پەکەکە ژمارەیەکی زۆر چەکداری لە رۆژئاوای کوردستانەوە هێناوەتە شنگال

قادر قەچاخ، بەرپرسی لقی پارتی لە شنگال: ئامانجی پەکەکە هێنانی تورکیایە بۆ شنگال و رێگرییە لە گەڕانەوەی ئاوارە و پێشمەرگە و ئیدارەی شەرعیی شارەکە

13/11/2019 - 17:15 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەهۆی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان و کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لەو ناوچانەی کە تورکیا لە رۆژهەڵاتی فورات هێرشی کردووەتە سەر، پەکەکە ژمارەیەک چەکداری لە رۆژئاواوە دەهێنێتە شنگال. بەرپرسی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەدات، هێنانی ئەو چەکدارانە بیانووی زیاتر دەداتە تورکیا، بۆ درێژکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکەی لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ شنگال.


ئەگەرچی بەرپرسانی تورکیا بەئاشکرا رایان گەیاندووە، کە بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە شنگال، ئەو ناوچانەش بەدەر نابن لەو ئۆپەراسیۆنەی لە رۆژئاوای کوردستان دەستیان پێ کردووە، هاوکات چەند رۆژێکیشە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەچڕی کەوتوونەتە بۆردومانکردنی ئەو شارە ئێزدینشینەی کە ئێستا بەهۆی ئاسایینەبوونەوەی بارودۆخەکەی دوای نەمانی داعش، زیاتر لە 85٪ی خەڵکەکەی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستانن و لە کەمپەکانیدا نیشتەجێن.


سەرچاوەیەکی چاودێر لە شنگال بۆ (باس) ئاشکرای کرد، هەر لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە، هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، ژمارەیان لە سنووری شنگال زیادی کردووە.


سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، رۆژ بە رۆژ هێزەکانی پەکەکە لەو ناوچانەی، کە بارەگا و بنکەیان لێی دامەزراندووە زیاد دەکات، هاوکات فڕۆکەکانی تورکیاش لەم ماوەیەدا زۆرترین هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانیان لە سنووری شارەکە.


لای خۆشیانەوە، هێزەکانى (یەپەشە)ی گرێدراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا شەڕڤانانى (یەپەشە)یان لە خانەسوور بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەک برینداریان هەیە.


لەمبارەیەوە، قادر قەچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو چەکدارانەی پەکەکە کە هاتوونەتە شنگال ئەوانەن کە لە رۆژئاوای کوردستان بوون، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، هەڵاتوونەتە شنگال، گوتیشی: ”هاتنی ئەو چەکدارانە بیانووی زیاتر دەدات بە تورکیا، کە هێرشەکانی بۆ سەر شنگال درێژ بکاتەوە“.


ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی کردەوە، ئامانجی پەکەکە لەو ناوچەیە، نەگەڕانەوەی پێشمەرگە و ئیدارەی شەرعیی شنگال و ئاوارەکانە، گوتی: ”زیاتر لە 85٪ی خەڵکی شنگال لە هەرێمی کوردستان و کەمپەکانن و متمانەیان بە پەکەکە و حەشدی شەعبی نییە بۆ شنگال بگەڕێنەوە، زیادبوونی ئەو چەکدارانە دەبێتە هۆی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان و لە دۆخێکدا ئەگەر رێککەوتنیش لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچە دابڕێنراوانەی کوردستان هەبێت، ئەوا شنگال کێشەیەکی ئاڵۆزە، چونکە بوونی چەکدارەکانی پەکەکە لەو ناوچەیە، کە هێزێکە لەدەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخێکی خراپی ئەمنیی بۆ ئەو ناوچانە دروست کردووە و مەترسیی گەورە هەیە کە تورکیا بەهۆی بوونی ئەوانەوە ئۆپەراسیۆنەکەی بگەیەنێتە شنگال“.


لای خۆشیەوە، مەحما خەلیل، قائیمقامی شنگال بۆ (باس) رای گەیاند، شنگال سەرەڕای ئەو بارودۆخەی بەهۆی هێرشی داعشەوە بەسەریدا هات، ئێستاش بەهۆی بوونی پەکەکەوە بووەتە شوێنی ململانێی نێوان توركیا و پەكەكە و پێویستە پەكەكە لە شنگال بكشێتەوە.


جەختیشی کردەوە، کە شنگال تووشی جینۆساید بووە و قوربانیی زۆری داوە و بەرگەی شەڕ و کارەسات و ماڵوێرانیی دیكە ناگرێت.