پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادە کراوە

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی کوردستان و سەرکۆماری عێراقدا دەخرێتە روو

 

05/11/2019 - 08:45 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادە کراوە و وا بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستاندا و سەرکۆماری عێراق و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، لە هەولێر، ناوەڕۆکەکەی بۆ گفتوگرکردن بخرێتە ڕوو، هاوکات لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستووریش لە عێراق کۆ دەبێتەوە و ئەو ماددانە دەستنیشان دەکات کە وا بڕیارە هەموار بکرێنەوە.

ئەمڕۆ سێشەمە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، (سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان و  سەرۆکی حکوومەت) بە ئامادەبوونی سەرکۆماری عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کورد لە عێراق و نوێنەرانی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، لە هەولێر کۆ ببنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی (باس)، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، رەشنووسی پرۆژەیاسایەکی نوێی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان پێیە و دەیەوێ لەو کۆبوونەوەیەدا بیخاتە ڕوو، بەپێی زانیارییەکانی (باس) ئامانجی سەرەکیی سەردانی (بەرهەم ساڵح)یش بۆ هەولێر، ئامادەکاریی زیاترە بۆ پاکنووسکردنی ناوەڕۆکی ئەو پڕۆژەیە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ (باس) ئاشکرای کرد، لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان و داوای لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، سەرۆکایەتیی کۆمار لە هەوڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی نوێ بووە بۆ هەڵبژاردنەکان لە عێراق و بەپێی ناوەڕۆکی ئێستای پڕۆژەکەش بێت، کە قابیلی گفتوگۆکردنە، تەواوی ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، بە کەسانی پیشەیی و بێلایەن دەگۆڕدرێن کە ئامانج لە گۆڕینی ئەو یاسایەی، کە ئێستا بەرکارە ئەوەیە، کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەنگدانەوەی دەنگی هاووڵاتییانی عێراق بێت و پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی دادپەروەر مسۆگەر بکات.

سەرچاوەکەی نزیک لە سەرۆکایەتیی کۆمار، هەر لەم بارەیەوە ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەجێندای سەرەکیی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر، لە بەشداریکردنی لەو کۆبوونەوە فراوانەی هەولێر، کە بە بەشداریی لایەنە سیاسییەکان و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، خستنەڕووی ئەو پڕۆژەیاسا نوێیە و گفتوگۆکردنە لەسەری، تاوەکوو کوردیش وەکوو پێکهاتەیەکی سەرەکی لە عێراق، لە یاسا نوێیەکەدا مافەکانی پارێزراو بێت.

هاوکات هەر ئەمڕۆ، بەپێی زانیارییەکانی (باس)، لیژنەی هەمواری دەستووری عێراق بە بەشداریی سێ ئەندامی کورد لە لیژنەکە، کە هەرسێکیان سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی (پارتی، یەکێتی و گۆڕان)ن لە بەغدا، کۆدەبێتەوە و تیایدا باس لەو ماددانە دەکرێ، کە پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەی هەولێردا، هەموو پارت و پێکهاتەکانی کوردستان بانگهێشت کراون و ئامانجێکی تری کۆبوونەوەکەش دروستکردنی رایەکی کوردستانییە سەبارەت بەو رووداو و پێشهاتانە، کە بەهۆی بارودۆخی ئێستای عێراقەوە دێنە پێشەوە، بەتایبەتی پرسی هەموارکردنەوەی دەستوور و دیاریکردنی ئەو هێڵە سوورانەی، کە هەرێمی کوردستان ڤیتۆی لەسەر دەبێت و ڕێگە بە هەموارکردنەوەیان نادات. 

لەم بارەیەوە، بڵند ئیسماعیل وەسانی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سێ سەرۆکایەتییەکە، کە بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، جگە لە خستنەڕووی پرۆژەیاسای پێشنیارکراوی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئامانج لێی خۆئامادەکردن و دروستکردنی یەکدەنگییە لەنێوان هەموو لایەن و پێکهاتە سیاسییەکانی کوردستان، سەبارەت بەو بارودۆخەی لە عێراقدا دروست بووە، بۆ چۆنیەتیی مامەڵەكردنی كورد لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیەدا، كە چۆن مامەڵە لەگەڵ پێشھاتەكانی ئێستای عێراقدا بكات، لە پرسی هەموارکردنەوەی دەستوور و هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەروەها ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە دەبێت».

