25 ھەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریادا ماون

دوای کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی گومانەکان زیاتر دەبن

04/11/2019 - 23:35 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە عێراق، چاودێرانی ئەمنی و سیاسی پێشبینی سەرهەڵدانەوەی داعش لە دۆخی ئێستای عێراقدا بەناوی نوێی و فۆرمی جیاواز دەکەن، هاوکات کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش پێشبینیەکانی زیاتر کردووە.


هەر لەدوای ھێرشەكانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، گرووپە چەکدارەکانی داعش لە عێراق و سووریا دەستیان بە جووڵەی جیاواز و فراوان كردووە، بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری، داعش لەم ماوەیەدا سوودی زۆری لە ئاڵۆزییەكانی سووریا بە هەڵاتنی چەکدارەکانی لە زیندان و خۆپیشاندانەکانی عێراق لە چەند رۆژی رابردوو بینیوە، کە بە شێوەیەک ئەگەری ئەوە هەیە، رێكخراوێكی دیكەی تیرۆریستیی ھاوشێوەی داعش بە ناوی جیاواز و فۆڕمی دیکە سەرهەڵبدات، کە بانگەشە بۆ ئەوە بکات، ناوچە سوننییەکان دەپارێزێت و ئازادیان دەکات لە دەستی ئەو میلیشیا شیعانەی، کە لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە سوننیەکان لەلایەن سوپای عێراق بە هاوکاریی هاوپەیمانان لەدەست چەکدارەکانی داعش، هاوشێوەی ئەو گرووپە توندئاژۆیە، دەستیان بەسەر ناوچە سوننیەکاندا گرتووە و دەستبەرداری تاڵانی و گرتن و کوشتوبڕی خەڵکەکەی نەبوون.


ئەو پێشبینیانە لە کاتێکدایە کە بەیانیی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، ئەبووبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، ناسراو بە (داعش)، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک شاری ئیدلب لە سووریا کوژرا.


ئەوەش گومانەکانی زیاتر کرد، کە لە دوای نەمانی سەرکردایەتیی داعش، بۆ جارێکی دیکە چەکدارەکانی لەژێر ناوی دیکە و بە فۆڕمی جیاواز سەرهەڵبدەنەوە.


هاوکات، بەپێی سەرچاوەکانی زانیاریی (باس)، داعش ئێستا لە خۆئامادەکردندایە بۆ کۆکردنەوەی چەکدارەکانی و سوودوەرگرتن لە هەر دەرفەتێک، کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی عێراق و خۆپیشاندانەکانیەوە دروست دەبن، بەتایبەتی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی، کە دەکەونە ناوچەکانی سوننەنشینەوە، کە لەلایەک بارودۆخی ژیانی خەڵکەکەی خراپە و لەلایەکی دیکەش تایفەگەری و زەمینەی فکری توندڕەوی دەرفەتی زیاتری کۆنتڕۆڵکردن و فراوانکردن بە چەکدارەکانی دەدات.


بەپێی زانیارییەکان، بارودۆخی مووسڵ بە شێوەیەک ئاڵۆز بووە، کە دەرفەتی دووبارە کەوتنەوە دەستی ئەو شارەی بە داعش داوە، بەشێوەیەک، ئێستا شەوانە زۆر لە ناوچەکانی ئەو شارە بە دەستی داعشەوەیە و شانەی نووستووی زۆریشی تیادا ماوە.


لەمبارەیەوە، بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو بارودۆخەی، کە دروست بووە لە سووریا بەهۆی هەڵاتنی چەکدارەکانی داعش لە گرتووخانەکان، هەروەها ئەو بارودۆخەی لە عێراق هەیە، لە رووی خۆپیشاندان و ئەو واقیعە ژیانەی کە خەڵکەکەی هەیەتی، زەمینەی لەباری داوەتە داعش بۆ جارێکی دیکە سەرهەڵبداتەوە، گوتیشی: “داعش لە رووی رێکخستنەوە ماوە و پەیوەندیی سەرانی داعش لەگەڵ چەکدار و شانە نووستووەکانی هەیە و هەر دەرفەتێک بە داعش بدرێت، ئەوا دەیقۆزێتەوە و مەترسییەکی گەورەیە لەسەر عێراق و سووریا”.


هاوکات، سەردار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغدا، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە (فەیسبووک) نوسیوویەتی: “لە تەوقیتی کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی نیگەرانم، دڵنیام گۆڕانکاریی سەیر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بزانین چۆن دەکەوێتەوە، کێ دەبێت بە خەلیفەی داعش؟ داعش بە هەمان ناوەوە دەمێنێتەوە، یان رۆڵەکەی تەواو بوو، یاریەکە تەواو بوو یان جانەوەرێکی دیکە لە شوێنی پەیدا دەبێت، وەکوو چۆن پاش زەرقاوی، بەغدادی ناوی قاعیدەی لە عێراق گۆڕی.


لای خۆشیانەوە، مەریوان نەقشبەندی، شارەزا لە داعش و گرووپە توندئاژۆکان، بۆ (باس) رای گەیاند، داعش لەسەر پێی خۆی وەستاوەتەوە و بارودۆخی عێراقیش زۆر لەبارە بۆ دەرکەوتنەوەی بە فۆرم و ناوێکی نوێ، گوتیشی: “بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، نزیکەی 25 هەزار چەکداری داعش ئێستا لە عێراق و سووریادا ماون، چ لەوانەی خۆیان حەشار دابوو وەک شانەی نووستوو، چ ئەوانەی لە زیندان ھەڵاتوون”.


ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان ترسیان لەو بێدەنگییەی ناوچە سوننییەکان لە خۆپیشاندانەکانی عێراق هەیە، گوتی: “بێدەنگیی ناوچە سوننییەکانی عێراق ئەوەندەی تر گومانەکان خەریکە دەکات بە راستی، کە داعش دەیەوێ دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێتەوە”.


نەقشبەندی، جەختی کردەوە، دوای بن لادن، زەرقاوی و بەغدادی، سەرھەڵدانی ھاوشێوەکانیان دەبینین و لەناو عەرەبەکانیش نەبێ ھیچ کەسێکی دیکە بۆ ئەو بەرپرسیاریەتیی خەلیفە و ئەمیری ئەو گرووپانە قبووڵ ناکرێت.