ئەو خانمە كوردەی لە تەقینەوەیەكدا قاچەکانی لەدەست دا لە كار دەرکرا

شارەوانیی ئامەد لە كارەكەی دووری خستەوە

18/01/2020 - 16:20 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە تەقینەوەیەكدا لە 5ی 6ی 2015، كە گرووپێکیی تیرۆریستانی داعش لە میتینگێكی هەدەپە لە ئامەد ئەنجامی دا، لیسا چاڵان، لایەنگری هەدەپە و بەشداربووی ئەو میتینگە هەردوو قاچی لەدەست دا، ئەوكات قوتابیی بەشی سینەما بوو لە زانكۆ. لیسا لە 2016 لە بەڕێوەبەرایەتیی سۆسیال و كولتووری ئامەد، كە سەر بە شارەوانیی ئامەدە، بە گرێبەست دەستبەكار بوو، بەڵام چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، بە نامەیەك پێیان گوتووە لە كار دەركراویت.


بەرپرسێكی ناو سەرۆكایەتیی شارەوانیی ئامەد، كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات، قسەی بۆ (BBC)ی توركی كردووە و دەڵێت، لەناو شارەوانیدا گوتوویانە ئەو قاچی نییە و هیچ سوودێكی نابێت، بۆیە گرێبەستەكەی هەڵبوەشێننەوە.


لیساش قسەی بۆ هەمان ماڵپەڕ كردووە و پشتڕاستی كردووەتەوە، كە لە كار دەركراوە، بەڵام تەنیا لە رێگای نامەیەكەوە ئاگادار كراوەتەوە، كە ئیتر نابێت بچێتەوە سەر كار.


دوو رۆژ بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە 2015، داعش تەقینەوەیەكی خۆكوژیی لەناو میتینگێكی هەدەپە ئەنجام دا، بەهۆیەوە 4 كەس گیانیان لەدەست دا و 400ی تریش بریندار بوون، لیسا یەكێك بوو لەو كەسانەی كە هەردوو قاچی لەدەست دا.


ئەو لە لایەن حكوومەتەوە هیچ هاوكارییەك نەكراوە، تەنانەت دوای لەدەستدانی قاچەكانیشی، چارەسەرییەکەی لە رێگەی كەمپینێكەوە بووە، كە هەدەپە بۆی ئەنجام داوە.


شارەوانیی ئامەد بە درۆی دەخاتەوە، كە بە هۆی ئەوەی لیسا ناتوانێت كار بكات گرێبەستەكەی هەڵوەشاوەتەوە، بەڵكوو ماوەی 45 رۆژ دەبێت نەهاتووەتە سەر كار، بۆیە دووچاری ئەو سزایە بووەتەوە، شارەوانی دەڵێت، دۆسێكەی لە لێكۆڵینەوەیە و دەرنەكراوە، بەڵام لیسا ئەو نامەیە ئاشكرا دەكات، كە لە رێگەی پۆستەوە بۆی هاتووە، كە گرێبەستەكەی لەگەڵ چوار هاوڕێی تری هەڵوەشاوەتەوە.


تا سەرۆكی شارەوانیی ئامەد لە دەست هەدەپەدا بوو، لیسا هیچ گرفتێكی نەبووە، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆكی شارەوانیی ئامەد قەیووم كرا، ئیدی سەرۆكی شارەوانیی سەپێنراو هەڵمەتی لادانی لایەنگرانی هەدەپەی لە شارەوانی دەست پێ كردووە، كە لیساشی لەگەڵدایە.
لیسا لە لێدوانێكیدا بۆ (BBC) لەبارەی نەچوونی بۆ دەوام دەڵێت: ”لە 2016 بە گرێبەست دامەزراوم، من كەسێك نیم نەچم بۆ كار، بەڵام چەندین ساڵە پێویستیم بە وەرگرتنی چارەسەرە لە ئوسترالیا و ئەڵمانیا، چەندین نەشتەرگەریم كردوونە و سەركەوتوو نەبوونە، برینەكانم هەرگیز چاك نابنەوە و ئازارم دەدەن، بۆیە پزیشك پێی گوتووم تا باش دەبم نەچمە سەر كار“.


باس لەوەش دەكات، ئەو دەنگۆیانە درۆن، كە دەڵێن بە هۆی قەیوومكردنی شارەوانیی هەدەپەوە ناچێتە سەر كار، بەڵكوو لەوكاتەی سەرۆكی شارەوانیی ئامەد هەدەپەش بوو هەر نەدەچووە سەر كار، چونكە پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر بووە.
ئەو چەندین جار لە دادگای باڵای توركیا داوای قەرەبووی لە وەزارەتی ناوەخۆی توركیا كردووە، تا قەرەبووی بكەنەوە، چونكە بە هۆی كەمتەرخەمیی ئەوانەوە بووە داعش تەقینەوەی لە میتینگێكی هەدەپەدا ئەنجام داوە و ئەویش قاچەكانی لەدەست داوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە و دۆسێكەی فەرامۆش كراوە.