وەک هۆتێلەکان نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش ئەستێرەیان پێ دەدرێت

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی: نرخیشیان رێک دەخرێتەوە

15/01/2020 - 20:35 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەپێی دیاریکردنی کۆمەڵێک پێوەری خزمەتگوزاری و کوالێتیی تەندروستی، لەمەودوا نەخۆشخانە ئەهلییەکان ئەستێرەیان پێ دەدرێت، هەر نەخۆشخانەیەکیش لە خوار سێ ئەستێرە بێت، رێگەی کارکردنی پێ نادرێت. بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستيش رای دەگەیەنێت، نرخی سەرجەم نەخۆشخانە ئەهلییەکان یەک دەخرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش هاوشێوەی هۆتێلەکان، ئەستێرە بە نەخۆشخانەکان دەدرێت.


د.ڤیان جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، هاوشێوەی هۆتێلەکان، لەمەودوا ئەستێرە بە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش دەدرێت، گوتی: "نەخۆشخانە هەیە بە پارەیەکی کەم دروست کراوە، بۆیە ئەستێرەی کەمتری پێ دەدرێت، نرخی مانەوەی نەخۆش و نەشتەرگەرییەکانیش کەمتر دەبێت، نەخۆشخانەش هەیە زۆر گەورەیە و خزمەتگوزاریی زۆری تێدایە، بۆیە نرخی ئەوان جیاوازتر دەبێت".


جەختیشی کردەوە، لیژنە تایبەتەکانی وەزارەتی تەندروستی، هاوشێوەی گرووپی هوتێلەوانی، ئەستێرە بە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەدات، دەشڵێت: "ئەستێرەپێدان لەسەر کۆمەڵێک پێوەر دەبێت، بۆ نموونە ژمارەی ژوورەکان، جۆری ئامێرەکان، خزمەتگوزارییەکان، خزمەتگوزاریی بەردەوام، ژمارەی پزیشک و پەرستاران، کۆمەڵێک پێوەری تر".

 

لە هۆتێلەکان سیستەمی پێدانی ئەستێرە، لە يەك ئەستێرە دەست پێدەکات، تا پێنج ئەستێرە.


بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی نەیشاردەوە، بڕیار دراوە کەوا هەر نەخۆشخانەیەک لە خوار 3 ئەستێرە بێت، نابێ بمێنێت، گوتیشی: "ئەوەی کاری لەسەر کراوە، زەحمەتە بهێڵدرێت نەخۆشخانەی کەمتر لە سێ ئەستێرە کار بکات، ئێستا ژمارەی ئەستێرەکان دەدرێت بە نەخۆشخانەکان و کارەکە لە دوا قۆناغدایە".


لەبارەی ئەوەی نەخۆشخانەیەک ئەستێرەی زۆرتری هەبێت، دەکرێت نرخ لەسەر خەڵک بەرز بکاتەوە، ئەو گوتی: "هیچ نەخۆشخانەیەک لەبەرئەوەی ئەستێرەی زیاترە، بۆی نییە پارەی زیاتر لە نەخۆش وەربگرن، بەڵکوو بەپێی ئەو نرخەی دیاری دەکرێت، بۆیان دەبێت پارە وەربگرن".


زیاتر لە 45 نەخۆشخانەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان هەیە و کار دەکەن.


بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی راشی گەیاند، ئێستا بۆ خزمەتگوزاریی تەندروستی پشتیان بە وەبەرهێنان بەستووە: "نزیکەی 100 پڕۆژەی بواری تەندروستی هەیە، بۆ هەندێکیان رەزامەندیی سەرەتاییمان داوە و بۆ هەندێکی تریش جارێ لە وەبەرهێناندان، هەندێکی تریش دەستیان بە دروستکردنی بینا کردووە، زۆرترین مواسەفات لە وەبەرهێنەران داوا دەکەین بۆ ئەوەی نەخۆشخانە و پڕۆژە تەندروستییەکان لەگەڵ ستانداردی جیهانی بێنەوە".


