و ئیدی لە وڵاتەكەی بەكاری دەهێنێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و ئەمەریكا دژی ئەو هەوڵەی توركیان و داوای لێ دەكەن پەشیمان ببێتەوە، بەپێچەوانەوە، سزای بەسەردا دەسەپێنن.


پەنتاگۆن لە بودجەی 2020دا سزای بەسەر توركیادا سەپاندووە، سزایەكەش رادەست نەكردنی فڕۆكەی جەنگیی F35ە بە توركیا، چونكە بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی لەنێوانیاندا كراوە، پێویستە ئەمەریكا 100 فڕۆكەی جەنگی رادەستی توركیا بكات، پێشەكیش توركیا یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری رادەستی ئەمەریكا كردووە.


پنتاگۆن داوای لە توركیا كردووە، دەستبەرداری مووشەکی بەرگریی S400 بێت، لەبەرامبەردا ئەمەریكا ئەو فڕۆكەیەی رادەست دەكات، بەپێچەوانەوە، چاوی بەو فڕۆكە جەنگییە ناكەوێت. بۆیە ئەگەر زۆرە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، ناكۆكیی توركیا و ئەمەریكا روو بدات و دوور نییە ئەمەریكا سزای ئابووریی توند بەسەر توركیادا بسەپێنێت.

قەیرانی دارایی تۆختر دەبێتەوە
توركیا ماوەی 3 ساڵ دەبێت دووچاری قەیرانێكی دارایی سەخت بووەتەوە، بە جۆرێك بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار 50٪ دابەزیوە، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ئابووریی هاووڵاتییانی توركیا دروست كردووە.


ئەگەرچی هاووڵاتییانی توركیا چاوەڕێ بوون لە 2020 بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بەرز ببێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە، لە یەكەم هەفتەی 2020دا بەهای لیرەی توركی 3٪ بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و نرخی هەموو شتێكیش لە توركیا بەرز بووەوە.


ئەگەر بێت و ئەمەریكا سزای ئابووری بەسەر توركیادا بسەپێنێت، ئەوكات قەیران سەختتر دەبێت و وەكوو ئەوەی چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن، 10 دۆلار دەگاتە 700 لیرەی توركی، بۆیە لە 2020دا، لە ڕووی ئابوورییەوە توركیا دووچاری زەحمەتییەكی زۆر دەبێت و حكوومەت هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەریشی پێ نییە بۆ باشتركردنی رەوشی ئابووری لە توركیا.

دروستكردنی دوو پارتی تازە
ئەحمەد داودئۆغلو، كە سەركردەیەكی دیاری ئاكەپە و سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا بوو، دەستی لە ئاكەپە كێشایەوە و پارتێكی تازەی بە ناوی پارتی (ئاییندە) دامەزراند. عەلی باباجانیش بە هەمان شێوە، جێگری سەرۆك وەزیران بوو لەسەر لیستی ئاكەپە و دەستی لەو پارتە كێشایەوە و بەنیازە لە ماوەی داهاتوودا پارتێكی تازە دابمەزرێنێت، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر دەنگی ئاكەپەدا دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.


بەگوێرەی راپرسیی دەزگاكانی راپرسی لە توركیا، ئەو 2 پارتە تازەیە لە هەناوی ئاكەپە لەدایك بوون، زۆربەی لایەنگرانی ئەو 2 پارتەش سەر بە ئاكەپەن و دەنگەكانیشیان 15 بۆ 20٪ دەبێت.


ئەگەر بێتو توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی، رێژەی دەنگەكانی ئاكەپە بۆ 30٪ كەم دەبێتەوە و ئەردۆغانیش ناتوانێت لە گەڕی یەكەمدا 50+1 بەدەست بهێنێت، ئەمەش وا دەكات كورسیی سەرۆكایەتیی ئەردۆغان لە مەترسیدا بێت.


ئۆپۆزسیۆنی توركیا (جەهەپە و پارتی باش و هەدەپە)، بەنیازن لەگەڵ دوو پارتە تازە دروستبووەكەی توركیا هاوپەیمانییەك دروست بكەن، تا بە هەموویانەوە بتوانن یەك كاندیدیان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، دەنگی هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش لە دەنگی ئەردۆغان زیاتر دەبێت، وەكوو ئەوەی شڕۆڤەكاران ئاماژەی بۆ دەكەن، بەمەش ئەردۆغان لە كورسیی سەرۆكایەتی دەهێننە خوارەوە. بۆیە 2020 بۆ ئەردۆغان و ئاكەپە و گەلی توركیا ساڵێكی پڕ كێشە و ململانێ و رووداوی نەخوازراو دەبێت.