لەنێو سەرکردایەتیی یەکێتیدا دەنگی دواخستنی کۆنگرە بەرز بووەتەوە

بە بیانووی رەوشی رۆژئاوا و عێراقەوە

16/10/2019 - 19:50 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دەنگێک لەناو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبیسترێ، کە بە بیانووی دۆخی عێراق و رۆژئاوا و ناوچەکە، کۆنگرەی یەکێتی بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت، ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش ئاماژە بەوە دەدات، هەر لەسەرەتاوە گومانی هەبووە لەوەی یەکێتی کۆنگرەیەکی راستەقینە بکات و هیچ بیانوویەک لەوە گەورەتر نییە، کە لە شاخ و لەژێر بۆمبابارانی فڕۆکەدا حزبەکانی کوردستان کۆنگرەیان ئەنجام دەدا.

 

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە دۆخی یەکێتی، دەنگێکی بەرز لە ناوخۆی یەکێتیدا لە ئاستی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، بۆ دواخستنی کۆنگرە دروست بووە، کە وا بڕیارە لە 7 -12ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.


بە گوتەی سەرچاوەکە، بیانووی ئەو دواخستنە بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانی داهاتووەوە بەندە، بەڵام بابەتەکە پەیوەندیی بە ناوخۆی یەکێتی و ململانێی باڵەکانەوە هەیە، کە ئەگەری ئەوە هەیە لە کۆنگرەدا، لەبری چارەسەر بگەن بە بنبەست.


سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، جگە لەوەش بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ترسیان لە ئەنجامەکانی کۆنگرە هەیە، کە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نەبێت، لەبەرئەوە بیانوو بۆ دواخستنی کۆنگرە دەهێننەوە، کە گوایە بارودۆخەکە بە کەڵکی ئەنجامدانی کۆنگرە نایەت.


سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ئێستا ئەو لیژنانەی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە لەلایەن یەکێتییەوە پێکهێنرابوون، کارەکانیان بەهۆی ئەو دەنگۆیانەوە بۆ ئەنجامنەدانی کۆنگرە سست بووە، بە جۆرێک، هەندێ لەو لیژنانە کارەکانیان وەستاوە.


سەرچاوەکە پێشی وابوو، ئەگەری زۆرە ئاراستە جیاوازەکانی (یەکێتی)یش بۆ دواخستنی کۆنگرە بگەن بە رێککەوتن، چونکە ئێستا پێش کۆنگرە لەسەر زۆر لە بابەتەکان، کە ناکۆکیی توند هەبووە لەسەریان، وەکوو وەرگرتنەوەی دارایی یەکێتی بۆ دەستی چەند کەسێک، کە سەر بە هەموو باڵە جیاوازەکانی یەکێتی بن، هەروەها دانانی ژمارەیەک کەس بۆ سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، رێککەوتن کراوە، تاوەکوو لە دۆخێکدا ئەگەر کۆنگرەش بکرێ، کۆنگرەیەکی تەوافوقی بێت و ئەنجامی کۆنگرەکە چاوەڕوانکراو بێت.


لەمبارەیەوە، موعتەسەم نەجمەدین، چاودێری سیاسیی نزیک لە یەکێتی، لە وتارێکیدا کە لە میدیاکانی سلێمانیدا بڵاوی کردووەتەوە، بە ناوی (شەڕی باڵەکانی یەکێتی کۆنگرە ئیفلیج دەکات)، تیایدا ئاماژەی بەوە داوە، لەم ساتەدا، كە نزیكەی دوو مانگ ماوە بۆ وادەی بەستنی كۆنگرە، بارودۆخی بەڕێوەچوونی كارەكانی ئامادەكاری ئاماژەی ئەوە دەدەن بەدەستەوە، كە رەنگە كۆنگرە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام نەدرێت. دیارترین كێشە و بەربەستەكان یەكلانەبوونەوە لەسەر چۆنێتیی ئەنجامدانی كۆنگرەیە، نووسیویەتی: “تەواوی باڵ و گرووپەكان تەوافوقیان دەوێت، چونكە ئەنجامدانی كۆنگرە بەبێ تەوافوق زامنی مانەوەی هیچ لەو باڵ و گرووپانە ناكات لە دەسەڵاتی یەکێتیدا. ئەمە جگە لەوەی تا ئەمڕۆ رێكکەوتنێكی كۆنكرێتی و یەكلاكەرەوە لەسەر دانانی میكانیزمی ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی كۆنگرە نییە، تا ئەمڕۆ رێكکەوتنێكی یەكلاكەرەوە لەسەر دانانی ئەندامانی كۆنگرەش نییە”.


ئەو چاودێرە باسی لەوەش کردووە، کە شەڕێكی بەهێز لەنێوان دوو باڵە سەرەکییەکەی یەکێتیدا هەیە، کە هەریەكەیان خۆی بە خاوەنی شەرعیی یەكێتی دەزانێت، نووسیویەتی: “كوڕانی مام جەلال لەسەر بناغەی میرات و فاكتی هێز و وەكوو نەوەیەكی نوێ لەناو یەكێتیدا، ئەجێندایەكی تایبەتیان هەیە، هەرچی كۆسرەت رەسووڵە كار لەسەر بنەمای شەرعییەتی شۆڕشگێڕی دەكات و پێی وایە، شەرعییەت و ماف لای ئەوە”.


نووسیویشیەتی: “لەڕاستیدا ئەم شەڕ و ناكۆكییانە لەگەڵ ئەوەی تا ئەمڕۆ بە هێمنی و لەپشت پەردەوە ئەنجام دەدرێن و نەگەیشتووەتە ئاستی رووبەڕووبوونەوەی كارەكتەرە سەرەكییەكان، بەڵام لە بناغە و واقعدا شەڕێكی توند و قورسە و تەواوی جەستە و گیانی یەكێتی تووشی داڕزان و لاوازیی كردووە، ئەو بارەی خوڵقاندووە نەك تەنیا نەیارانی یەكێتی، بگرە زۆر لە ئەندامانی خۆیشی بە ئازار و پەژارەوە چاوەڕوانی مەرگ و كۆتایی حزبەكەیان بكەن”.


لای خۆشیانەوە، مامۆستا جەعفەر، ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بۆ (باس) رای گەیاند، هەر لەسەرەتاوە گومانی هەبووە، کە یەکێتی کۆنگرە ئەنجام بدات، گوتی: “هیچ بیانوویەک بۆ هیچ حزبێک بۆ دواخستنی کۆنگرە نییە، ئەگەر مەبەستی ئەنجامدانی هەبێت، چونکە کاتی خۆی لە شاخدا و لەژێر بۆردومانی فڕۆکە، حزبەکان کۆنگرەیان ئەنجام داوە، ئایا هیچ بیانوویەک لەوە گەورەترە؟ ئەو پرسیارە با سەرکردەکانی یەکێتی، ئەگەر دەتوانن وەڵامی بدەنەوە”.


بەڵام لەتیف شێج عومەر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمیی یەکێتی، بۆ (باس) لە وەڵامی ئەو پرسیارە و دەنگۆی دواخستنی کۆنگرەی یەکێتی، تەنیا جەختی لەوە کردەوە، کە هەر بڕیارێک هەبێت بەفەرمی رای دەگەیەنن، هەروەکوو پێشتر لەسەر کۆنگرەی یەکێتی بەفەرمی و لەبەردەم میدیاکان قسەیان کردووە و زانیارییەکانیان لەمبارەیەوە گەیاندووە.