پەکەکە بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم کردنەوەی ده‌روازه‌ى كێله‌شین

 

16/11/2019 - 16:23 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ئه‌گه‌رچى زیاتر له‌ سێ ساڵه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی كێله‌شین رێك که‌وتوون، كه‌چى تا ئێستا ئه‌م ده‌روازه‌یه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌. قائیمقامى سۆرانیش هۆكاره‌كه‌ى بۆ خراپیى ره‌وشى ئه‌منیى سنووره‌كه‌ و بوونى (په‌كه‌كه‌) له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.


كرمانج عزه‌ت، قائیمقامی قه‌زای سۆران به‌ (باس)ى راگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئێران ماوه‌ی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى ده‌روازەیه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی فه‌رمیی له‌ كێله‌شین له‌ سنووری (شنۆ-سیده‌كان) سه‌ر به‌ قه‌زاى سۆران، هەرێمی كوردستان رێك كه‌وتین. كۆماری ئیسلامیی ئێران كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ی خستبووه‌ پلانی بودجه‌ی ساڵی 2017ی وڵاته‌كه‌ی، ئێمه‌ش وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ڕێکارێکمان خستووه‌ته‌ به‌ر و ئاماده‌كاریی خۆمان پێشكه‌ش كردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی خراپیى بارى ئه‌منیى سنووره‌كه‌ و بوونى پارتى كرێكارانى كوردستانى توركیا (په‌كه‌كه‌) له‌م ناوچه‌ سنوورییانه‌دا، کە تا ئێستا به‌ربه‌ستى سه‌ره‌كى بوونه‌ له‌به‌رده‌م كردنه‌وه‌ى ئه‌م ده‌روازه‌یه‌، بۆیە مەرزەکە نەکراوەتەوە".


قائیمقامی سۆران گوتیشى: "سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌، هێشتا ئومێدێك هه‌یه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌م ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌ كێله‌شین و هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن‌، چونكه‌ كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌كه‌ گرنگى و تایبه‌تمه‌ندیى زۆرى له‌سه‌ر بوژانه‌وه‌ى ئابووریى وڵات و ره‌خساندنى هه‌لى كار بۆ خه‌ڵكى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و پته‌وكردنى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى هه‌یه‌“.


عه‌بدولباقى عیزه‌دین، شاره‌زاى ئابوورى به‌ (باس)ى راگه‌یاند: "كردنه‌وه‌ى هه‌ر ده‌روازه‌یه‌كى سنوورى له‌نێوان رۆژهه‌ڵات و باشوورى كوردستان، له‌ چه‌ندین رووه‌وه‌ سوود به‌ به‌رژه‌وه‌ندیى گشتیى ده‌گەیەنێت و ده‌بێته‌ هۆى بوژانه‌وه‌ى ئابووریى وڵات و ره‌خساندنى هه‌لى كار بۆ چه‌ندان كه‌س و كه‌مكردنه‌وه‌ى دیاره‌ى بێكارى، بۆیه‌ گرنگه‌ كارى جدی له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ ده‌روازانه‌ بكرێت و به‌ پلانێكى تۆكمه‌ و به‌رنامه‌ى داڕێژراو هه‌وڵى كردنه‌وه‌یان بدرێت".


گوتیشى: "ده‌كرێت حكوومه‌تى هه‌رێم و كۆمارى ئیسلامیى ئێران، به‌ هه‌ماهه‌نگیى هه‌ردوولا هه‌وڵى لابردنى ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ بده‌ن، كه‌ بوونه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م كردنه‌وه‌ى ئه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌، راسته‌ له‌وانه‌یه‌ تا ئێستا لایه‌نى خراپیى رەوشى ئه‌منیى سنووره‌كه‌ به‌ربه‌ست بووبێت له‌به‌رده‌م كاركردن له‌ كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌كه‌، به‌ڵام ناشكرێت وا به‌بێده‌نگى په‌راوێز بخرێت‌“.


له‌ مانگى تشرینى دووه‌می ساڵى 2016 مورته‌زا عیبادی سه‌ركونسوڵی ئێران له‌ هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئاكره‌یی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی شارى سۆرانیان كرد به‌ مه‌به‌ستی كاركردن بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سنووری (سیده‌كان- كێله‌شین- شنۆ) ئه‌وكات له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كرمانج عزه‌ت، قائیمقامی سۆران رای گه‌یاند: "چه‌ند ساڵێكه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، مه‌رزی كێله‌شین-شنۆ، له‌ سنوورى ناحیه‌ى سیده‌كانى باشوورى كوردستان بكه‌ینه‌وه‌، بۆ یارمه‌تیدانی هه‌ردوولا له‌ بواری بازرگانی و بواره‌كانی دیكه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ین هه‌ماهه‌نگی بكه‌ین بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رزه‌ و هاتنی سه‌ركونسوڵی ئێران بۆ ناوچه‌كه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی ئه‌م هه‌نگاوه‌، چونكه‌ بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئاماده‌كاریی بكه‌ین بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌ سنوورییه".


هه‌روه‌ها ئه‌وكات مورته‌زا عیبادی، سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌ولێر رای گه‌یاند: "په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئێران په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌یه‌، ده‌بێ هه‌ردوولامان هه‌وڵی زیاتر بده‌ین بۆ پاراستنی ئارامیی سنووره‌كان، وه‌ك چۆن له‌ ئاڵۆزیی سنووره‌كان خه‌ڵكی ناوچه‌ سنوورییه‌كان زه‌ره‌رمه‌ند بوونه‌، ده‌بێ له‌ كردنه‌وه‌ی مه‌رزه‌كه‌ خه‌ڵكی شنۆ و سۆران سوودمه‌ندی یه‌كه‌م بن“.


سیده‌كان سه‌ر به‌ قه‌زاى سۆران، له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، له‌ ساڵی 1932 بووه‌ته‌ ناحیه‌ و له‌ رووی جوگرافییه‌وه‌ گه‌وره‌ترین شاره‌دێیه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق و به‌ ده‌ڤه‌ری برادۆست ده‌ناسرێ، ئه‌و شاره‌دێیه‌ له‌ 250 گوند پێكهاتووه‌، ده‌كه‌وێته‌ سێگۆشه‌ی سه‌رسنووری هه‌رێمی كوردستان، ئێران و توركیا، هه‌روه‌ها ناحیه‌ى سیده‌كان به‌ دووریی 144كم له‌ ئه‌وپه‌ڕی باكووری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای هه‌ولێر هه‌ڵكه‌وتووه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ رۆژئاوای شاری شنۆ به‌دووریی 40 كم.