هه‌وڵی رووخاندنى گوندێكى كوردانى كه‌ركووك ده‌درێت

هێزێكى ئه‌منى داوایان كردووه‌ خانووه‌كان چۆڵ بكه‌ن

20/11/2019 - 22:50 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لەم رۆژانەدا، هێزێكى ئه‌منى داوایان له‌ دانیشتووانى گوندێكى كوردانى سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك كردووه‌، به‌ مه‌به‌ستى رووخاندنى گونده‌كه‌ خانووه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن.


ئه‌و گونده‌ى هه‌وڵی رووخاندنى ده‌درێت، گوندى (قزلیار)ه‌، كه‌ گوندێكى كوردانه‌ و له‌ ڕووى ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ ناحیه‌ى یایچییه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك، گونده‌كه‌ خاوه‌ن زه‌وییه‌كى زۆرى كشتوكاڵییه‌ و ده‌كه‌وێته‌ سنوورى نێوان ناوچه‌ى كه‌یوان و ناحیه‌ى یایچی، له‌سه‌ر ڕێگای نێوان كه‌ركووك- حه‌ویجه‌‌ و ساڵی 1987 له‌ چوارچێوه‌ى سیاسه‌تى ته‌عریبدا، به‌عس هۆزى ئه‌لبوشه‌هری هێناوه‌ته‌ سنوورى ئه‌و گونده‌ و ئێستاش جارێكى تر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سنوورى گونده‌كه‌.


یه‌كێك له‌ دانیشتووانى گونده‌كه‌، كه‌ نه‌یویست ناوى بهێنێن، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سێ جار پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق هه‌ڵیان كوتاوه‌ته‌ سه‌ر گونده‌كەمان‌، بۆ ئه‌وه‌ى چۆڵی بكه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ ئاماده‌ نه‌بووینه‌ چۆڵی بكه‌ین، له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا جارێكى تر پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق هاتنه‌ سنوورى گونده‌كه‌ و هەمان داوایان کردەوە، به‌ هێزه‌كه‌مان گوت ئه‌م گونده‌ گوندى باب و بپایرانمانه‌ و چۆڵی ناكه‌ین".


گوتیشی: ”هێزه‌كه‌ پێداگرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى گونده‌كه‌ چۆڵ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى بیڕووخێنن و پاشان بیده‌ن به‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان و ئه‌وان خانووى نوێی له‌سه‌ر دروست بكه‌ن، هه‌روه‌ها له‌ سنوورى گونده‌كه‌مان چه‌ند مه‌زره‌عه‌یه‌كیش هه‌یه‌ داوا له‌وانیش كراوه‌، كه‌ مه‌زره‌عه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن، ئێستاش نازانین سكاڵا بۆ كام شوێن و به‌رپرس ببه‌ین چونکە پارێزگارى به‌ وه‌كاله‌تى كه‌ركووك له‌پشت ئه‌م كاره‌وه‌یه‌‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، ره‌سووڵ ره‌ئووف، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووكى حزبی سوشیالیست، بۆ (باس) گه‌یاند: "له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌موو به‌رنامه‌كانى به‌عس، كه‌ پێشووتر دژی كورد له‌ سنوورى كه‌ركووك دایناون، ئێستا ده‌یانه‌وێت جێبه‌جێی بكه‌ن، یه‌كێك له‌ پیلانه‌كان ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و ناوچانه‌ى سنوورى كه‌ركووك، كه‌ له‌ دواى ساڵی 2003ه‌وه‌ كوردى بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و ئاوه‌دانى كردووه‌ته‌وه‌، ده‌یانه‌وێت پێش له‌وه‌ بگرن و ناوچه‌كه‌ ته‌عریب بكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ درێژه‌ بكێشێت، پیلانه‌كانى دیكه‌شیان سه‌ر ده‌گرێت، هه‌م له‌ گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك، كه‌ له‌ كاتى به‌عس ته‌عریب كراون، هه‌میش له‌ناو كه‌ركووك".


روونیشی کردەوە، له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى په‌نجا عه‌لی و فه‌یله‌ق (كوردستان) و بارووتخانه‌ و عه‌ره‌فه‌، به‌ بیانووى جۆراوجۆر هه‌وڵی رووخاندنى خانووى كوردان دراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ عه‌ره‌فه‌ چه‌ند ماڵێكیشیان ڕووخاند، ئه‌وان به‌رنامه‌یان هه‌بووه‌ و پێشتر هه‌لیان ڕه‌نگه‌ بۆ نه‌ڕه‌خسابێت، به‌ڵام ئێستا هه‌ل هاتووه‌ته‌ پێش و ئه‌گه‌ر كورد پلانێكى تۆكمه‌ى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركووك نه‌بێ و گۆڕانكارى به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا نه‌یه‌ت، دڵنیام له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوودا دۆخه‌كه‌ سەختتر دەبێت، چونکە هه‌رچی بڕیارێک‌ پێشتر له‌ دژی كورد ده‌ركراوه‌ ئێستا جێبه‌جێی ده‌كه‌ن.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، كامیل ساڵه‌یی، قایمقامی شه‌رعیی ناوه‌ندی كه‌ركووك، پێشتر بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌دواى رووداوه‌كانى 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای كه‌ركووكه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌رفه‌تی جیاواز ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ى فشار بخاته‌ سه‌ر كورده‌كان، تاوه‌كوو كه‌ركووك به‌جێ بهێڵن".