پایسکلسواریی دەکرێت بە نەریت

ھاووڵاتییەک: نزیکەی ٤٠ ساڵە بۆ ڕاییکردنی کارەکانم، پایسکل بەکار دێنم

15/11/2019 - 23:37 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


ژینگەپارێزێک داوا دەکات، پایسکلسواریی بکرێتە نەریت و ھاووڵاتییەکی سنووی پشدەریش دەڵێت “ماوەی ٤٠ ساڵە پایسکل بۆ ڕاییکردنی کارەکانم بەکار دێنم”.

سەلیم میراودەلی، سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی پاراستنی سروست و ژینگە لە دەڤەری ڕاپەڕین بۆ (باس) گوتی: “بەھۆی بەکارھێنانی بەربڵاوی ئۆتۆمبیل و دەرچوونی ئەو دووکەڵ و گازە زیانبەخشانەی لێوەی دەردەچێت، مەترسیی لەسەر بڵاوبوونەوە و تووشبوونی ھاووڵاتییان بە نەخۆشیی جۆراوجۆری مەترسیدار ھەیە، ئەوە جگە لەوەی، کە قەرەباڵغییەکی زۆر لەناو شار و شارۆچکەکان دروست دەکات”.


گوتیشی: “بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییانە، دەمانەوێت لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە ھاووڵاتییان ھان بدەین، کە لەبری ئۆتۆمبێل پایسکل لێبخوڕن، کە بۆ تەندروستیی زۆر بەسوودە و ھیچ خەرجی و تێچوویەکیشی ناوێت، جگە لەوەش خزمەتێک بە ژینگەی خۆیان و وڵاتەکەیان دەکەن”.


ھاووڵاتییەکی دیکە بەناوی مام ئەحمەد، لەناو شاری ڕانیە ماوەی ١٧ ساڵە پایسکل لێدەخوڕێت، ئەو بۆ (باس) گوتی: “ بەھۆی لێخوڕینی پایشکلەو تەندروستییم زۆر باشە، کە ماوەی ١٧ ساڵە بە بەردەوامی لێی دەخوڕم”.


گوتیشی: “لە ماڵەوە ئۆتۆمبیلمان ھەیە و شوفێرییش دەزانم، بەڵام ھەر حەز دەکەم پایشکل بەکار بھێنم”.


ھاوکات عەبدوڵا حەسەن، کە ماوەی ٣١ ساڵە وەستای پایسکلە و نزیکەی ٤٠ ساڵیشە پایسکل لێدەخوڕێت بۆ (باسنیوز) گوتی: “وەک ھەستکردنێک بە کەمخەرجی و لایەنی تەندروستی و ژینگەیی، نزیکەی ٤٠ ساڵە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەم پایسکل بەکار دێنم، بەدەر لەوەش، ٣١ ساڵە وەستای پایسکلم لە شارۆچکەی قەڵادزێ و ماوەیەکیشە ماڵم ھێناوەتە ھەولێر و بەنیازم لەو شارەش لە لێخوڕینی پایسکل ھەر بەردەوام بم”.


سوودەکانی لێخوڕینی پایسکل
ئازاد محەمەد، کە مامۆستای وەرزشە و زۆرترین کات پایسکل بەکار دەھێنێت، بۆ (باس) گوتی: “بابەتی لێخوڕینی پایسکل فراوانە و پێویستی بە ئامادەسازیی تاک و حکوومەت ھەیە، پێویستە ڕێنمایی بۆ لێخوڕینی پایسکل ھەبێت و ھەندێک ئەرکی وەک شۆفێریکردن بدرێتە پایسکلسوار”.


گوتیشی: “شارەزایانی بواری پایسکلسواری ھەندێ سوودیان لە لێخوڕینی پایسکل دیار کردووە، لەوانە کاریگەرییەکی باشی بۆ دڵ و سییەکان ھەیە و بەھۆیەوە لاشە گەرمیی زیاتر دەردەدات، ئەوەش وا دەکات جووڵەی ئەندامەکانی لەش ئاسانتر ببن و ھێزی کارکردنی ماسولکەکان زیاد بێت”.


ئەو مامۆستایە ڕوونی کردەوە، کە لێخوڕینی پایسکل بە شێوەی بەردەوام، کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی چەوریی ناو خوێن و پاراستنی لاشە و زیادبوونی بەرگریی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان ھەیە”.


سەلیم میراودەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی سروشت و ژینگە باسی لەوە کرد، کە لە بەشێکی ئەو پڕۆژەیەی ئامادەیان کردووە، لێخوڕینی پایسکلە بەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و ڕوونکردنەوەی سوودەکانی لێخوڕینی پایسکلە بۆ ھاووڵاتییان، کە خۆشبەختانە زۆر ھاووڵاتی دەستخۆشی و پێشوازیی لە بیرۆکەکەیان کردووە.


میراودەلی داواشی لە حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدار کرد، کە لە دروستکردنی شەقام و ڕێگاکان ڕەچاوی ڕێگای پایسکلسواری بکرێت.