بڕیارە لە رێگەی بیرۆکەی پڕۆژەیەكەوە خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە 8ی حەسارۆك

 

12/11/2019 - 16:10 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

پڕۆژەی ئەوە هەیە وەبەرهێنەرێك لە بەرامبەر وەرگرتنی زەوییە بازرگانییەكانی 8ی حەسارۆكی هەولێر، خزمەتگوزاریی تەواو بۆ ئەو گەڕەكە دابین بكات.


سامان محەمەد، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بە (باس)ی راگەیان: "ئەگەر لەسەر داهاتی خۆیان هەموو خزمەتگوزارییەكان بۆ کەرتی 8ی حەسارۆكی هەولێر بكرێت، پارەیەكی یەكجار زۆری پێویستە، چونكە ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و كارەبای دەوێت، لەگەڵ قوتابخانە و مزگەوت و نەخۆشخانە، ئەوەش ئیمكانیەتێكی زۆری پێویستە".


ئەوەشی خستە ڕوو، لەسەر داهاتی خۆیان بە دوو قۆناغ بە بڕی 250 ملیۆن دینارهەندێك شەقامیان بۆ ئەو كەرتە بردووە، گوتی: "ئەگەر لە رێگەی پارێزگا، یان لە رێگەی وەزارەتی دارایی بودجە بۆ 8ی حەسارۆك تەرخان بكرێت، ئەوا كارێكی باشی بۆ دەكرێت، بەڵام تەنیا لەسەر داهاتی شارەوانی بێت، شتێكی وا نابێت".


فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، خەریكی دیراسەی چەند پلانێكن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكی 8ی حەسارۆك، گوتی: “تەنیا بۆ دروستكردنی رێگا ناوخۆییەكانی 8ی حەسارۆك، پێویستمان بە 85 ملیار دینارە، لەم قۆناخەدا ئەوەمان نییە و زەحمەتە، بەڵام لە بەرنامەی لەپێشینەمانە ئەو خزمەتگوزارییەی بۆ بكرێت".


روونیشی كردەوە، ئێستا رێگایەكی تر هەیە، بەڵام پێویستی بە رەزامەندیی سەرۆكی حكوومەت و وەزیری شارەوانی هەیە، ئەویش ئەنجامدانیەتی لە رێگەی كەرتی تایبەت، گوتی: "وەبەرهێنەرێك هاتووەتە پێش، دەڵێت خزمەتگوزارییەكان دەكەم، ئەویش لەبەرامبەر پێدانی زەوییە بازرگانییەكانی ئەو گەڕەكە، كە ژمارەیەكی زۆری ئەو زەوییانە ماون، بیرۆكەكەمان قبووڵە و دواتر ئێمەش دیراسەی خۆمان دەكەین".


زەوییەكانی کەرتی 8ی حەسارۆكان دەكەونە سەر رێگای كۆیە، پشت فلۆریا ستی لە هەولێر، خەڵكانێكی زۆر ماوەی 15 ساڵە چاوەڕێی خزمەتگوزارین.


سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، پشتیوانی لەوە دەكات، لە رێگەی كەرتی تایبەت خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو كەرتە دابین بكرێت، دەشڵێت: "پشتیوانی لەو بیرۆكەیە دەكەین، كە بەڕێز پارێزگاری هەولێر باسی دەکات، تاوەكوو وەبەرهێنەرێك خزمەتگوزاری بۆ كەرتەكە بكات، لەبەرامبەر پێدانی زەوییە بازرگانییەكان، ئێمە حەز دەكەین ئەو كارە بكرێت".


گوتیشی: "ئەگەر ئەوە بكرێت، دەبێت رەزامەندیی سەرۆكی حكوومەتی بۆ وەربگیرێت".


ئاشكراشی كرد، كەرتەكە 16هەزار پارچە زەوی لەخۆ دەگرێت و تاوەكوو ئێستا 10%ی خانووی لەسەر دروست نەكراوە، گوتیشی: "كاتێك حكوومەت ئیمكانیەتی دارایی هەبوو، خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكەكانی تر كرا، بەڵام كە نۆرەی ئەوان هات، قەیرانی دارایی دروست بوو و نەتواندرا كارێكی باشی بۆ بكرێت".