له‌ 15 رۆژدا 4 کەس لە ڕێگەی پێنجوێن - سەیدسادق گیانیان له‌ده‌ست داوه

46 ملیار دیناری بۆ ته‌رخان كراوە و بە 7 ساڵ 15 كیلۆمه‌تری كراوەته‌ دوو ساید

02/12/2019 - 16:47 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

رێگای یه‌ك سایدیی نێوان شارۆچكه‌ى (پێنجوێن - سه‌یدسادق)، كه‌ درێژییه‌كه‌ی نزیكه‌ی (40) كیلۆمه‌تر ده‌بێت، یه‌كێكه‌ له‌و رێگایانه‌ی، به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی شۆفێران و نه‌بوونی هێماكانی هاتوچۆ، بووەته‌ رێگای مه‌رگ.


رێبار جه‌لال، یه‌كێك له‌ شوفێرانی سنووری پێنجوێنه‌، به‌ (باس)ى راگه‌یاند: ”رێگای نێوان (سه‌یدسادق – ناڵپارێز – پێنجوێن)، كه‌ درێژییه‌كه‌ی نزیكه‌ی (40) كیلۆمه‌تر ده‌بێت، رێگایه‌كی یه‌ك ساید و پڕ له‌ هه‌وراز و پێچاوپێچه‌، رۆژانه‌ سه‌دان ئوتومبێلی جۆراوجۆر له‌ پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌وه‌، به‌ ئاراسته‌ی پێنجوێن و هه‌ردوو مه‌رزی نێوده‌ڵه‌وتیی باشماخ و سه‌یران به‌ن، هاتوچۆی پێدا ده‌كه‌ن، به‌ڵام رێگاكه‌ خاڵییه‌ له‌ هێما و رێنماییه‌كانی هاتوچۆ، ئه‌مه‌ش گرفتی زۆری بۆ هاووڵاتییان و شوفێران دروست كردووه‌.


گوتیشی: "به‌داخه‌وه‌ نه‌بوونی تابلۆكانی هاتوچۆ كێشه‌ی سه‌ره‌كییه‌ و كه‌سی وا هه‌یه‌، ساڵی جارێك روو ده‌كاته‌ سنووری پێنجوێن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌شاره‌زایه‌ و تیژڕه‌وه‌، كێشه‌ بۆ خۆی و ئوتومبێلی به‌رامبه‌ریش دروست ده‌كات".


هه‌بوونى مه‌رزى باشماخ و سه‌یران به‌ن و زۆریى ژماره‌ى ئوتومبێله‌ بارهه‌ڵگر و ته‌نكه‌ره‌كانى گواستنه‌وه‌ى سووته‌مه‌نى، هێنده‌ى تر رێگاكانى سنووره‌كه‌یان قه‌ره‌باڵه‌غ كردووه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ لۆدێكى زۆریان دروست كردووه‌. به‌ وته‌ى كه‌ریم محه‌مه‌د، شوفێری رێگای سلێمانی و پێنجوێن بۆ (باس)، تیژڕه‌وی یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی زۆربوونی رووداوه‌كانی هاتوچۆ له‌م ساڵەدا له‌و رێگایه‌، به‌ نموونه‌، ته‌نیا له‌ ماوه‌ی 15 رۆژی رابردوودا، چوار کەس گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، كه‌ دووانیان دانیشتووی ده‌ره‌وه‌ی پێنجوێن بوون.


ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ”رۆژانه‌ جگه‌ له‌ ئوتومبێلی بچووكی تایبه‌تی هاووڵاتییان و گه‌شتیاران، به‌هۆی بوونی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ و سه‌یرانبه‌نیشه‌وه‌، سه‌دان تانكه‌ری سووته‌مه‌نی به‌م رێگا (40) كیلۆمه‌تریه‌دا هاتوچۆ ده‌كه‌ن و ته‌نیا پێنج رێنمایی هاتوچۆش دانراون، دووانیان شكاون، دووانی تریان نووسینه‌كه‌یان كاڵ بووەته‌وه‌ و دانه‌یه‌كیشیان زۆر به‌ نزمی دانراوه‌.


ئیداره‌ى پێنجوێن نكۆڵى له‌ زیادبوونى رووداوه‌كانى هاتوچۆ و قوربانییه‌كان ناكات و داوایه‌كیان، كه‌ ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی کردووە، ئاشكرا ده‌كه‌ن.


زانا ره‌حمان، قائیمقامی شارۆچكه‌ى پێنجوێن، به‌ (باس)ی راگه‌یاند: ”رۆژانه‌ سه‌دان كه‌س روو ده‌كه‌نه‌ سنووره‌كه‌مان، ئه‌مه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌، به‌جدی ئاوڕ له‌ رێگاوبانه‌كانی بدرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا چه‌ندین كاره‌ساتی ناخۆش له‌و رێگایانه‌دا روویان داوه‌“.


روونیشی كرده‌وه‌: "داوامان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی كردووه‌، ژماره‌یه‌ك تابلۆی ئاماژه‌دان بۆ هاتوچۆكردن له‌و رێگایانه‌ دابنرێن، جگه‌ له‌وه‌ش، وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووسایدكردنی رێگاكه‌ی خستووەته‌ ناو پلانی كاركردنیه‌وه‌".


به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی پێنجوێن، كه‌ وێنه‌یه‌كی تایبه‌ت دراوه‌ته‌ (باس)، تیایدا هاتووه‌: "ته‌نیا له‌ ماوه‌ی 10 مانگی رابردووی ئه‌مساڵ، زیاتر له‌ (60) رووداوی هاتوچۆ روویانداوه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌، نزیكه‌ی (80) هاووڵاتی بریندار و (10) كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.“


هاوكات، به‌پێی ئەو زانیارییانەی دراونه‌ته‌ (باس)، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی رێگاوبان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سلێمانی له‌ ساڵی 2012دا بڕیاریدا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دوو قۆناغ رێگای (سه‌یدسادق - ناڵپارێز – پێنجوێن) بكرێته‌ جووتساید و بڕی 46 ملیار دیناری بۆ ته‌رخان كراوه‌، به‌ڵام دوای حه‌وت ساڵ و تا ئێستا، ته‌نیا 15 كیلۆمه‌تری جێبه‌جێ كراوه‌.