له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیرکراوەکاندا تیرۆیستانی داعش له‌ هێرشکردنە سەر كورد بەردەوامن

مه‌سرور بارزانی: داعش كۆتایی نه‌هاتووه‌

07/12/2019 - 17:35 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

تیرۆیستانی داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان به‌رده‌وامن له‌ شه‌هیدكردن و برینداركردنی هاووڵاتییانى كورد، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش له‌ په‌یامێكیدا ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، داعش كۆتایی نه‌هاتووه‌ و داوا له‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تیش ده‌كات، له‌ هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان و عێراق بۆ ڕووبه‌ڕووبنه‌وه‌ى داعش به‌رده‌وام بن.


تیرۆریستانى داعش به‌رده‌وامن له‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیان له‌ دژی هاووڵاتییانى كورد، رۆژی هه‌ینیی رابردوو له‌ هێرشێكى داعشدا له‌ سنوورى ناحیه‌ى كوڵه‌جۆ له‌ گه‌رمیان، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی ناحیه‌كه‌ و دوو كارمه‌ندى دیكه‌ى ئاسایش شه‌هید بوون.


دوابەدوای ئەو رووداوە، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ڕای گه‌یاند: "به‌داخه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامى هێرشی تیرۆریستانى داعش بۆ سه‌ر شارۆچكه‌ى كوڵه‌جۆ، به‌ڕێوه‌به‌ر و دوو كارمه‌ندى ئاسایش شه‌هید بوون و چه‌ند كارمه‌ندێكیش بریندار بوون، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكارى شه‌هیده‌كان ده‌كه‌م و هیواردارم خواى مه‌زن به‌ به‌هەشتیان شاد بكات و هیواى زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم“.


مه‌سرور بارزانى، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، ئه‌م هێرشه‌ى داعش پیشانى ده‌دات، كه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ هێشتا به‌ته‌واوى تێك نه‌شكێنراوه‌ و ئێمه‌ش له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ندین جار هۆشدارییمان داوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌ هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌رده‌وام بێت بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى داعش و كاركردن له‌پێناو نه‌هێشتنی ئه‌و هۆكارانه‌ى ده‌بنه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدان و چالاكبوونه‌وه‌ى رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان.


هاوینی رابردووش هه‌ر له‌ سنوورى ناحیه‌ى كوڵه‌جۆ له‌ گه‌رمیان، داعش هێرشی كرد و چه‌ند كارمه‌ندێكى دیكه‌ى ئاسایش شه‌هید بوون، هه‌روه‌ها داعش له‌ ناوچه‌كانى ده‌وربه‌رى كفریدا هه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى تر، به‌تایبه‌ت له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك، كه‌ داعش زۆر ناوچه‌ باڵاده‌سته‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، فه‌رهاد كه‌ركووكى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى كه‌ركووك- گه‌رمیانى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئێستا داعش جموجۆڵیان هه‌یه‌ و هاتوچۆی نێوان عێراق و سووریاش ده‌كه‌ن، له‌ عێراقیش ململانێی تائیفی و ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى كه‌ هەن، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ى داعش ته‌شه‌نه‌ بكات، به‌تایبه‌ت له‌ ئەنجامی نه‌بوونى پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌كه‌، هێزه‌ عێراقییه‌كانیش توانایان نییه‌ و ناوچه‌كه‌ش له‌ژێر ده‌ستى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبیدایه‌، حه‌شدیش دڵسۆز نیین و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكیش هه‌ن كه‌سوكاریان له‌ناو داعشدان، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ى حه‌ویجه‌ى سنوورى كه‌ركووك و تاوه‌كوو جه‌به‌ل حه‌مرین و سنوورى خانه‌قینیش، ئه‌مانه‌ وه‌كوو پێویست ئۆپه‌راسیۆنیان له‌ دژ ئه‌نجام نادرێت و هێرش ناكرێته‌ سه‌ریان، ئه‌وان شانه‌ نووستووه‌كانیان چالاكتر ده‌بن و هێرش ناكرێته‌ سه‌ر داعش له‌ ناوچه‌كانى ره‌شاد و عه‌باسییه‌ و ریاز، كه‌ جموجۆڵی داعشی زۆر تێدایه‌، به‌ڵام جاران پێشمه‌رگه‌ له‌و سنووره‌ بوو، من خۆم له‌ناو پێشمه‌رگه‌ بووم و هێرشمان ده‌كرده‌ سه‌ر داعش، به‌ڵام ئێستا گورزى كوشنده‌ له‌وان نادرێت".


