وردەکاریی بەرنامەی پێدانی کارەبا بۆ زستانی ئەمساڵ

وەزارەتی کارەبا: چاکسازیی باشمان کردووە و دۆخی کارەبا ئه‌مساڵ باشتر ده‌بێ

12/11/2019 - 17:39 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بە لێکدانەوەی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، پێشبینی کراوە خواست لەسەر کارەبا بۆ 6 هەزار مێگاوات بەرز بێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو چاکسازییانەی کراون، پێدەچێت کارەبا لە زستان کێشەی کەمتر بێت.


کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما، خواست لەسەر کارەبا زۆر زیاد دەبێت، گوتی: "لە وەزارەتی کارەبا پێشبینیمان کردووە لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا خواستی کارەبا بۆ 6 هەزار مێگاوات زیاد بێت".


لە هەرێمی کوردستان، کارەبا نزیکەی یەک ملیۆن و 600 هەزار هاوبەشی هەیە، زۆربەی هاوبەشەکانیش لە زستاندا کارەبا زیاتر بۆ خۆ گەرمکردنەوە بەکار دەهێنن.


وەزیری کارەبا روونیشی کردەوە: “ناتوانرێت پێشوەختە پێدانی ماوەکانی کارەبا دیاری بکرێت، چونکە پەیوەندیی بە کۆمەڵێک هۆکارەوە هەیە، لەوانە ئاستی خواستی هاووڵاتییان و هاوبەشانی دیکە، دابینکردنی سووتەمەنی و غاز، دروستبوونی گرفت و کێشەی تەکنیکی، پێدانی نەوت”.


لە مانگی 10دا ماوەی 12 رۆژ کۆمپانیای داناغاز بەسەرپەرشتیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەسەرکەوتوویی پڕۆسە چاکسازییەکانی پێش هاتنی وەرزی زستانی ئەنجام دا.


روونیشی کردەوە، لەوەتەی دەستبەکار بووە، بەردەوام لە رێگەی راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی پارێزگاکان و تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبا سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ وەرزی زستان، گوتی: "هاوینێکی گەرممان بەڕێ کرد و رێگەمان نەدا گرفتی کارەبا لە وەرزی هاوین بچێتە دۆخێکی سەختەوە، بۆ وەرزی زستانیش هەڵمەتەکانی چاکسازیی وەرزی دەکرێت، لەنزیکەوە ئاگاداری کەموکورتی و کێشەکانین، خۆمانی بۆ کێشەکان ئامادە کردووە، تاکوو بتوانین رووبەڕووی هەموو گرفتەکان ببینەوە".


بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دەستی پێکردووە، بە قسەی وەزیری کارەبا، ئەمە کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی کێشەی کارەبا: "چونکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر وزەی کارەبا بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکار دەهێنرێت، گفتوگۆکانمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەست پێکردووە، کە هاوکار و پاڵپشتێکی زۆری ئێمەن، بۆ ئەوەی توانای دابینکردنی غازی سروشتی زیاد بکەین، لەم رووەوە لێکتێگەیشتنی باشمان هەیە”.


سەرجەم یەکەکانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بخرێنە کار، توانایان 6 هەزار و 737 مێگاواتە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەیەکی زۆری پێویستە، بۆیە نەتواندراوە هەموویان بخرێنە کار.


ئومێد محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە (باس)ی را گەیاند، سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان جدییە لەسەر ئەوەی که‌ خزمه‌تگوزاریی ته‌واو بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت: "له‌ چه‌ند شوێنێک پێویستمان به‌ چاکسازی هه‌بوو، له ‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کدا چاکسازیمان کرد و ئێستا هیچ کێشه‌یه‌کمان نه‌ماوه‌ و چاکسازییه‌کان بۆ پێدانی کاره‌با به‌ هاووڵاتییان ته‌واو بوون".


گوتیشی:"مه‌به‌ست له‌و چاکسازییه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو که‌ بۆ وه‌رزی زستان خۆمان ئاماده‌ بکه‌ین و زۆرترین سەعاتی کاره‌با بدەین به‌ هاووڵاتییان، بۆیه‌ ئه‌مساڵ دۆخی کاره‌با به‌راورد به ‌ساڵی ڕابردوو زۆر باشتر ده‌بێت".


هەورەها گوتی: "وەزارەتی کارەبا بەپێی توانای خۆی هەوڵی چاکسازیی داوە، تەنانەت لە وەرزی پاییز و هاوینیشدا چاکسازیمان کردووە و وامان کرد هاوینی ئەمساڵ لە هاوینی ساڵی ڕابردوو باشتر بێت و نزیکەی پێنج سەعات بڕی پێدانی کارەبای ماڵان زیاتر بێت".


ئێستا دوو هێڵ لە واری جێبەجێکردندان، کە هەردوو هێڵی ستراتیژی خەبات و سۆران کاریان تێدا دەکرێت، هەروەها بۆ زستانی داهاتووش وەزارەتی کارەبا پلانی هەیە بۆ باشترکردنی کارەبای هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەش دەوەستێتە سەر بڕی زیادبوونی غازی سروشتی.


ئومێد ئاشکراشی کرد: "حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی کارەبا، بەپێی کارنامەکەی خۆی کار دەکەن لەسەر باشکردنی دۆخی کارەبا بەپێی ئەو پڕۆژانەی لە کارنامە و هێڵە گشتییەکاندا باس کراون، کە بریتیین لە زیادکردنی بەرهەمی غازی سروشتی و بڕیاریشە زیاتر بکرێت، هەروەها کۆنترۆڵکردنی خواست و ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی وزە، کە وا بڕیارە لە ڕێگەی پێوەری زیرەکەوە ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکەین، تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەش، کە بەهۆی کاریگەریی قەیرانی داراییەوە وەستابوون، بەپێی ئەو بڕە بودجەیەی لەبەردەستماندایە، دەست دەکەین بە هەنگاوەکان".


سیروان محه‌مه‌د، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی کاره‌بای سلێمانی ڕای گەیاند: “زستانی ئه‌مساڵ کاره‌بای نیشتمانی به‌ به‌راورد به‌ ساڵی ڕابردوو زۆر باشتر ده‌بێت، چونکه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی کاره‌بای سلێمانی، بودجه‌یه‌کی زۆری بۆ چاککردنی بگۆڕی کاره‌بایی و نوێکردنه‌وه‌ی تۆڕه‌کانی کاره‌با و دابینکردنی بگۆڕی یارمه‌تیده‌ر بۆ به‌شێکی زۆر له‌ گه‌ڕه‌که‌کان ته‌رخان کردووه‌”.