لەسەر پشتگوێخستنی بڕیارەکانی قەندیل پەکەکە لە مەزڵوم عەبدی نیگەرانە

هەسەدە رێککەوتنەکانی ئەمەریکا و رووسیا لەگەڵ تورکیا قبووڵ دەکات

30/10/2019 - 22:26 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

هێزەکانی سووریای دیموکرات دەبنە چەند باڵێک و باڵی سەرەکیی هێزەکە، بە فەرماندەیی مەزڵووم عەبدی لە قەندیل دادەبڕێت. ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیش پێی وایە، دوای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان، (هەسەدە) ناتوانێ لە ناوچە عەرەبییەکان بەو هێزەی ئێستای بمێنێتەوە.

 

یەکشەممەی رابردوو (27-10-2019)، لەسەر بنەمای رێککەوتنی تورکیا - ئەمەریکا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەفەرمی کشانەوەی خۆی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان (سووریا و تورکیا)، راگەیاند.


هاوکات، ئاژانسی (سانا)ی سەر بە رژێمی سووریاش بڵاوی کردەوە، کە هەسەدە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی سەرۆکەکانی تورکیا و رووسیا، 32 کیلۆمەتر لە ناوچە سنوورییەکان دەکشێتەوە.


پێشتریش، لە بەیاننامەیەکدا کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رای گەیاندبوو، کە پابەندی رێککەوتنی تورکیا لەگەڵ رووسیا و ئەمەریکا نابن و ئەگەر تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکەی بەردەوام بێت، ئەوا هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبەرامبەر بەو داگیرکارییەی تورکیا دەوەستنەوە.


هەر لەم چەند رۆژەشدا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، داوای لەو هێزانە کرد بەرەو ناوچەکانی نەوت لە سووریادا بڕۆن و لە ناوچەی ئارام لە سووریا بکشێنەوە، کە دەکاتە رۆژئاوای کوردستان، هاوکات هێزێکی 500 سەربازیی ئەمەریکی بە 30 تانکەوە، کە پێشتر لە رۆژئاوای کوردستان کشاندبووەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ جارێکی دیکە بەرەو ناوچە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە دێرەزوور و حەسەکە ناردەوە.


رووسیاش لە زاری سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، داوای لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد، بڕۆنە ناو سوپای سووریاوە، لەکاتێدا پێشتر سوپای سووریاش دوای رێککەوتنی لەگەڵ ئەو هێزانە بۆ گەڕانەوەی بۆ رۆژئاوای کوردستان، ناوی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بۆ فەیلەقی (5)ی سوپای سووریا گۆڕی.


چاودێرانیش پێیان وایە، ئەو داوا و ئەجێندا دژ بەیەکانە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دابەشی سەر چەند باڵێک کردووە، بەڵام، باڵی سەرەکیی هێزەکە بە فەرماندەیی مەزڵووم عەبدی، بەتەواوی خۆی لە بڕیارەکانی (قەندیل) دوور خستووەتەوە، کە ئەگەری ئەوە هەیە قەندیل سزای ئەو سەرکردەیەی شەڕڤانانی (هەسەدە) بدات.


کاوە عەزیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، بۆ (باس) رای گەیاند، رۆژی یەکشەممەی رابردوو، رووداوێکی گرنگ لە ژیانی هەسەدەدا رووی دا، کە درک بەوە دەکرێ، باڵی سەرەکیی (هەسەدە) بە فەرماندەیی مەزڵووم عەبدی، بەتەواوی لە بڕیارەکانی قەندیل دوور کەوتووەتەوە، گوتیشی: “ئەو باڵەی هەسەدە رێککەوتنەکانی ئەمەریکا و تورکیا و رووسیای قبووڵ کرد و بڕیاری دا 32 کیلۆمەتر بکشێتەوە، لەکاتێکدا پەکەکە بەبێ ئەوەی هیچ هەڵوێستێک یان جووڵەیەکی سەربازیی هەبێت بۆ هاوکاریی هەسەدە، داوای لەو هێزانە دەکرد نەکشێنەوە، کە رەنگە ئەو بڕیارەی هەسەدەش بە فەرماندەیی مەزڵووم عەبدی، بەبێ پرس و راوێژکردن بە قەندیل، پەکەکە لەو هێز و فەرماندەیە نیگەران بکات”.


ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی ئەو بڕیاری کشانەوەیە، ئەو هێزە لە بەشی هەرە زۆری ناوچە کوردییەکان نامێنێت، واتا دەکەوێتە ژینگەیەکی نوێوە، گوتیشی: “ئەو ژینگە نوێیە، کە زۆرینەی لە عەرەب پێکهاتوون، کێشەی زۆریان لەگەڵ هەسەدەدا هەیە، لەبەر ئەوە ئەو ژنگەیە کاریگەریی لەسەر دابەشبوونی ئەو هێزە بۆ سەر چەند باڵێک تا ئاستی جیابوونەوە دەکات، بەشێوەیەک، بەشێکی دەبن بە سوپای سووریا، کە ئێستا لە چەند ناوچەیەک هاوکاریی سوپاکە دەکەن، بەشێکی لەگەڵ ئەو هێزە ئەمەریکییانەی گەڕاونەتەوە، کێڵگە نەوتییەکان دەپارێزن، کە رەنگە ئەوە باڵە سەرەکییەکەی بێت، بەشێکی دیکەی ئەو دۆخ و ژینگە نوێیەی پێ قبووڵ ناکرێت و چەک دادەنێت، هەروەکوو ئێستا ژمارەیەکی زۆریان لەگەڵ ئاوارەکان رۆژئاوای کوردستانیان جێ هێشتووە، بە گشتی دۆخەکە تاوەکوو ئێستا روون نییە، کە چارەنووسی هێزەکانی هەسەدە دوای دوورکەوتنەوەیان لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان چی دەبێت!”.


هاوکات، عادل باخەوان، چاودێری سیاسیی کورد لە فەرەنسا، لەبارەی داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە (فەیسبووك)، نووسیویەتی: “هێزەكانی سوریای دیموكرات تێكەڵ بە سوپای دەوڵەتی سووریا دەبن و ژیانیان بۆ دابین دەكرێت، بۆ ئەمەش میكانیزمێكی چاودێریی تایبەت لەلایەن ڕووسەكانەوە دادەنرێت”.


ئاماژەی بەوەش داوە، کە پەیوەندی لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا دروست بووە و بە نافەرمی یەكتری دەبینن و سەرقاڵی ئامادەكردنی بەیەكگەشتنی فەرمیی هەردوو لایەنن بە ئەردۆگان و ئەسەدیشەوە.


لای خۆشیانەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، بە میدیاکانی وڵاتەکەیی ڕاگەیاندووە، کە سەرۆكی ڕووسیا دووپاتی كردووەتەوە، كە ڕێگە بە (یەپەگە) نادرێت لەژێر باڵی ڕژێمی سووریادا لە سنوورەكاندا بمێننەوە.