وەزارەتی دارایی سندوقی سکاڵا دادەنێت

بۆ ئاگاداربوون لە هەر گەندەڵی و سەرپێچییەکی دارایی

16/10/2019 - 18:13 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە وێنەیەکی بە (باس) گەیشتووە و واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی بەسەرەوەیە و تێیدا بڕیار دراوە، بە دانانی سندوقی سکاڵا بۆ هەردوو بەشی چاودێری و پشکنینی دارایی (سلێمانی و دهۆک)، بە مەبەستی گەیاندنی زانیاری لەسەر هەبوونی گەندەڵی و لادانی دارایی.

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و پشکنینی دارایی سەر بە وەزارەتی دارایی، لە کۆنووسێکدا ئاماژەی بەوە داوە، کە هاووڵاتییان و فەرمانبەران لە کاتی بوونی گەندەڵی و لادانی دارایی کارگێڕی لە فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری، یاخود وەزارەتەکانی تر، راستەوخۆ لە رێگەی ئەم سندوقەوە هەماهەنگ بن، بە ناردنی زانیاریی دروست و پوخت و بەڵگەدار.


ئەوەش خراوەتە ڕوو، سکاڵا تایبەتییەکانی کەس (مراجع) و فەرمانبەران لە رێگەی ئەم سندوقەوە وەردەگیرێت، بەپێی پوختەی سەرەتاکان و ناوەڕۆکی کێشەکە، بۆ ئەوانەی پەیوەستن بە چوارچێوەی (یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی کەرتی دەوڵەت و گشتی).

هەروەها هاووڵاتییان و فەرمانبەران ئاگادار کراونەتەوە، کە خراپ بەکارهێنانی موڵک و ماڵی حکوومەت و (استغلال)کردنی پیشە لەلایەن کارمەندی گشتی، بەزاندنی یاسایە، بۆیە هاوکار بن بە گەیاندنی زانیاریی دروست و بەڵگەدار، لە رێگای ئەم سندوقەوە. 


یەکێک لە کارنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە گەنەدەڵییەکی دارایی و کارگێڕی، هەروەها بەهەدەردانی سامانی گشتی و زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵک و کەلوپەلەکانی هەرێم.