قوتابییانی بناری قەندیل لەژێر خێوەتدا ساڵی نوێی خوێندنیان دەست پێکرد

بەهۆی بوونی بارەگاکانی پەکەکە و بۆردومانی تورکیاوە

11/11/2019 - 21:48 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەهۆی بۆردومانی ژمارەیەک گوندی بناری قەندیل لە سنووری پشدەر، بەشێکی زۆری گوندنشینان بە ناچاری ماڵەکانی خۆیان چۆڵ کردووە و ئێستا لەژێر خێوەتدا ژیان بەسەر دەبەن، هەروەها قوتابییەکانیش بەشێکیان وازیان لە خوێندن هێناوە و بە کاری ئاژەڵدارییەوە خەریکن، بەشێکیشیان لەژێر خێوەتدا ساڵی نوێی خوێندنیان دەست پێکرد.


لەمبارەیەوە ئاوات عوسمان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندی زێوکەی سنووری بناری قەندیل، بە (باس)ی ڕاگەیاند: "له‌دوای بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر گوندی زێوکە لە دەڤەری پشدەر، گوندەکە بەتەواوی چۆڵ کرا و قوتابخانەی گوندەکە زیانی پێکەوتووە و مامۆستایانیش بۆ بەردەوامیدان بە خوێندن، لەژێر خێوەت و سێبەری درەختەکان وانە دەڵێنەوە".


ئاشکراشی کرد، کە چوار مامۆستا لە قەڵادزێوە دێن وانە بە ١٥ قوتابی لەژێر خێوەت لە گوندی سەرخانی دەڤەری پشدەر دەڵێنەوە، کە لە کاتی بۆردومانەکە گوندنشینان گوندەکانی خۆیان جێ هێشتووە و لەوێ نیشتەجێ بوون.


جێی ئاماژە پێدانە، ئه‌و ناوچه‌یه‌ (بناری قەندیل) ناوچەیەکی سارده‌ و باران و به‌فری زۆری تێدا ده‌بارێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی زستاندا ناتوانن به‌م شێوه‌یه‌ لە خوێندن بەردەوام بن.


لای خۆیەوە عەبدوڵا عەباس، بەڕێوەبەری شارەدێی ژاراوە بە (باس)ی ڕاگەیاند: "گوندی زێوکە و سوولی سونێ، لە ترسی دووبارەبوونەوەی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، گوندەکانیان چۆڵ کردووە، بەڵام بۆ ئەوەی منداڵە ئاوارەكانی گوندی (زێوكە) خوێندنیان دوانەکەوێت، وەکوو هەنگاوی سەرەتا لەژێر خێوەتدا لەسەر چۆمی سەرخانی نزیک گوندی سونێ، کە ئاوارەکانی گوندی زێوکەی تێدا گیرساوەتەوە، دەوامی قوتابیانییان دەست پێ کردووە".


گوتیشی: "ئەمە وەکوو قۆناخی سەرەتایە و لە ھەوڵدا دەبین، کە جێگەیەکی باشتر بۆ خوێندنی ئەم منداڵە ئاوارانە ئامادە بکەین".


بەڕێوەبەری شارەدێی ژاراوە ئاشکراشی کرد، شوێنەکە مەترسیی بۆردومانی لەسەر ماوە و ئێستا خەڵکی ئەو گوندانە، کە نزیکەی 80 خێزانن، لە گوندی سەرخانی سنووری پشدەر نیشتەجێ بوون.


بناری قەندیل سەر بە دەڤەری پشدەرە، ڕێژەی دانیشتووانەکەی 28 هەزار کەسە و خاوەنی 65 گوندە، ئەو گوندانەی کە چۆڵ کراون، نزیکەی 80 خێزان دەبن.