له‌ به‌شێك له‌ فه‌رمانگه‌كانی خورماتوو بەرتیل‌ له‌ هاووڵاتییان وه‌رده‌گیرێ

قایمقامی سه‌پێندراوى خورماتوو هه‌فته‌یه‌كه‌ هه‌ڵهاتووه‌

17/11/2019 - 17:37 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

له‌ شاری خورماتووی داگیرکراودا، گه‌نده‌ڵی له‌نێو داموده‌زگا حكوومییه‌كاندا هه‌یه‌ و هێزێكى ئه‌منییش به‌ تۆمه‌تى تێوەگلان لە گه‌نده‌ڵی، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی قایمقامى سه‌پێندراوى خورماتوو بۆ ده‌ستگیركردنى. سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خورماتووش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، قایمقامى خورماتوو ماوەیەکە له‌ شوێنه‌كه‌ى خۆی ده‌وام ناكات.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ خورماتوو، كه‌ نه‌یویست ناوى بهێنین، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "به‌ ئاگادارى قایمقامى سه‌پێندراوى خورماتوو، گه‌نده‌ڵییه‌كى گه‌وره‌ له‌ خورماتوودا هه‌یه‌، به‌ نموونه‌، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى نفووسی خورماتوو، کاتێ هاووڵاتییان كارتى نیشتمانى ده‌رده‌هێنن، پێویسته‌ ئه‌و هاووڵاتییه‌ى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانى نفووس ده‌كات، ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو مانگ له‌ نۆره‌دا بێ، تاوه‌كوو نۆره‌ى دێته‌وه‌ بۆ ده‌ركردنى كارتى نیشتمانى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى راسته‌وخۆ پاره‌ بدات، كه‌ ئه‌ویش له‌ رێگاى چه‌ند كه‌سێكى توركمانی شیعه‌ى دیاریكراوه‌وە هه‌یه‌، ئه‌وا له‌ ماوه‌ى چوار رۆژدا كارته‌كه‌ى بۆ ده‌رده‌هێنن، هه‌روه‌ها له‌ شاره‌وانیى خورماتووش، گه‌نده‌ڵیی زۆر ده‌كرێ، به‌ نموونه‌، حیجز له‌سه‌ر زه‌وى لا ببرێت داوای پاره‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها به‌رتیل له‌ به‌شێك له‌ كاسبكارانى نزیك پێشانگاكانى ئۆتۆمبێلی خورماتوو وه‌رده‌گرن، كه‌ عه‌ره‌بانه‌یان داناوه‌ و سه‌وزه‌ و میوه‌ ده‌فرۆشن، هه‌روه‌ها له‌ سایلۆی خورماتوو و چه‌ندین فه‌رمانگه‌ى دیكه‌ى حكوومى گه‌نده‌ڵی ده‌كرێت و به‌شێك له‌ پاره‌كه‌ى بۆ قایمقامى سه‌پێندراوى خورماتوو، هه‌روه‌ها چه‌ند گرووپێكى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی ده‌ڕوات".


سه‌رچاوه‌كه‌، ئاشكراشی كرد، یه‌كێتی و چه‌ند حزبێكى دیكه‌ى كوردستانى له‌ شاره‌كه‌دا هه‌ن و نوێنه‌ریشیان له‌ ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خورماتوو هه‌یه‌، به‌ڵام ناتوانن ده‌نگ هه‌ڵبڕن له‌و به‌رتیل وه‌رگرتنانه‌ى، كه‌ له‌ فه‌رماگه‌كان له‌پێش چاویان وه‌رده‌گیرێت و خه‌ڵكیش به‌ته‌واوه‌تى دڵی له‌ حزبه‌كان شكاوه‌، كه‌ باره‌گایان هه‌یه‌ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیشیان نییه‌، ته‌نانه‌ت ناتوانن به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌یه‌ك لابده‌ن و یه‌كێكى تر له‌ شوێنه‌كه‌ى دابنێن.


