له‌ كه‌ركووك وێنه‌ى عەلی سیستانی له‌ بازگه‌ و فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كان هەڵدەواسرێت

پرۆسەی تەعریب و‌ به‌شیعه‌كردنی كه‌ركووك فراوانتر دەبێ

13/11/2019 - 17:23 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

تا دێت به‌شیعه‌كردن و تەعریبکردنی كه‌ركووك فراوانتر دەبێت و دوایین هەلوکەوتی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو شارە و وێنه‌ى عه‌لی سیستانى، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانى عێراقیش له‌ بازگه‌كانى كه‌ركووك دادەنرێت.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، فه‌رمانده‌ى سه‌پێندراوى سه‌ربازیی كه‌ركووك، بڕیاری داوه‌ وێنه‌ى عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانى عێراق له‌ بازگه‌ و بنكه‌كانى پۆلیسی سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك هه‌ڵبواسن و له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌میشدا رۆژی شه‌ممه‌ى رابردوو 9/11/2019، له‌ بازگه‌ى چیمه‌نى رێگاى نێوان كه‌ركووك- سلێمانی، وێنه‌یه‌كى گه‌وره‌ى سیستانی دانرا و پاشان له‌ بازگه‌ى تازه‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رێگاى نێوان كه‌ركووك- داقووق، بە هەییمان شێوە و بڕیاریشه‌ هه‌موو بازگه‌كه‌كان و فه‌رمانگه‌كانیش بگرێته‌وه‌.


ئه‌م هه‌نگاوه‌ش ناڕه‌زایی خه‌ڵكى كه‌ركووكى به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ لێ كه‌وته‌وه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ى كه‌ركووك بەگشتی شارێکی شیعه‌ مه‌زهه‌ب نییه‌، كه‌چی هاوشێوه‌ى شاره‌ شیعه‌نشینه‌كان، وێنه‌ و ره‌مزه‌كانى شیعه‌ له‌ كه‌ركووكیش هه‌ڵده‌كرێت.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، دواى ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك له‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی له‌ ناوه‌ندى شارى كه‌ركووك پاشه‌كشه‌یان كرد، به‌ڵام ئێستا جارێكی تر هاتوونه‌ته‌وه‌ سنوورى كه‌ركووك و له‌ شه‌وانیشدا بازگه‌ى كاتی له‌ رێگاى نێوان كه‌ركووك - حه‌ویجه‌ و كه‌ركووك - تكریت و چه‌ند شوێنێكى تر داده‌نێن.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌ به‌غدا و شاره‌كانى باشوورى عێراق، له‌م سه‌روبه‌نده‌ى خۆپیشاندانه‌كان وێنه‌ی عه‌لی سیستانییان زیاتر هه‌ڵواسیوه‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان، چونكه‌ تا ئێستاش شیعه‌كانى عێراق زۆرینه‌یان سیستانی به‌ مه‌رجه‌عی باڵاى خۆیان ده‌زانن، هه‌روه‌ها حكوومه‌تیش له‌ رێگاى به‌رپرسانه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵدا بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سیستانى ڕای خۆی له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان بخاته‌ ڕوو، كه‌ دواجار بێده‌نگیى شكاند و ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو، كه‌ داواكاریىەکانی خۆپیشانده‌ران ڕه‌وان و حكوومه‌تیش جێبه‌جێیان بكات، به‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌ده‌ركه‌وێ، كه‌ ئه‌م حكوومه‌ته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌، ئێستاش له‌ كه‌ركووك له‌ بازگه‌كان و له‌ هه‌ندێ شوێنی گشتى وێنه‌ى سیستانییان هه‌ڵواسیوه‌".


گوتیشی، ره‌نگه‌ تا ئێره‌ش كێشه‌یه‌كى ئه‌وتۆ نه‌بێت، به‌ڵام كێشه‌ له‌وه‌دایه‌، جارێكى تر حه‌شدى شه‌عبی رۆڵی پێدراوه‌ته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى رۆڵی تا ڕاده‌یه‌ك كه‌م كرابوه‌وه‌، ئێستا له‌ بازگه‌ى حه‌ولێكه‌ى كه‌ركووك چه‌كدارانی حه‌شدى لێیه‌، هه‌روه‌ها له‌ بازگه‌ى ناحیه‌ى یایچی و بازگه‌ى تازه‌ چه‌كدارانی حه‌شد ئاڵاى حه‌شدیان له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئاڵاى ره‌شی دیكه‌ى شیعه‌یان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیشدا خراپه‌، هه‌روه‌ها ژمارەیەکی زۆری شیعه‌ی خه‌ڵكى باشوورى عێراق هێنراونه‌ته‌ شارى كه‌ركووك و نیشته‌جێ كراون.