دووپاتیشی کردەوە، لە هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان لەنێوان 200 بۆ 300 جۆر نەشتەرگەری دەکرێت، هەوڵ دەدرێت نرخەکان بەپێی جۆری نەشتەرگەرییەکان بێت و رەچاوی گوزەرانیی هاووڵاتییانیش بکرێت.


پەیوەست بە کەموکوڕی لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، ئاماژەی بەوە دا، هەندێک مەوادی نێو ئەو نەخۆشخانانە هەیە، مۆڵەتی کوالێتیی کۆنتڕۆڵی وەزارەتی لەسەر نییە، بۆیە یان لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت، یان دادەخرێن، گوتیشی: "چەند جارێک دەرمانی خراپ و نایاسایی لەو نەخۆشخانانەدا هەبووە، سزاش دراون و داشخراون، هەڵەی تەندروستیش هەبووە و ئیجرائات کراوە و دۆسێش هەبووە دراوە بە دادگا و ئەوەی بەدەر بێت لە رێنماییەکانی وەزارەت، بێ چاوپۆشیکردن رێکاری بەرامبەر گیراوەتە بەر".


ڤیان جاف، ئاشکراشی کرد، ئێستا کار لەسەر رێکخستنەوەی کاروبار و نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەکەن، گوتی: "ئێستا لیژنەیەک پێکهاتووە بۆ دیاریکردنی نرخی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، ئەویش بۆ ئەوەیە لە کوردستان نرخەکان یەک بخرێنەوە".


روونیشی کردەوە، هەر پزیشکێکی حکوومی بۆی هەیە لەدوای کاتژمێر دوو لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەوامی خۆیان و نەشتەرگەری بکەن، بۆیە دەوامی بەیانییان لێ قەدەغە کراوە، گوتی: "پێشووتر نۆرەی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکوومییەکان زۆر دوور و درێژ بوو، چونکە پزیشکەکان پابەندی دەوام نەدەبوون و زۆرتر لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان کاریان دەکرد، ئێستا ئەمە قەدەغە کراوە".


د.شلێر فایەق، سەرۆکی لیژنەی پشکنین و بەدوداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رای گەیاند، بڕیاڕ و ڕاسپاردەکانی ئەوان بۆ خزمەتی گشتیی هاووڵاتییان و تەواوی پزیشکان و دەزگا تەندروستییەکانە، دەشڵێت: "ڕێکخستنەوەی کاروباری نەخۆشخانە ئەهلییەکان بۆ ئەوەیە، پلانی نوێی کارکردن هەبێت، دوای ژمارەیەک کۆبوونەوە، ئێستا ئەمساڵ بەپێی پلانێکی تازە کار لەگەڵ نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەکەین".


روونیشی کردەوە، بنەمای زانستییان بۆ خەڵک داناوە، کە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان ڕەچاو بکرێت و چاودێریی مانگانە هەبێت، لەگەڵ سزادانی هەر هەڵەیەکی پزیشکی، کە لەو نەخۆشخانانەدا بکرێت: "بەلای ئێمەوە کوالێتیی نەخۆشخانەکان و جۆری خزمەتگوزارییەکان و رەچاوکردنی نرخی دیاریکراوی دەرمان و نەشتەرگەرییەکان گرنگن و بەدواداچوونی بۆ دەکەین".


د.ئامانج زەنگەنە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی ئەهلییە و دووپاتی دەکاتەوە، پابەندی بڕیار و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەبن و پشتیوانی لە پێدانی ئەستێرە بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەکەن، گوتی: "بڕیارەکان بە گرنگ دەزانین و پابەند دەبین پێوەیان و جێبەجێیان دەکەین، چونکە بڕیارەکانی لە خزمەتی نەخۆشخانە ئەهلییەکان و هاووڵاتییاندایە".