کامێراکانی هاتوچۆ زیاد دەکرێن

 

12/11/2019 - 16:06 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەرپرسێکی هاتوچۆ ئاشکرای دەکات، لەناو شاری هەولێر کامێرای هاتوچۆ بۆ دوو بەرامبەر زیاد کراون. روونیشی دەکاتەوە، بە رێنمایی وەزیری ناوخۆ، مەفرەزەکانی هاتوچۆ زیاد کراون.


لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەولێر بە (باس)ی راگەیاند، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی کامێرای چاودێرییەوە، لەو شوێنانەی زیاتر رووداویان لێ روو دەدات کامێرا زیاد دەکەن، گوتی: "ئێستا لەناو شاری هەولێر زیاتر لە 26 کامێرای چاودێریی جێگیر هەیە و زیاتر لە 40 کامێرای ناجێگیریش هەن، کە رۆژانە شوێنی دانانیان دەگۆڕدرێت".


پێشووتر لەنێو شاری هەولێر تەنیا 11 کامێرای جێگیر لە شەقامە جیاجیاکانی ناوشار داندرابوون.


لیوا هێرش روونی کردەوە، کامێرا خولاوەکان زیاتر لەو شوێنانە دادەندرێن، کەوا رووداوی هاتوچۆ و تیژڕەویان تێدا دەکرێ، ئەگەر کامێرای جێگیر لەو شوێنانەش داندرا، ئەوکات کامێرای خولاو هەڵدەگیرێت.


دووپاتیشی کردەوە، دوای زیادکردنی کامێرای، رووداوەکانی هاتوچۆ لە هەولێر زۆر کەمیان کردووە و زیانی رووداوەکانی هاتوچۆش کەمتر بوونەتەوە.


سەرەتا غەرامەی هاتوچۆ هەمووی وەکوو یەک بوو، بەڵام دواتر دەستکاری کرا، ئێستا کەمترین سزای لێدان لە کامێرای هاتوچۆ 60 هەزار دینارە و بەپێی خێرایی ئۆتۆمبێلیش بڕی سزاکە زیاد دەکات، تاوەکوو سەرووی 200 هەزار دینار.


ئەو بەرپرسەی هاتوچۆ ڕوونی کردەوە، ئامانج لە دانان و زیادکردنی کامێراکان، بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانە، ئامانج لێی پارە نییە، گوتیشی: "کاتێک غەرامەی کامێرا کرایە قیست، بۆ ئەوەبوو بە شۆفێران بڵێین مەبەست لەو کارە پارە نییە".


لیوا هێرش ئاماژەی بە بڕیارێکی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد، گوتیشی: "رێنماییمان لە وەزیری ناوخۆ بۆ هات، کە مەفرەزەی ئۆتۆمبێل لە رێگاکانی دەرەوە زیاتر بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت رووداوەکان کەم بکرێنەوە، یان ئەگەر رووداویش رووی دا، ئەوا ئۆتۆمبێلی هاتوچۆ و مەفرەزەکان بە زووترین کات بگەنە سەر رووداوەکە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە زیاتر گرنگیمان داوە بە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی قەزا و ناحیەکان و مەفرەزی گەڕۆکمان لە رێگاوبانەکانی دەرەوە زیاتر کردووە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی رووداوەکان و رێگەگرتن لە خێرایی".