خورماتوو، یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیركراوه‌كان، كه‌ پێشتر سه‌ر به‌ پارێزگاى كه‌ركووك بووه‌ و پاشان به‌هۆی سیاسه‌تى ته‌عریبه‌وه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین و له‌ زۆرینه‌ى كورد و ئینجا توركمانى شیعه‌ و سوننه‌ و پاشان عه‌ره‌ب پێكدێت و له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017، به‌ خیانه‌ت شاره‌كه‌ راده‌ستى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی كرا، پاشان میلیشیاكان جنۆسایدیان له‌ دژی كوردانى ئه‌و شاره‌دا کرد. شه‌لال عه‌بدول، قایمقامی خورماتووش هاوشێوه‌ى هه‌زاران هاووڵاتیی شاره‌كه‌ ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بووە. دواى چوار مانگ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017، حه‌سه‌ن زه‌ینلعابدین، كه‌ توركمانێكى شیعه‌ى سه‌ر به‌ میلیشیاكانى حه‌شدى توركمانییه‌ و به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا سه‌پێندرا، وه‌ك قایمقامى خورماتوو ده‌ستبه‌كار بوو، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبی هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ ئه‌ندامانى عه‌ره‌بی ئه‌نجومه‌نى قه‌زاكه‌ كرد ده‌نگى پێبده‌ن و ئه‌وانیش له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ناچاریدا به‌بێ ئاماده‌بوونى كوتله‌ى كوردى و دوو له‌ ئه‌نجامانى ئه‌نجومه‌ن له‌ كوتله‌ى عه‌ره‌بی ده‌نگیان بۆ دا و ئێستاش به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ هه‌ڵهاتووه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌، سه‌ردار ئه‌حمه‌د، سكرتێری ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خورماتوو، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له ‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ى رابردووه‌وه‌ تا ئه‌م هه‌فته‌یه‌، حه‌سه‌ن زه‌ینلعابدین ،قایمقامى خورماتوو له‌ شوێنه‌كه‌ى خۆی له‌ دیوانى قایمقامییه‌ت، تا ئێستاش ده‌وامى نه‌كردووه‌ و هێزێكى ئه‌منییش هه‌ڵیكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ى، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستگیری بكه‌ن، ئێستاش كه‌س له‌ شوێنه‌كه‌شی دانه‌نراوه‌ بۆ راییكردنى مامه‌ڵه‌ى هاووڵاتییان، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خورماتووش له‌م هه‌فته‌یه‌وه‌ ده‌وامیان نه‌كردووه‌، ده‌وام نه‌كردنى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاش دواى بڕیاره‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق هات، كه‌ بڕیاریان داوه‌ به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كان".


گوتیشی، پێشتر حه‌سه‌ن زه‌ینلعابدین، قایمقامى ئێستای خورماتوو، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی سه‌ڵاحه‌دین بووه‌ و ده‌گوترێ دۆسێى گه‌نده‌ڵییه‌كانى له‌سه‌ر هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌.


له‌و چوارچێوه‌دا محه‌مه‌د فایه‌ق، به‌رپرسی پێشووى به‌شی راگه‌یاندنى قایمقامییه‌تى خورماتوو، له‌ ئه‌كاونتى خۆی له (فه‌یسبووك) ڕای گه‌یاند، هێزێكى تایبه‌تى سواتى سه‌ر به‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، هه‌فته‌ى رابردوو هاتبوونه‌ نێو دیوانى قایمقامیه‌تى خورماتوو، به‌ مه‌به‌ستى ده‌ستگیركردنى قایمقامی ئێستای خورماتوو، به‌ڵام له‌ ده‌وام نه‌بووه‌، پاشان جارێكى تر هێزه‌كه‌ چوونه‌ته‌وه‌ ناو دیوانى قایمقامییه‌ت، دیسان له‌وێ نه‌بووه‌، دواتر هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ى و له‌ ئه‌نجامى پشكنین و گه‌ڕانێكى زۆر، له‌ ماڵ نه‌بووه‌ و تاوه‌كوو ئێستا ده‌ستگیر نه‌كراوه‌.


له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، نووسینگه‌ى شه‌هیدانى خورماتوو سه‌ر به‌ حكوومه‌تى عێراق، كه‌سێك به‌ناوى (سه‌میر ن.س)، كه‌ چه‌كدارى رێكخراوى داعش بووه‌ و خه‌ڵكى گوندى یه‌نگیجه‌ى سه‌ر به‌ خورماتوو بووه‌ و له‌ ساڵی 2014 له‌ سنوورى حه‌ویجه‌ كوژراوه‌ و ئێستاش نووسینگه‌كه‌ى شه‌هیدان ئه‌وه‌یان كردووه‌ به‌ شه‌هید و کەسوکارەکەی مووچەکەی وەردەگرن.