سیستەم لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی تەنیا لە بەرژەوەندیی عەرەبی شیعەدا دەبێت

لەپەنای داواکاریی خۆپیشاندەران و هەمواری دەستووری عێراقدا

09/11/2019 - 17:10 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ئەجێندایەکی دیکەی نوێی هێزە سیاسییە عێراقییە باڵادەستەکان لەپاڵ خۆپیشاندانەکان ئاشکرا دەبێت، کە داوای گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی لە عێراق بۆ سەرۆکایەتی دەکات، چاودێرانی سیاسیی کوردیش روونی دەکەنەوە، کە ئەو داوایە بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرکردە عەرەبە شیعەکانە بەسەر هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، کە لەو ڕێگەیەوە هەموو دەسەڵاتە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان قۆرخ دەکرێت.

رۆژانە لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە عێراق، داوا و ئەجێندای سیاسیی نوێ دێنە ئارا، کە لە خۆپیشاندانەکاندا بە هیچ شێوەیەک بۆ چارەسەری کێشەکان، یان باشترکردنی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق باس نەکراون.

لەپاڵ ئەو دەنگەی لە عێراق داوای هەمواری دەستوور دەکات، لە چەند رۆژی رابردوودا، هەندێ لە لایەنە شیعەکان داوای ئەوەشیان کرد، کە پێویستە سیستەمی پەرلەمانی لە عێراق بۆ سەرۆکایەتی بگۆڕدرێت، پێشتریش لەپەنای داوای خۆپیشاندانەکانەوە بە بڕیارێک لە پەرلەمانی عێراق، کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانیان راگرت، لەکاتێکدا ئەو ئەنجومەنانە هەڵبژێردراوی خەڵکن و بەپێی دەستووری عێراق لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە دامەزراون، کەوابێت ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەو پرسەش نایاسایی بووە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، هادی عامری، سەرۆكی فراكسیۆنی (ئەلفەتح)، کە دووەم گەورەترین هێزی نێو پەرلەمانی عێراقە، داوای نەهێشتنی سیستەمی پەرلەمانیی عێراقی كرد و بە سیستەمێكی شكستخواردوو وەسفی كرد، داواشی كرد گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە دەستووردا بكرێت.
عامری، کە بە کەسایەتییەکی نزیک لە ئێران ناسراوە، لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، سیستەمی پەرلەمانی لە عێراقدا شكستی خۆی سەلماندووە و چیتر كەڵكی نەماوە، بۆیە پێویستە سیستەمی پەرلەمانی بە سیستەمێكی تر بگۆڕدرێ، كە لەگەڵ دۆخی عێراقدا بگونجێت.
لەمبارەیەوە، مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغدا، بۆ (باس) رای گەیاند، وڵاتانی ئیقلیمی بە گونجاوی دەزانن، عێراق بکەنە دەوڵەتێکی سەرۆکایەتیی مەرکەزی، گوتیشی: ”چارەسەرکردنی کێشەکانی نەبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی لە عێراق بە گۆڕینی دەستوور نابێت، بەڵکوو بە دەستبڕینی حزب و میلیشیاکانی دەبێت لە دەوڵەت و ئابووریی وڵات و داخستنی نووسینگەی ئابوورییەکانیان، کە ئابووریی وڵاتیان قۆرخ کردووە و ژینگەی بەرھەمھێنانیان کوشتووە“.
ئاماژەی بەوەش دا، کێشەی سەرەکی لە عێراق رێزنەگرتن بووە لە دەستوور و یاساکان، گوتیشی: ”عێراق یەکێکە لە وڵاتە پێشەنگەکانی دونیا، کە یاسای تێدا پێشێل دەکرێت، بەڵام ئێستا شەقامی عێراقی وا تێگەیەندراوە، کەوا ھۆی نەھامەتییەکانیان دەستوورە، بەڵام لەڕاستیدا ھۆی نەھامەتییەکان حزبەکان و بەشێک لە سەرکردەکانی عێراقن، کە لە ئیدارەدانی دەوڵەت فەشەلیان ھێناوە و پێویستە دان بەو فەشەلەدا بێنن“.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی کورد ئاشکراشی کرد، کە بەشێک لە ئامانجی گۆڕینی دەستوور لێدانە لە سیستمی فیدراڵی و لامەرکەزیەت لە عێراق، گوتیشی: ”وڵاتانی ئیقلیمی بە گونجاوی دەزانن سیستمی فیدراڵی ھەڵبوەشێننەوە و عێراق بکەنە دەوڵەتێکی سەرۆکایەتیی مەرکەزی و سیاسەتی ئابووری و ئەمنی و سەربازی و دەرەوە، ھەمووی لە مەرکەزەوە بێت“.

