پڕۆسەی پشکنین و تۆمارکردنی دەرمان لە کوردستان پێش دەخرێت

مانگانە 1500 جۆری دەرمان پکشنینیان بۆ دەکرێت

15/01/2020 - 20:37 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، تا دوای ساڵی 2006، زۆربەی دەرمان و بازاڕەکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی قاچاخەوە، بەبێ تۆمارکردن، رێگەپێدان، پشکنین و چاودێری دەهێندران و دابەش دەکران، تەنانەت تا کۆتایی ساڵی 2012 هەرێمی کوردستان توانای پشکنینی دەرمان و تۆمارکردنی نەبوو، بەڵام ئێستا مانگانە 1500 جۆری دەرمان دەپشکنرێن و بە هەزاران جۆری دەرمانیش نرخیان بۆ دیاری دەکرێت.


لە دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، تاقیگەکانی دامەزراوەکە لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە پێشکەوتنی بەرچاویان لە ژمارەی ئامێرەکان و سەرچاوەی مرۆییەوە بەخۆوە بینیوە، ئێستا توانای پشکنینی مانگانەی 1000 تاوەکوو 1500 باجی جیاوازی دەرمانیان هەیە، پشکنینەکانی تاقیگەکانی بایۆلۆجی و کیمیایی دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی کوردستان لە سەرانسەری عێراقدا باوەڕپێکراون.


پێش چەند ساڵێک هیچ هەوڵێکی تیۆری و پڕاکتیکی لە کوردستان بۆ بە زانستیی تۆمارکردنی دەرمان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی دەرمان نەبوو، لەکاتێکدا بەغدا دەیان ساڵە کار بەو پڕۆسە زانستییه گرنگە دەکات، ئامانجی تۆمارکردن بەرزکردنەوەی کوالێتی و سەلامەتی و کاریگەریی دەرمانەکانە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، لەو چەند ساڵەی دواییدا پڕۆسەی تۆمارکردنی دەرمان لەسەر بنچینەی زانستی، لەژێر کۆنتڕۆڵێکی ئیداریی بەهێزدا پشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، کە ئێستا نزیکەی دوو هەزار دەرمان بەشێوەی زانستی لەسەر ستانداردی بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و جیهان، تۆمار کراون.


د.گۆران ڕۆژبەیانی، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی بە (باس)ی راگەیاند، 70%ی ئەو دەرمانانەی بۆ عێراق دێت، بە کوردستاندا تێدەپەڕێت، زۆربەی کۆمپانیاکانی دەرمانیش لە کوردستان کار دەکەن، گوتیشی: "ئێستا توانای کۆنترۆڵی دەرمانی کوردستان بەرز بووەتەوە، مانگانە پشکنین بۆ هەزار و 500 جۆری دەرمان دەکەین، پێشووتر مانگانە 500 بۆ 600 جۆر پشکنین دەکرا".


روونیشی کردەوە، ئێستا هەوڵ دەدەن پشکنینی دەرمان بۆ سەرووی دوو هەزار جۆر بەرز بکەنەوە، گوتیشی: "نووسراومان بۆ وەزارەتی تەندروستی کردووە، بۆ ئەوەی تواناکانمان زیاتر بکرێت و تاقیگەکانمان گەورەتر بکرێن و ئامێری پێشکەوتووترمان بۆ بهێندرێت، بۆ ئەوەی پشکنینی دەرمان بۆ زیاتر لە دوو هەزار جۆر بەرز بکەینەوە".


رۆژبەیانی جەختی کردەوە، کە ئەو کابینەیە هەماهەنگە بۆ ئەوەی کەرتی چاودێری و کۆنترۆڵی دەرمان بەرەو پێش ببردرێت، گوتیشی: "دوای ئەوەی پشکنینی ئێمە لە هەموو بەغدا دانی پێدا نرا، ئێستا لۆدێکی زۆر کەوتووەتە سەرمان، ئەمەش وای کردووە، دەرمانێکی زۆرمان بۆ بێت، بۆیە پێویستمان بە تاقیگەی گەورەترە".


لە بابەتی نرخ دانان بۆ دەرمان، پڕۆسەکە چووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، زیاتر لە 8 هەزار بەرهەمی دەرمانسازی لەسەر ستانداری جیهانی و وڵاتانی دراوسێ، پڕۆسەی نرخ دانانیان تەواو بووە.


بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی دەرمان دووپاتی کردەوە، پڕۆسەی نرخدانان لەسەر دەرمان دووبارە دەکرێتەوە، گوتیشی: "ئەو کۆمپانیایانەی نرخیان بۆ داندراوە، دووبارە نرخیان بۆ دادەنرێتەوە، بۆ ئەوەی لێیان دڵنیابینەوە نرخەکان گونجاون، لە هەر شوێنێک نرخ گران بێت، بەدواداچوونی بۆ دەکەین و کار لەسەر سکاڵاکان دەکەین".


دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان بە زەخیرەکردنی داتاکان لە ڕێی سیستم و داتابەیسی ئەلیکتڕۆنی، توێژینەوەی زانستی لە تاقیگەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان، لیژنەی باڵای زانستی، پۆلێنکردنی بەرهەمە دەرمانسازییەکان، ئەپلیکەیشن و داتابەیسی دەرمان بە کوردی بۆ هاونیشتمانییان لەژێر ئیدارەدانێکی چڕدایە و دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە ئاستێکی بەرزی زانستیدایە.


رۆژبەیانی ئەوەی خستە ڕوو، دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان وەک یەکەمین دامەزراوەی حکوومی لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، سیستمی ئەلیکتڕۆنی مامەڵەکانی کردووە: "لە ڕێی ئەو سیستمە ئەلیکتڕۆنییە ئیدارییە پڕۆفیشناڵەوە، سەرجەم مامەڵەکانی دامەزراوەکە و کۆمپانیاکان بە ریزبەندی و بەخێرایی رایی دەکرێن، ئەو سیستمە ئەلیکتڕۆنییە، ئیدارەدانی کارمەندان رێکخراوتر و مامەڵەکانیش خێراتر و وردتر و رۆتینیاتیش کەمتر دەکاتەوە”.


زیاتر لە 210 کۆمپانیای بواری دەرمان لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێ دراوە، بۆیە دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان چاودێرییەکی چڕی لەسەر کۆمپانیاکان، کۆگا و دەرمانخانەکان و شوێنی نایاسایی دەرمانفرۆشی داناوە، بەمەبەستی پاککردنەوەی بازاڕ لە دەرمانی خراپ، ساختە، قاچاخ و بەسەرچوو،


لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەیان تەن دەرمانی ساختە و قاچاخ و خراپ دەستیان بەسەردا گیراوە، سەدان دەرمانخانە، کۆگا، کۆمپانیا و شوێنی نایاسایی دەرمانفرۆشی داخراون و سزا دراون، ئێستا بازاڕەکانی دەرمان لە کوردستان بەراورد بە پێشوو باشتر و کوالێتیی دەرمانەکانی بەرزترە.


گۆران رۆژبەیانی دووپاتی دەکاتەوە، هەموو چالاکییەکانی دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە ماوەی رابردوو و ئێستا، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایش و پۆلیس و ئیدارەی شارەکان بووە.


ئەو گوتیشی: "ئەو کۆمپانیایانەی دەرمان هاوردە دەکەن، بە چەند قۆناغ و فلتەرێک تێدەپەڕن، بۆ نموونە سەیری کوالێتیی دەرمانەکان دەکەین، پەڕاوی دەرمانەکان سەیر دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین لە وڵاتی بەرهەمهێنەر لە پشکنین دەرچووە یاخود دەرنەچووە، دوای دڵنیابوون، ئەوا دەرمانەکە دووبارە پشکنینی بۆ دەکرێتەوە".


د. ئەمیر چەلەبی، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا هەوڵی رژد هەیە بۆ ئەوەی پرسی دەرمان و کۆنترۆڵی دەرمان بە دامەزراوەیی بکرێ، گوتی: "ئێستا حکوومەت دەستی کردووە بە پلانی دامەزراندنی دامەزراوەی دەرمان و خۆراک، ئەو کارە بکرێت هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت و کارەکانی کۆنترۆڵی دەرمان باشتر دەبن".


لە فڕۆکەخانە و دەروازەکان لیژنەی تایبەت بۆ پشکنین دانراون و هەموو دەرمانێک ستیکەری لێ دەدرێت.


گۆران ڕۆژبەیانی جەختی کردەوە، ستیکەری دەرمان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کوالێتیی دەرمان لەسەر ڕووی پاکەتی ھەموو دەرمانێکی پشکێنراو دەدەن و ساخته ناکرێت، گوتیشی: "دڵنیایی دەدەین ستیکەری سەر ئەو دەرمانانەی، کە لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان پشکنینیان بۆ دەکرێت، ھەرگیز تەزویر ناکرێت".