به‌هۆی داعشه‌وه‌ سێ گوندى دیكه‌ى سنوورى خانه‌قین چۆڵ كران

ۆخی دانیشتووانی گونده‌ كوردییه‌كانى ناوچه‌كه‌ له‌وپه‌ڕی خراپیدایه‌

25/11/2019 - 19:17 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دۆخی دانیشتووانی گونده‌ كورده‌كانى سنوورى خانه‌قین له‌وپه‌ڕی خراپیدایه‌ و به‌هۆی داعشه‌وه‌ سێ گوندى دیكه‌ى سنووره‌كه‌ چۆڵ كران. بەرپرسێكى حزبی شیوعیی كوردستانیش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، داعش به‌ ئاره‌زووى خۆیان له‌ گونده‌كانى سنوورى خانه‌قین جموجۆڵ ده‌كه‌ن، هه‌رچی حه‌شدى شه‌عبییه‌ بۆ ئاژاوەگێڕی‌ و داگیركردن هاتوون بۆ ناوچه‌كه‌.

 

به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، تاوه‌كوو ئێستا زیاتر له‌ 30 گوندى سنوورى خانه‌قین به‌هۆی داعشه‌وه‌ چۆڵ كراون و له‌ هه‌ندێك گوندى دیكه‌دا گونده‌كان نیوه‌ چۆڵ كراون و ته‌نیا چه‌ند ماڵێكى كه‌میان لێ ماوه‌ته‌وه‌ و دانیشتووانى ئه‌و گوندانه‌ش ئاواره‌ى ناو خانه‌قین و سنوورى ئیداره‌ى گه‌رمیان بوونه‌.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، زۆرینه‌ى ئه‌و گوندانه‌ش، كه‌ تاوه‌كوو ئێستا ئاوه‌دانن، به‌تایبه‌ت له‌ شه‌واندا به‌ چه‌كى خۆیان پاسەوانیی خۆیان دەکەن و دۆخیان ناله‌باره‌.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سنوورى خانه‌قین بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى خانه‌قین چۆڵ كراون، كه‌ هیچ هێزێك نه‌بووه‌ بیانپارێزى و هه‌میشه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ى داعشیان له‌سه‌ر بووه‌ و له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردووشدا سێ گوند له‌ سنوورى خانه‌قین چۆڵ كران، كه‌ بریتین له‌ گونده‌كانى شه‌فیق و مریه‌م به‌گ و ره‌مه‌زان كاكه‌یی، دۆخه‌كه‌ ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا گونده‌كانى دیكه‌ش چۆڵ ده‌كه‌ن".


گوتیشی، داعش به‌تایبه‌ت له‌ شه‌واندا گونده‌كانى سنوورى خانه‌قین هاوه‌نباران ده‌كات، كه‌ ئه‌وه‌ش ترسی لای خه‌ڵك دروست كردووه‌ و هه‌ندێ جاریش سوپای عێراق له‌ داعش دێنه‌ ده‌ست، بۆ نموونه‌، له‌م چه‌ند شه‌وه‌ى رابردوودا له‌ سنوورى گوندى تبه‌جی سنوورى قه‌زاى خانه‌قین، فڕۆكه‌ى جه‌نگیى عێراق بۆردومانى مۆڵگه‌یه‌كى داعشیان كردووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا حه‌وت چه‌كدارى داعش كوژران، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ هات، له‌ ناوچه‌كه‌ داعش چوار چه‌كدارى هێزه‌ عێراقییه‌كانى به‌ ده‌ستڕێژی گولله‌ كوشت و هه‌شتى دیكه‌شی بریندار كرد.


له‌م باره‌یه‌وه‌، عه‌باس ره‌حمان، به‌رپرسی كۆمیته‌ى مه‌حه‌لیی خانه‌قینی حزبی شیوعیی كوردستان، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ سنوورى خانه‌قیندا هه‌ن و ناوبه‌ناو جموجۆڵیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها حه‌شد و پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق له‌ ده‌وروبه‌رى خانه‌قین جێگیر كراون و داعشیش هێرش ده‌كاته‌ سه‌ریان، ئەمەش كاریگه‌ریى كردووەتە‌ سه‌ر گونده‌كان و له‌نێو گونده‌كانیشه‌وه‌ به‌ ئاره‌زووى خۆیان جموجۆڵ ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌ رێگاى ئه‌و گوندانه‌وه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر رێگا گشتییه‌كان و گوندنشینانیش ناچار گونده‌كانیان چۆڵ ده‌كه‌ن، دۆخى گونده‌كانى هه‌موو ناحیه‌كانى سه‌ر به‌ خانه‌قینیش به ‌هه‌مان شێوه‌ى دۆخى گونده‌كانى نزیك خانه‌قینە و ژماره‌ى ئه‌و گوندانه‌ى چۆڵیشیان كردووه‌ زۆرن".