هاوکات، محەمەد ئەمین فارس، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو لایەنانەی باس لە گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی دەکەن، داوای گۆڕینی دەستوور بەگشتی دەکەن، گوتی: ”بەگشتی بەهۆی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق، بەتایبەتی شیعە و سوننە و کورد، سیستەمی پەرلەمانی گونجاو و باشترە، نەخاسمە لە وڵاتێکی فرەپێکهاتەیی وەکوو عێراقدا“.

ئەو پەرلەمانتارەی کورد لە عێراق، ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر سیستەمەکە پەرلەمانی بێت، زیاتر لایەنەکان بەشدار دەبن لە دەسەڵات و شێوازی تەوافوقی دەبێت، بەڵام ئەگەر بوو بە سەرۆکایەتی، دەسەڵاتەکە زیاتر لە دەستی کەسێکدا دەبێت، بێ گومان ئەو کەسەش عەرەبی شیعە دەبێت.
لای خۆشیانەوە، سیاسەتوان، دکتۆر مەحمود عوسمان، بۆ (باس) رای گەیاند، هەندێ لە سەرکردە شیعەکان بە ئامانجی وەرگرتنی دەسەڵاتی تاکەکەسی، دەیانەوێ سیستەمەکە بۆ سەرۆکایەتی بگۆڕن، گوتیشی: ”لە عێراق کێشە لە سیستەمدا نەبووە، بەڵکوو لە بەڕێوەبردنی سیستەمەکەدا بووە، کاتێک ئەوان دەڵێن سیستەمی پەرلەمانی سەرکەوتوو نییە، بەڵام پرسیار ئەوەیە، بۆ لە وڵاتێکی دیکە سەرکەوتووە، بەڵام لە عێراق سەرکەوتوو نییە، لەوەدا ئەوە روون دەبێتەوە، کێشەکە لە بەڕێوەبردنەکەدایە، بەڵام بەڕێوەبەرانی لە حوکمڕانیدا ساڵانێکە فەشەلیان هێناوە و دەیانەوێ شانەکە بەسەر شتی دیکەدا بشکێنن“.

ئەو چاودێرە سیاسییەی کورد ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی ئەوانە داوای دەکەن هەڵەیەکی گەورەیە و کەسێک دەکاتەوە بە دیکتاتۆر لە عێراق و سەردەمی رژێمی پێشوو سەرهەڵدەداتەوە، گوتیشی :”ئەگەر ئەوانە بیانەوێ تەوافوق نەمێنێ و بە زۆرینە و کەمینە بێت، ئەوا دۆخەکە بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە، لەو دۆخەدا کورد دەبێت یەکگرتوو بێت و ئەوەی بە دەستی هێناوە بە قوربانیدان و خەبات و خوێنی شەهیدان لە دەستی نەدات، تەنانەت نابێت کورد ئەوە قبووڵ بکات، کە عێراق بۆ سەردەمی دیکتاتۆر بگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر گەڕایەوە، ئەوا ئازادی و مافەکانی پێشێل دەکرێت“.