لە توركیا ڕۆژانە هەشت كەس خۆیان دەكوژن

17/11/2019 - 13:38 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دوو هەفتە بەرلە ئێستا، لە گەڕەكی فاتێح لە ئیستەنبۆڵ ٤ خوشك و برا بە پەت لەناو ماڵەكەی خۆیان كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت لەبەر هەژاری و نەداری كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، ئەمەش وای كرد دەزگاكای مافی مرۆڤ و سۆسیالەكان بەدواداچوونی ورد بكەن بۆ دیاردەی خۆكوشتن لە توركیا.

خۆكوشتن لە توركیا ساڵانە رێژەیەكی بەرز تۆمار دەكات، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانیش خراپیی رەوشی ئابووریی توركیایە.

دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردەوە، لە ساڵی ٢٠١٨دا لە تەواوی توركیا سێ هەزار و ٣١٦ كەس كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی خۆكوشتنیش هەژارییە.

ماڵپەڕی (BBC)ی توركی لە بەدواداچوونێكدا ئاشكرای دەكات، لە ساڵی ٢٠١٨ لە توركیا سێ هەزار و ٣١٦ كەس خۆیان كوشتووە، بەمەش لە هەر رۆژێكدا لە توركیا ٨ كەس خۆی دەكوژێت.

ئەو ماڵپەڕە ئاماری خۆكوشتنی لە توركیا بەم شێوەیە ریز كردووە:

لە ٢٠١٧ (٣ هەزار و ١٦٨) كەس خۆیان كوشتووە

لە ٢٠١٦ (٣ هەزار و ١٩٤) كەی خۆیان كوشتووە

لە ٢٠١٥ (٣ هەزار و ٢٤٦) كەس خۆیان كوشتووە

لە ٢٠١٤ (٣ هەزار و ١٦٩) كەس خۆیان كوشتووە

زۆرترین رێژەی خۆكوشتن لە توركیا ئیستەنبۆڵ تۆمار دەكرێت، كەمترینیش لە ئەرزنجان و ئارتڤین و كیلیس تۆمار دەكرێت.

چەند شارەزایەكی بواری كۆمەڵناسی لە توركیا، پێیان وایە لە ٢٠١٩ رێژەی خۆكوشتن لە توركیا زۆر زیاترە لە هەموو ساڵەكان، چونكە قەیرانی دارایی ئەمساڵ زۆر بووە و ئاستی هەژاریش لە توركیا تا دێت خراپتر دەبێت.

دوێنێ دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردەوە، لە توركیا ١٤٪ی هاووڵاتیان بێكارن، ئەمە جگە لەوەی ئەوانەی ناویان تۆمار نەكراوە و بەوانیشەوە رێژەی بێكاری ٢٢٪ دەبێت. بەهۆی ئەوەی لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار ئاستی دابەزیوە، بۆیە مووچەی فەرمانبەر و مامۆستای زانكۆ بەشی بژێوی ژیان ناكات، ئەوانەش لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، مووچەكەیان لەچاو مووچەی كەرتی گشتی كەمترە. ئەمەش هەر بە گوێرەی بەدواداچوونی میدیاكانی توركیا.

كەمال ئاریكان مامۆستای زانكۆ لە توركیا لە بەشی سۆسیۆلۆژی، قسەی بۆ ماڵپەڕی BBC كردوە و دەڵێت یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی خۆكوژی بە شێوەیەكی گشتی قەیرانی دارایی و بوونی شەڕە لە وڵات، تەنانەت بۆ ئەم پرسە گوتەیەكی فەیلەسووف ئێمەیل دورکهایم دەهێنێتەوە كە دەڵێت هەموو خۆكوژییەك لایەنی خراپی ئیكۆنۆمی و بوونی شەڕە.

ئاریكان ئاماژە دەدات كە لە توركیا قەیرانی دارایی و شەڕ هەیە، بۆیە خۆكوشتنیش بووەتە كێشەیەكی زۆر جیدی لە توركیا و پێویستە بەپەلە رێی لێ بگیرێت.

رێكخراوی (فاو)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای كردووە، ساڵانە لە تەواوی دنیا٨٠٠ هەزار كەس خۆیان دەكوژن، هەروەها لە هەر٤٠ چركەدا كەسێك خۆی دەكوژێت.

ئەو رێكخراوە بڵاوی كردووەتەوە كە ٧٠٪ی ئەوانەی خۆیان دەكوژن، لەبەر هەژاری و نەدارییە و توركیا لە ریزبەندی١٠٠ ەمین وڵات دێت لەڕووی رێژەی خۆكوشتنەوە.

هەروەها لیتوانیا لە پلەی یەكەم دێت لەڕووی رێژەی خۆكوشتنی هاووڵاتیانی و پاشان رووسیا و غانا و كۆریای باشوور دێت.