بڕیار لەسەر ئەو شوێنانە دەردەکرێت كە تاوانی (ناوزڕاندن و سووكایەتی) دەکەن

 

03/12/2019 - 16:10 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

وەزارەتی رۆشنبیری، رێكاری توند بەرامبەر ئەو كەناڵانەی راگەیاندن دەگرێتە بەر، كە سووكایەتی بە كەسەكان دەكەن و ناویان دەزڕێنن، هەروەها ژمارەی سپاردنیش بەو كتێبانە نادات، كە ئەو كارانەی تێدا بێت.


بەپێی فەرمانێكی وەزارەتی رۆشنبیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە 26ی 11ی 2019 لە لایەن وەزیر دەرچووە، ئاماژە بەوە كراوە، هەر تەلەڤزیۆن و رادیۆیەك ناوزڕاندن و سووكایەتی بە خەڵك و رەمزەكانی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان و بڵاوكردنەوە و هاندانی توندوتیژی و تێكدانی شیرازەی خێزان و كۆمەڵگا بکەن، ئەوا وەزیری رۆشنبیری چەند رێكارێك لە دژیان دەگرێتە بەر.


لە فەرمانەكەدا هاتووە: “وەزیری رۆشنبیری كەناڵی لەم جۆرە بۆ جاری یەكەم 72 سەعات دادەخات، بۆ جاری دووەم لە هەمان ساڵ بۆ ماوەی هەفتەیەك كەناڵەكە دادەخات، بۆ جاری سێیەم لە هەمان ساڵ ئەو كارە بكات، ئەوا بە یەكجاری كەناڵەكە دادەخرێت و جارێكی دیكە بەو ناو و لۆگۆیە مۆڵەتی پێ نادرێتەوە".


وەزیری رۆشنبیری و لاوان جەختی كردووەتەوە: "بە مەبەستی سنوورداركردنی تانە و ناوزڕاندنی كەسایەتی و دەستدرێژیكردنە سەر ئایین و مەزهەبەكان و دابونەریتی گشتی و سیستەمی گشتی و پاراستنی رەسەنایەتیی كولتووری كوردی و ئامانجەكانی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان، هیچ كتێبێك ژمارەی سپاردنی پێ نادرێت و نابێت چاپخانە چاپی بكەن، ئەگەر رەزامەندیی لیژنەی هەڵسەنگاندنی لەسەر نەبێت، بەپێچەوانەوە خاوەنی چاپخانە رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەبێتەوە".


ئازاد دارتاش، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، ناوەڕۆكی فەرمانەكەی دووپات كردەوە و بە (باس)ی راگەیاند، ئامانجیان لەو كارە رێگریكردنە لە سووكایەتی و ناوزڕاندن بە خەڵك و سمبولەكان، گوتی: "دژی هەر نەهجێكین، كە سووكایەتی و توندوتیژی بڵاو بكاتەوە، بۆیە هەر كەناڵێكی تەلەڤزیۆن یان رادیۆ، سووكایەتی و ناوزڕاندنی تێدا بێت، سزای داخستنی هەیە، بە جۆرێك کە دەگاتە داخستنی هەمیشەیی".


روونیشی كردەوە، رێگەش دەگیرێت لەو كتێبانەی، كە سووكایەتی و ناوزڕاندنیان تێدایە و ژمارەی سپاردنیان پێ نادرێت، هەر چاپخانەیەكیش چاپیان بكات، دەدرێتە دادگا.


دارتاش دووپاتی كردەوە، ئەو رێكارانەیان بۆ سانسۆر خستنەسەر ئازادیی میدیایی و چاپ و بڵاوكردنەوە نییە، بەڵكوو بۆ رێكخستنەوە و سنووردانانە بۆ ئەو دەزگایانەی، دەیانەوێت ئازادیی گشتی پێشێل بكەن.