ڕاشی گه‌یاند، پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوورى خانه‌قیندا نییه‌، ته‌نیا له‌نزیك گوندى هاجه‌ر، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رێگاى نێوان كه‌لار - خانه‌قین هه‌ن، ئه‌وێ دوا خاڵی پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌وێ، وه‌كوو لیواكه‌ى شه‌هید حوسێن مه‌نسووڕیش له‌نێو بینایه‌كدان له‌ خانه‌قین، كه‌ حاڵیان حاڵی حزبه‌ و جموجۆڵیان نییه‌ و ئه‌گه‌ر شتێكیش بێت، ده‌بێ به‌ فه‌رمانى هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان بێ و به‌ بڕیارى ئه‌وان كار ده‌كه‌ن، بۆ ‌نموونه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵمه‌تێكى ئه‌منى بۆ ناوچه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن. هه‌رچی حه‌شدى شه‌عبییه كه‌ هاتوونه‌ته‌ سنوورى خانه‌قین، بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ و داگیركردن بووه‌ و بۆ ئه‌وه‌ نه‌هاتوون سنوورى خانه‌قین له‌ داعش پاك بكه‌نه‌وه‌، ته‌نیا بۆ ته‌عریبكردنى خانه‌قین هاتوون و ئێستاش له‌ خانه‌قین و به‌ ئاره‌زووى خۆیان و به‌بێ ئه‌وه‌ى فه‌رمانیان بۆ بێت، جموجۆڵ ده‌كه‌ن و به‌شێكیان سه‌ر به‌ ئێرانن و به‌شێكى تریان سه‌ر به‌ سه‌ركرده‌ شیعه‌كانى عێراقن، ئه‌وان فه‌رمان له‌وانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ لایه‌نێكى په‌یوه‌ندیدار له‌ خانه‌قین ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.


ئه‌و به‌رپرسه‌، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، پێشتر یه‌كێتى له‌ خانه‌قین ده‌ورى باڵایان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نییه‌ و كه‌سیش پرسیان پێ ناكات و حه‌شدى شه‌عبی هه‌ر جموجۆڵێكیش بكات، ته‌نانه‌ت قایمقامیش ئاگادار ناكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام پۆلیسی فیدڕاڵی هه‌ر جموجۆڵێك بكه‌ن ئیداره‌ى شاره‌كه‌ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، ئازاد فایه‌ق، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشی خانه‌قین، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "زیاتر له‌ 12 گوند له‌ ده‌وروبه‌رى خانه‌قین به‌هۆی داعشه‌وه‌ چۆڵ كراون".


گوتیشی، ئێستا سوپای عێراق و حه‌شدى شه‌عبی له‌ سنووره‌كه‌ هەیه‌ و تیرۆریستانى داعشیش ئێستا شه‌ڕی به‌ره‌ ناكه‌ن، به‌ڵكوو به‌شێوه‌ى پارتیزانى ده‌ستى خۆیان ده‌وه‌شێنن و ده‌ڕۆن.


له‌و چوارچێوه‌دا، زاهید تاهیر، ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "هۆكارى سه‌ره‌كیى رووداوه‌ نه‌خوازاره‌كانى سنوورى خانه‌قین بۆ بۆشایی ئه‌منیى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پێشتر كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ بوو، به یەک ‌لیوا و سێ فەو‌جه‌وه‌ به‌ باشی ده‌یانپاراست، به‌ڵام دواى كاره‌ساته‌كانى 16ی ئۆكتۆبه‌ر دۆخه‌كه‌ گۆڕا به‌تایبه‌ت له‌ ده‌وروبه‌رى خانه‌قین ئه‌و بۆشاییه‌ واى كرد هه‌ندێ چه‌كدارى ناوخۆیی و داعش بێنه‌وه‌ سنووره‌كه‌".


گوتیشی، ناوه‌ندى خانه‌قین تا راده‌یه‌ك كێشه‌یه‌كى ئه‌وتۆی نییه‌، به‌ڵام ده‌ره‌وه‌ی شار هه‌یه‌تى، به‌تایبه‌ت له‌ گونده‌كان جارێكى تر ته‌عریب ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها داعشیش له‌و گوندانه‌دا جموجۆڵی هه‌یه‌.