توركیا، چۆن داعشە دەستگیركراوەكان دیپۆرتی ئەورووپا دەكاتەوە؟

”توركیا بە بەرنامە داعشەكان دیپۆرتی ئەوروپا دەكاتەوە تا ئاساییشی ئەورووپا تێك بدات“

21/11/2019 - 22:41 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

وەزارەتی ناوەخۆی توركیا بە فەرمی رای گەیاند، هەموو ئەو ئەندامانەی داعش بە ژن و پیاو و منداڵەوە، كە لە لای توركیا دەستگیر كراون، دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام تاوەكوو ئێستا لە لایەن توركیا و وڵاتانی ئەوروپا بە فەرمی و دروست باس لە ژمارەی ئەو داعشانە نەكراوە، كە توركیا دیپۆرتی كردوون.


ئەگەرچی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا لە لێدوانێكیدا ئاشكرای كرد، كە حەوت هەزار و 550 چەكداری بیانییان دیپۆرتی وڵاتی خۆیان كردوەتەوە، بەڵام نازانرێت لەو رێژەیە چەندی سەر بە گرووپی تیرۆرستیی داعش بوونە.


ساڵی پار توركیا چەكدارێكی مەترسیداری داعشی بە ناوی ئیسماعیل ئیتحافی رادەستی عێڕاق كردەوە، كە ئەمەریكا خەڵاتی بۆ هەر كەسێك دانابوو، كە دەستگیری بكات.


هەروەها دێنس هیسامۆڤ، كە پێشتر پلەی ئەفسەری لە سوپای رووسیا هەبووە و لە عێراق و سووریا چەندین چالاكیی تیرۆریستیی بۆ داعش ئەنجام داوە، لە لایەن توركیاوە رەوانەی تاجاكستان كرایەوە و تاجاكستانیش بە فەرمی رای گەیاند، كە هیسامۆڤ رادەستی ئەوان كرایەوە.


میدیاكانی فەڕەنسا بڵاویان كردەوە، كە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا توركیا 3 ئەندامی داعشی بە رەگەز فەڕەسی و 9 منداڵی رادەستی حكوومەتی فەڕەنسا كردووەتەوە، بەڵام نەیانهێشتووە میدیا بەو هەنگاوە بزانێت و شاردوویانەتەوە.


ماڵپەڕی (BBC)ـی توركی ئاشكرای دەكات، كە بەشێكی زۆری ئەو وڵاتانەی چەكدارە داعشەكانیان لە توركیا وەرگرتووەتەوە، دەیشارنەوە و ئاشكرای ناكەن، هۆكارەكەشی روونە، كە نایانەوێت كۆمەڵگاكەیان بترسن لەوەی چەكدارانی داعش هاتوونەتە ناو وڵاتەكەیانەوە.


سولەیمان سویلو، وەزیری ناوەخۆی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا، كە هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپی چەكدارە داعشەكان وەرناگرنەوە، بە بیانووی ئەوەی ناسنامەیان لێ وەرگیراوەتەوە. سویلو دەڵێت، هەرچەندە لە توركیاشی وەرنەگرتووە، بەڵام توركیا هەر رەوانەی ئەو وڵاتەی دەكاتەوە، كە لێوەی هاتوون.


ئیسماعیل چەتاكلی، وتەبێژی وەزارەتی ناوەخۆی توركیا، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی توركیا ئاشكرای دەكات، هاووڵاتییەكی ئەمەریكی و هاووڵاتییەكی دانیماركی و ئەڵمانییان گەڕاندووەتەوە وڵاتی خۆیان. هەروەها 7 چەكدار، كە بە رەگەز ئەڵمانین و 2 چەكداری ئیرانی و 11ی فەڕەنسیش رادەستی وڵاتی خۆیان كراونەتەوە.


سولەیمان سویلو، وەزیری ناوەخۆی توركیا، لەبارەی رێژەی ئەو داعشانەی لە گرتووخانەكانی توركیان ئاشكرای دەكات: ”لە گرتووخانەكانی توركیادا 1200 داعشی لێیە، كە لەناویاندا منداڵ و ئافرەتیش هەن. هەروەها لەو كاتەوەی هێرشمان بۆ سووریا دەست پێ كردووە، 287 داعش دەستگیر كراون و دوای لێكۆڵینەوە دانیان بە هەموو شتێكدا ناوە“.


لە كاتی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا، میدیاكانی جیهانی بڵاویان كردەوە، كە 750 داعش لە كەمپی عەین عیسا رایانكردووە و زۆربەشیان ئافرەت و منداڵ بوونە و ناسنامەی توركییشیان هەیە، لە هەمان کاتدا ئەردۆغان رەتی نەكردەوە، كە ئەو ئافرەت و منداڵانە هاتبنە توركیا و گوتی: ”ئەوان دووچاری شۆكێكی زۆر بوونەتەوە، بۆیە لە رێگەی دامەزراوەكانەوە خولیان بۆ دەكەینەوە و چاودێریی باری تەندروستییان دەكەین. هەروەها ئەگەر بەڵگە لەبەردەست بوو كە ئەوانە تاوانیان كردووە، ئەوكات لە توركیا دادگایی دەكرێن“.


ئەگەرچی وڵاتانی ئەورووپی نیگەرانن لەو هەنگاوەی توركیا، كە داعشەكان دەنێرێتەوە ئەو وڵاتەی ناسنامەی پێداوە، بەڵام بەرپرسێكی فەڕەنسی، كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت و قسەی بۆ ئاژانسی (AFP) كردووە، ئاشكرای دەكات، كە ئەو 11 داعشەی توركیا رادەستی فەڕەنسای كردوونەتەوە، بە بێدەنگی لەناو فڕۆكەخانە وەرگیراونەتەوە و بە نهێنییش دادگایی دەكرێن و نایەڵن بگەڕێنەوە بۆ ناو ژیانی ئاسایی.


ئەڵمانیا و فەڕەنسا و دانیمارك و سوید و چەند وڵاتێكی تر، دژی ئەو هەنگاوەی توركیا قسەیان كردووە و دەڵێن، توركیا بە بەرنامە ئەو داعشانە دیپۆرت دەكاتەوە، تا لەو رێگەیەوە ئاساییشی ناوەخۆی ئەورووپا تێك بدات.


سویلو لەبارەی ئەوەی چەند وڵاتێكی ئەورووپی گوتوویانە، ئێمە ئەو چەكدارانە وەرناگرینەوە، چونكە ناسنامەمان لێ وەرگرتوونەتەوە، دەڵێت: ”ئەمانە قسەی بێ مانان، چونكە توركیا ئوتێلی بۆ ئەو داعشانە دانەناوە، كە وەرناگیرێنەوە، بەڵكوو پێویستە وەری بگرنەوە و پاشان بۆ خۆیان چ بڕیارێكیان لەبارەیەوە دەدەن ئارەزووی خۆیانە“.