کەلار.. لە كەمپەكان شوێنی هەزار خێزانی ئاوارە هەیە

لە ناوچە كوردستانییەكان كەمپین و خۆپیشاندانی پشتگیری بۆ رۆژئاوا بەردەوامە

20/10/2019 - 09:59 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

سەرباری دەنگۆی رێكکەوتن، توركیا هێرشەكانی رانەگرتووە و لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی گەرمیانیش، كەمپینی هاوكاری بۆ كوردانی رۆژئاوا راگەیەندراوە و خۆپیشاندانەكانیش بەردەوامن، هاوكات ئامادەكاریدەكرێ لە ئەگەری شەپۆلی زیاتری هاتنی كوردانی رۆژئاوا.

بێستون ژاڵەیی، بەرپرسی كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان، ئەمڕۆ یەكشەممە 20/ 10/ 2019، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "وەك بەشی كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان و لە كەمپەكانی تاوەدێی و قۆرەتوو لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، لە ئەگەری ئاواربوونی زیاتری كوردانی رۆژئاوا، جێگەی هەزار خێزانمان هەیە".

گوتیشی: "هەڵبەتە ئەو دوو كەمپەی ئاماژم پێدا، لەلایەن بەشی كاروباری مرۆیی ئیدارەی گەرمیانەوە سەرپەرشتییان دەكرێت و ئاوارەی ناوچە جیاجیاكانی عێراقی لێیە كە بە هۆكاری داعش و میلیشیا شیعەكانەوە نەگەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان، بەڵام وەك ئاماژەم پێدا، جێگەی خێزانی تری تێدا دەبێتەوە، چونكە ئاوارەكانی خورماتوو كەلە گەرمیانن، زیاتر لە خانووی كرێدان، یان خود لە ماڵی خزم و كەسوكاریانن.

ئەو لێدوانەی بەرپرسەكەی ئیدارەی گەرمیان لە كاتێكدایەكە، بەشی كاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند، سەرەڕای ئەوەی توركیا رای گەیاندووە هێرشەكانی بۆ سەر باكووری سووریا دەوەستێنێت، بەڵام ئاوارەبوونی دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان كە ئەو بە ناوچە سنورییەكانی سووریا ناوی بردووە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكەوە بەردەوامە و سەدان ئاوارەش گەیشتوونەتە عێراق.

بەپێی بەدواداچوونەكانی (باسنیوز) جگەلە شارۆچكەكانی كەلار و كفری و شارەدێیەكانیان، خۆپیشاندان و كەمپینی كۆكرددنەوەی هاوکاری بۆ كوردانی رۆژئاوا لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە و سەلاحەدینیشی گرتووەتەوە.

لەمبارەوە هێمن بەرزان، سەرپەرشتیاری كەمپینی (خورماتوو لەگەڵ رۆژئاوایە) بە(باسنیوز)ی راگەیاند: "تا رۆژی هەینی 25ی ئەم مانگە لە كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بەردەوام دەبین و دواتر هاوكارییەكان هەفتەی داهاتوو دەگەیەنینە كوردانی رۆژئاوا".

گوتیشی: "ئێمە زیاتر خۆراكی وشەكە و جلوبەرگ كۆ دەكەینەوە و سەرباری ئەوەی خورماتوو بۆ خۆی شارێكی ستەملێكراو و زامدارە، بەڵام خۆمان رانەگرت و ئاوارەی و برسیی كوردانی رۆژئاوا ببینین و دەستەوەستان بین".

هاوشێوەی خورماتوو خانەقینییەكان سەرباری مەترسیی دۆخی ئەمنی لەسەر ناوچەكەیان، لە نێوەندی ئەم مانگەدا هاوشێوەی ناوچەكانی‌تری كوردستان، بەخۆپیشاندانێك پشتگیرییان لە خەباتی كوردانی رۆژئاوا کرد، هاوكات ئیدانەی لەشكركێشیی سوپای توركیاشیان نكرد.

لەمیعە محەمەد، بەڕێوبەریی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان/ گەرمیان بۆ (باسنیوز) ئاشكرای كرد: "وەك خانەقینییەكان هاوشێوەی خەڵكی ناوچەكانی‌تری كوردستان دژی داگیركاری سوپای تورك وەستاینەوە، ئەركی سەرشانی هەموو خەڵكی كوردستانە دژ بە داگیركاری و قەتڵوعامی سوپای توركیا بێتە دەنگ".

هەر لە نێوەندی ئەم مانگەدا لە شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بە ئەنجامدانی دوو خۆپیشاندانی بەرفراوان، ئیدانەی هێرشەكانی سوپای توركیا كرا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.

لاوان ئەحمەد، وەك ئەندامی بەرەی نیشتمان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "هاووڵاتییانی كەلار بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان كردە لەو دوو خۆپشاندانەی کە لە كەلار ئەنجام دران".

جەختیشی كردەوە: "داگیركاریی دوژمنان و تاوانەكانیان، هەسیی نیشتمانپەروەری و نەتەوەییان لەناخی گەرمیانییەكان و خەڵكی كوردستاندا ژیاندەوە".

لە نۆی ئەم مانگەوە پاش پاشەكشەی سوپای ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان، سوپای توركیا دەستی بە هێر بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان کرد و بەو هۆیەوە شەپۆلی ئاواربوون لە كوردستانی رۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی کە سەدان هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون.

ئەلبوومی وێنەکان