گوتیشی، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، رۆژ له‌دواى رۆژ داعش به‌هێزتر ده‌بێت و زیاتر کردەوەی تیرۆریستى ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌یان ڕوونه‌، ئێمه‌ خه‌مى سه‌ره‌كیمان هاوڵاتییانى خۆمانە، كه‌ لێره‌و له‌وێ به‌ ده‌ستى داعش شه‌هید ده‌كرێن، هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كانیش هیچ توانایه‌كیان نییه‌، بۆیه‌ داعش وا چالاك بووه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌دا زاڵن، ئێمە دڵمان زیاتر لای خه‌ڵكى به‌شه‌ره‌فی گشت ناوچه‌ دابڕاوه‌كانه‌ به‌بێ جیاوازى، كه‌ ئێستا ده‌زانین دۆخیان ناله‌باره‌، جارێك به‌بۆنه‌ى ته‌عریب و جارێكى تر هێرشه‌كانى داعش و له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌یان كێشه‌ و گرفتی تر رووبه‌ڕووى كورد بووه‌ته‌وه‌ له‌و ناوچانه‌.


هاوكات، باڵانبۆ محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "سنووره‌كانمان كه‌ له‌گه‌ڵ سنوورى ناوچه‌ عه‌ره‌بنشینه‌كانه‌، پێویسته‌ تۆكمه‌ بكرێن و هه‌میشه‌ ململانێ هه‌بووه‌ و دونیاش ده‌زانێ، كه‌ عه‌ره‌به‌كان هاورده‌ن و ئه‌وان خاكه‌كه‌یان داگیر كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ جێ بە كورد له‌و ناوچانه‌ له‌ق بكه‌ن و خاكه‌كه‌ بۆ ئه‌وان بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ سنووره‌كان باش كۆنترۆڵ بكرێن و ده‌كرێ هێزه‌كان، كه‌ زیاتر له‌ناو شاره‌كاندان، ببرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان، دوژمنیش له‌ده‌وره‌وه‌ بۆمان دێت و له‌سه‌ر سنوورى هه‌رێمى كوردستان پێداچوونه‌وه‌ به‌ هێزه‌كان بكرێ".


گوتیشی، له‌گه‌ڵ حورمه‌تم بۆ عه‌ره‌به‌ باشه‌كان، ده‌بێ شتێك هه‌یه‌ بیزانین، كه‌ داعشه‌كانى ناوچه‌ دابڕاوه‌كان كێن، ده‌بێ ئێمه‌ ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین، خۆ ئه‌و داعشانه‌ له‌ هه‌ساره‌یه‌كى تره‌وه‌ نه‌هاتوونه‌، ئه‌و داعشانه‌ هه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ن، كه‌ نیشته‌جێی ناوچه‌كه‌ن و خه‌ڵكێكى ناشاره‌زا ناتوانێت بێته‌ سنووره‌كه‌ كاری خۆی بكات و بگه‌ڕێته‌وه‌ و ئاوه‌ها به‌ئاسانى ده‌ست بوه‌شێنن، ئه‌وانه‌ى ئێمه‌ پێیان ده‌ڵێن داعش، ڕوونتر ده‌بێ پێیان بڵێن عه‌ره‌به‌ شۆڤێنییه‌كان، چونكه‌ ئه‌مه‌ كارى عه‌ره‌به‌ شۆڤێنییه‌كانه‌ و دێن هاووڵاتییانی كورد شه‌هید ده‌كه‌ن و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی كاتى كرده‌وه‌ى تیرۆریستى دەکەن.