موقتەدا سەدر: تا چیتر خوێن نەڕژێ دەبێ عەبدولمەهدی دەست لەكار بكێشێتەوە

28/11/2019 - 21:14 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


ئەمشەو موقتەدا سەدر ڕێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی ئەلسائیرونی پەرلەمانی دووبارە داوای كردەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بە زووترین كات دەست لە كار بكێشێتەوە، بۆ ئەوەی خوێنڕشتن كۆتایی بێت.


ئەم راگەیاندراوەی موقتەدا سەدر هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی كوشتار لە ناو خۆپێشاندانەكانی بەغدا، بەسرە، زی قار، نەجەف و كەربەلا، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا.


ئەمەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ 25 خۆپێشاندەر بە گوللەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەكانی شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زی قار كوژران.


هەر ئەمڕۆ فراكسیۆنی ئەلسائیرون، كە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراقە، دووپاتیان كردەوە دەست لە كار كێشانەوەیان ئامادە كردووە و چاوەڕێی فەرمانی موقتەدا سەدر دەكەن.


هەروەك داواشیان لە عەبدولمەهدی كرد چیتر وابەستەی كورسیەكەی نەبێت و پۆستی سەرۆك وەزیران بەجێ بێڵێت.


جێی باسە ئەمشەو سوپای عێراق دەستی بە بڵاوكردنەوەی تانك و زرێپۆشی سەربازی كردووە لە دەوروبەری مەزارگەكانی شیعە لە شاری نەجەف، لە ترسی ئەوەی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە تێكبدرێن.


دوێنێ شەویش خۆپێشاندەرانی نەجەف هێرشیان كردە سەر كۆنسوڵگەی گشتیی ئێران لە شارەكە و سوتاندیان، ئەمشەویش خۆپێشاندان توندتر بووە و مەترسی تەقینەوەی پێكدادانی لێ دەكرێت.

 

هەروەها ئەمڕۆ پێنجشەممە عادل عەبدولمەهدی وەكو فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بە بڕیارێك جەمیل شەمەری لە پۆستی بەرپرسیاری ئەمنیی پارێزگای زی قار لادا، ئەمەش دوای كوژرانی 25 كەس لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زی قار.


ئەمەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە له‌سه‌ر پرده‌كانی نەسر و زه‌یتون له‌ شاری ناسریه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای زی قاری باشووری عێراق، پێكدادان له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆپێشانده‌راندا رووی دا، لە ئەنجامدا هێزە ئەمنیەكان راستەوخۆ خۆپێشاندەرانیان گوللەباران كرد و 25 كەسیان كوشت.


له‌وەتەی یه‌كی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ هاووڵاتیانی عێراق دەستیان بە ناڕەزایی بەرفرەوان كردووە، بە تایبەتیش لە بەغدا و بەسرە و زی قار و شارەكانی تری باشووری ئەم وڵاتە، تیایدا داوای هەلی كار و نەهێشتنی گه‌نده‌ڵی و رەخساندنی خزمه‌تگوزاری گشتیی دەكەن. لە بەرانبەریشدا هێزە ئەمنیەكانی عێراق بە گوللە وەڵامی خۆپێشاندەرانیان داوەتەوە و تا ئێستە زیاتر لە 360 كەس كوژراون و بە دەیان هەزاریش بریندار بوون.