یاسای خانەنشینیی عێراق هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە؟

 

26/11/2019 - 16:08 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

تەمەنی خانەنشینبوونی فەرمانبەران لە عێراق کەم كرایەوە و مووچەكانیشیان لە ساڵی داهاتوو زیاد دەكرێت. بەرپرسێکی خانەنشینیش پێی وایە، رێكکەوتن لەسەر بودجەی 2020 بكرێت، ئەو یاسایە هەرێمی كوردسانیش دەگرێتەوە.


د.ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (باس)ی راگەیاند، یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق هەموار كرایەوە، گوتی: "تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵ كەم كرایەوە بۆ 60 ساڵ، تەنیا هەندێك مامۆستای زانكۆ و پزیشك و خەڵكی تر نەبێت، كە بەدەر كراون و هەر بە 63 ساڵی خانەنشین دەبن، كەمترین مووچەی خانەنشینیش 500 هەزار دینار دەبێت".


روونیشی كردەوە، لە ساڵی 2020ەوە كار بەو یاسایە دەكرێت، بەم هۆیەشەوە 202 هەزار كەس لە ساڵی داهاتوودا دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ زیاد دەبێت، گوتیشی: "ئەو یاسایە بۆ هەموو عێراقە و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، پاشان لە كوردستانیش جێبەجێ دەكرێت".


جەختیشی كردەوە، ئەو یاسایە هەم دادپەروەریی تێدایە بۆ كەمكردنەوەی جیاوازیی مووچە، هەمیش دەرفەتی دامەزراندنی تازە بۆ گەنجان زیاد دەكا.


ئاشكراشی كرد، هەر فەرمانبەرێك 45 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، دەتوانێت داوای خانەنشینی بكا.


لە ساڵی 2014وە یاسای یەكگرتووی خانەشینیی ژمارە 9 لە عێراق دەرچووە، هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی نەیتوانی جێبەجێی بكات.


حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتوو شتی باشی تێدایە، گوتی: "زۆر ماددەی باشی تێدایە، لەوانە كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و زیادكردنی مووچەكەی، ئێمە لە هەرێمی كوردستان پشتیوانیی لێ دەکەین".


روونیشی كردەوە، لابردنی مەرجی تەمەن لە 50 ساڵی بۆ 45 ساڵ شتێكی زۆر باشە.


سەبارەت بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای خانەنشینی عێراق لە هەرێمی کوردستان، حازم گوتی: "ئەگەر هەولێر و بەغدا رێک کەوتن لە سەر بودجەی 2020دا بكەن، ئەوە یاسای یەکگرتووی خانەنشینیی عێراق، هەرێمی کوردستانيش دەگرێتەوە".


ئێستا ساڵانە نزیکەی 5 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان خانەنشین دەبن. بە گوتەی بەرێوەبەری گشتیی خانەنشینان: "ئەگەر یاساكە جێبەجێ بكرێت، لەبری 5 هەزار کەس خانەنشین، نزیکەی 20 هەزار کەس خانەنشین دەکرێن، ئەوەش دەرفەتی پلەی تازەی وەزیفی و دامەزراندن زیاد دەكات".