هاوکات، محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، بۆ (باس)ی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و کەسی یەکەمی لایەنە سیاسی و کوتلەکانی پەرلەمان و نوێنەری پێکھاتەکان، لە شاری ھەولێر بەڕێوە دەچێت.

جەختی لەوەش کردەوە،کە لەو کۆبوونەوەیەدا تێڕوانین و بۆچوونی لایەنەکان لەسەر دۆخی عێراق و ھەموارکردنەوەی دەستوور، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستووریش، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: «ئەمڕۆ سێشەمە، بە بەشداریی 18 ئەندام، لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق، یەكەم كۆبوونەوە لە شاری بەغدا ئەنجام دەدات‌»‌.

ڤیان سەبری گوتیشی: «یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەکە بۆ رێكخستنی كارەكان دەبێت و ژمارەیەك ئەكادیمی و یاسایی و شارەزای ئەو بوارە بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا دەکەن».

لەبارەی ئەو ماددانەی دەیانەوێت لە دەستووردا هەمواری بكەنەوە،  ڤیان سەبری گوتی: «تا ئێستا ئەوەی هەیە فكرەیە و باس لە هیچ ماددەیەك نەكراوە».

سەبارەت بەو پڕۆژەیاسا نوێیەی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ هەلبژاردنەکانی عێراق، ڕێبوار هادی، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بۆ (باس) روونی کردەوە، ئەو پڕۆژەیەی ئێستا لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمار ئامادە کراوە و وا بڕیارە بگات بە پەرلەمانی عێراق. رێوشوێنی دیکەی ماوە تاوەکوو یەکلا ببێتەوە، گوتی: “هەر پڕۆژەیاسایەک لە سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بێت، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکات، دەدرێت بە لیژنەی یاسایی و لەوێشدا گفتوگۆی یاسایی لەسەر دەکرێت و دواتر دەدرێتەوە بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بۆ ئەوەی بیخاتە گفتوگۆی پەرلەمانەوە، لەبەرئەوە پڕۆژەکە ئێستا هەر ناوەڕۆکێکی هەبێت، دوای دەنگدانی پەرلەمانتاران لەسەری و پەسەندکردنی یەکلا دەبێتەوە”.

لای خۆشیانەوە، شێروان میرزا، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا، بۆ (باس) رای گەیاند، پێشبینی دەکرێت، هەفتەی داهاتوو ئەو پڕۆژەیە بگات بە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: “پڕۆژەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار، لەلایەن تیمێکی پسپۆری نێودەوڵەتی و شارەزایانی یاسایی و راوێژکارانی سەرکۆمار لەسەر ئەو داوایانەی، کە سەندیکاکان و خۆپیشاندەران لە ڕێگەی میدیاوە خستوویانەتە ڕوو، ئامادە کراوە، بەڵام ئەوەی ئامادە کراوە کۆتایی نییە و سەرۆکایەتیی کۆمار لە هەوڵی ئەوەدایە، ناوەڕۆکەکەی لە ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان باشتر بکات”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا هەر قسەکردنێک لەسەر ناوەڕۆکەکەی، کە نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، رەنگە راست دەرنەچێت، گوتیشی: “ ئەو ناوەڕۆکەی، کە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، سەرەتا دوای گفتوگۆ دەبێت لەگەڵ لایەنەکان و خەڵک و پێکهاتەکان، دوای ئەوەیشی دێتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت، دەدرێت بە لیژنەی یاسایی پەرلەمان و لەوێشدا بەشێوەی یاسایی رێک دەخرێتەوە و دواتر دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی عێراق و دوای گفتوگۆکردن لەسەری، پەسەند دەکرێت، لەبەر ئەوە بۆ زانینی ناوەڕۆکی کۆتایی پڕۆژەکە، دەبێت چاوەڕوانی گەیشتنی پڕۆژەکە بین بە پەرلەمان و بۆ کۆتایی پڕۆژەکەش، ئەوا پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدات“.