له‌م باره‌یه‌وه‌، كامه‌ران كه‌ركووكى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئێمه‌ رێزمان بۆ عه‌لی سیستانی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌پێی ده‌ستوور له‌ شوێنه‌ فه‌رمییه‌كانى حكوومه‌ت، نابێت وێنه‌ى ئه‌و دابنرێت، ئه‌و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى سیاسی و ئیداری و ئابووریشی نییه‌ و دواتر عێراق جگه‌ له‌ شیعه‌، پێكهاته‌ى تری تێدایه‌، بۆیه‌ ناكرێ وێنه‌ى ئه‌و له‌ كه‌ركووك و شوێنه‌كانى دیكه‌ش بسه‌پێندرێت".


گوتیشی، به‌كارهێنانى ره‌مزێكى شیعه‌كان بۆ مه‌رامی تایبه‌تیى خۆیان بۆ به‌شیعه‌كردنى كه‌ركووكه‌ دیاره‌ و داموده‌زگاكان كاریان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ و پرۆسەی به‌شیعه‌كردنی كه‌ركووكیش پێش ده‌خرێت، ئه‌مه‌شیان بۆ داهاتوو ده‌بێته‌ كێشه‌، له‌ ماوه‌ى رابردوودا بینیومانه‌ كه‌ شه‌ڕى مه‌زهه‌بی له‌ عێراقدا گه‌یشته‌ ترۆپك، بۆیه‌ ده‌بێ نه‌مێنێت، چونكه‌ وڵات به‌ره‌و وێرانی ده‌بات.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، فه‌رهاد كه‌ركووكى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى كه‌ركووك - گه‌رمیانى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "جگه‌ له‌ بازگه‌كان، بڕیار دراوه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كانیش له‌ كه‌ركووك وێنه‌ى عه‌لی سیستانى هه‌ڵبواسن، ئیتر نازانین، كه‌ مه‌رجه‌عیه‌تى شیعه‌كان بڕیاری داوه‌ وێنه‌ى سیستانى له‌ هه‌موو شوێنێك هه‌ڵبواسرێت، یاخود بڕیاری هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان و حه‌شدى شه‌عبییه‌".


گوتیشی، حه‌شدى شه‌عبی هه‌ڵسوكه‌وت و جلوبه‌رگ و شێوى دانانى ریش و ئاڵاكه‌یان هاوشێوه‌ى سوپای پاسدارانی ئێرانه‌، ئه‌مه‌یان ڕوونه‌ و ئێستا له‌نێو شیعه‌كانیشدا ئاڵۆزی و پشێوییەکی زۆر كه‌وتووه‌ته‌وه‌، دیاره‌ ئێستا خه‌ڵك خزمه‌ت و ژیان و ئاوه‌دانیى ده‌وێت، به‌ڵام ده‌ستى تایفەگەری وا ده‌كات، كه‌ خزمه‌ت نه‌كرێ، ئه‌وه‌ى له‌ كه‌ركووكیش ده‌كرێ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كورده‌".


كه‌ركووكى، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئێمه‌ وه‌كوو پارتی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق له‌ گفتوگۆداین، بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى كه‌ركووك چاره‌سه‌ر بێت، ئه‌مه‌یان گرنگه‌ و ئێستاش چاوه‌ڕوانى دۆخی عێراقین و كه‌ى ئێمه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ كۆتایی به‌ هه‌موو ئه‌و پێشێلكارییانه‌ ده‌هێنین، كه‌ له‌ دژی كورد و پێكهاته‌كانى دیكه‌ى پارێزگاكه‌ ده‌كرێت، ئه‌وان تاوه‌كوو له‌ كه‌ركووك حوكمڕانی بكه‌ن، ده‌توانن هه‌موو شتێك بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌یكه‌ن كاتییه‌ و كۆتایی پێ دێت.