سەردەمێك كوردێكى ڕۆژئاوای كوردستان موفتى مه‌كه‌ و مه‌دینه‌ بووە

باوكى قوتابخانه‌یه‌كى تایبه‌تى بۆ فێركردنى منداڵانى مه‌دینه‌ هه‌بووه‌

22/11/2019 - 19:46 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


ناوه‌ندى كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌كادیمى ڕایده‌گه‌یه‌نێ یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین زانایانى كوردى شافیعى مه‌زهه‌ب تا كۆتایی ژیانى، موفتى شافیعییه‌كانى هه‌موو حیجاز بووه‌، كه‌ شاره‌كانى مه‌كه‌ و مه‌دینه‌ ده‌گرێته‌وه‌.


ناوه‌ندى كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌كادیمى، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باسنیوز) كه‌وتووه‌، ئاماژەی بەوە داوە كە یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین زانایانى كوردى شافیعى مه‌زهه‌ب له‌ حیجاز كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ده‌ستنووسه‌ و به‌ محه‌مه‌د بن سلێمان ئەلكوردى ناسراوە، تا كۆتایی ژیانى موفتى شافیعییه‌كانى هه‌موو حیجاز بووه‌ كه‌ شاره‌كانى مه‌ككه‌ و مه‌دینه‌ ده‌گرێته‌وه‌.


ناوبراو له‌دایكبووى دیمه‌شقی پایته‌ختى شامه‌ و هه‌ڵگری نازناوى كوردییه‌، به‌ڵام له‌ شارى مه‌دینه‌ په‌روه‌رده‌ و گه‌وره‌ بووه‌، باوكیشی كه‌ ناوى سلێمان كوردییه‌، نووسینگه‌ و قوتابخانه‌یه‌كى تایبه‌تى هه‌بووه‌ بۆ فێركردنى منداڵان له‌ مه‌دینه‌ و له‌ 1703دا له‌ شامه‌وه‌ ڕووی كردووه‌ته‌ شارى مه‌دینه‌.


له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ به‌ پێى ده‌ستنووسێك كە له‌ سه‌ده‌ى سێزده‌یه‌مى كۆچیدا نووسراوه‌ته‌وه‌ و وێنه‌ى له‌ ناوه‌ندى كوردستان هه‌یه‌ به‌ ناوى (ترجمه‌ العلامه‌ الشمس محمد بن سلیمان) (محمد بن سلیمان) ناوى ته‌واوى (أبو عبدالله محمد شمس الدین بن السلیمان الشافعی الكردى) یه‌ و له‌ دیمه‌شق له‌دایك بووه‌ و له‌ مه‌دینه‌ پێگه‌یشتووه‌ و هه‌رله‌وێش كۆچی دوایی كردووه‌".


ناوه‌ندى كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌كادیمى، ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌ "ده‌ستنوسه‌كه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ى نادیاره‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ كوڕانى شێخ محه‌مه‌د باسیان له‌وه‌ كردووه‌ باوكیان له‌ ساڵى 1129ى كۆچی له‌دایك بووه‌ و لاى زانایانى میسر و یه‌مه‌ن و شام و حیجاز وانه‌ى خوێندووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ محه‌مه‌د ئه‌بو تاهیرى گۆرانییه‌ كه‌ له‌ نه‌وه‌ى مه‌لا ئیبراهیمى گۆرانى شاره‌زوورییه‌ و به‌پێى ده‌ستنوسه‌كه‌ كه‌ نزیكترینه‌ له‌ سه‌رده‌مى ژیانى ناوبراوه‌وه‌، دانراوه‌كانى محه‌مه‌د بن سلێمان كوردى بێ هاوتابوون و شایسته‌بوون به‌ئاوى زێڕ بنووسرێنه‌وه‌".


به‌پێى پێشه‌كیی چاپێكى زۆر كۆنى (الحواشی المدینه‌) كه‌له‌ساڵى 1870 له‌میسر و له‌سه‌رده‌مى خدێوى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، محه‌مه‌د بن سلێمان كورده‌ له‌ 16 ی ڕه‌بیعى یه‌كه‌مى ساڵى 1194 ى كۆچی له‌نێوان مه‌غریب و عیشادا كۆچی دواییكردووه‌ و له‌ناو ڕه‌وزه‌ى پێغه‌مبه‌ردا (د.خ) نوێژى له‌سه‌ر كراوه‌.


ناوه‌نده‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ "ئه‌م زانا كورده‌ له‌زیاتر له‌بوارێكى شه‌رعزانیدا به‌رهه‌مى هه‌یه‌ و هه‌ندێك له‌وانه‌ چاپكراون، سه‌رجه‌میشیان تێكه‌ڵه‌یه‌كن له‌بابه‌ته‌كانى په‌یوه‌ست به‌شه‌ریعه‌تى ئیسلام، به‌پێى هه‌ندێ له‌و سه‌رچاوانه‌ى ژیانى ئه‌م زانایه‌یان نووسیوه‌ته‌وه‌، محه‌مه‌د بن سلێمان كوردى سه‌رمۆر و كۆتایی زانا شافیعى مه‌زهه‌به‌كانى حیجازه‌ و له‌دواى ئه‌و خه‌ڵكى له‌م ئاسته‌دا ناوبانگیان ده‌رنه‌كردووه‌".