بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان رێكارێك دەگیرێتە بەر

 

12/11/2019 - 16:08 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (باس) كەوتوون، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان، سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی لە پرسی تایبەت بەئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان ئاگادار كردووەتەوە.


بەپێی زانیارییەكان، ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی بۆ فەرمانگەكان خستووەتە ڕوو، بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی و ئەلیكترۆنی بۆ راپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتییان، فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری، كە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە، راسپێدراون سەردانی گشت دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.


سەردانیكردنی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری بۆ دامودەزگاكان، بۆ وەرگرتنی زانیارییە لەسەر گشت ئەو سیستەمانەی ئێستا كاریان لەسەر دەكرێت.


هیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاریی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان، بە (باس)ی راگەیاند: "لەسەر بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەمان پێكهێناوە، دەمانەوێت زانیاری لەسەر ئەو سیستەمانەی كەوا فەرمانگەكان بۆ مامەڵەی رۆژانەی خۆیان و هاووڵاتییان بەكاری دەهێنن، كۆ بكەینەوە".


ئاماژەی بەوەش دا، مەبەستیان لەو كارە ئەوەیە، بتواندرێت لە رێگەی ئەلیكترۆنی مامەڵەی هاووڵاتییان باشتر و خێراتر ئەنجام بدرێت، چونكە کابینەی نوێ بایەخێكی زۆر بە خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان دەدا.


لە بڕگەیەكی كارنامەی كابینەی نۆیەم، كە لە لایەن سەرۆكی حكوومەت لە پەرلەمان خوێندرایەوە، هاتووە: “کار دەکەین بۆ نەهیشتنی ڕۆتین، هەروەها خێراکردنی ڕاپەڕاندنی ئیشوکاری هاووڵاتییان و هەرچی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنییەکان دەدەین”.


لە بەشێكی تری كارنامەكە هاتووە: “بەئەلەکترۆنیکردنی کاروباری حکوومەت (حکوومەتی ئەلکترۆنی)، چ لە ئاست کاروباری ناوخۆی حکوومەت و چ لە ئاست پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنییەکان بۆ هاووڵاتییان، لە ئەرکە لە پێشینەییەکانمان دەبێت و بەم هۆیەوە ڕێگە لە ڕۆتین و بەهەدەردانی سامانی گشتی و کاتی هاووڵاتییان و دامەزراوەکان دەگیرێت و کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکرێتەوە”.


ئەفەندی روونی دەکاتەوە، کابینەی ئێستای حکوومەت کۆمەڵێک پڕۆژەی ئەلیکترۆنیی ئامادە کردووە و دەیەوێت لە ساڵی یەکەم و دووەمی کابینەکەدا جێبەجێیان بکات، گوتی: "هەندێک لەو پڕۆژانە راستەوخۆ خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان دابین دەکەن، هەندێکی تریش پتەوکردنی حوکمڕانییە لە رێگەی داتا و سیستەمی دروستەوە".


جەختیشی كردەوە، یەکێک لە هەنگاوەکانی حکوومەت، دروستکردنی حکوومەتی ئەلیکترۆنی و راییکردنی مامەڵە و خزمەتگوزاریی هاووڵاتییانە بە رێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت: "ئەم هەنگاوە بەشێکی جێبەجێ کراوە، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێ، زۆربەی مامەڵەکان بە رێگەی ئەلیکترۆنی رایی بکەین، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورەیە بۆ هاووڵاتییان و کۆنتاکتێکی گەورەش لەنێوان هاووڵاتییان و هەموو ئاستەکانی حکوومەت دروست دەکات".