ئەو سیناتۆرە ئەمریكییە کێیە داوای سزادانی توركیا دەكات؟

 چەند كاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئەمریكا هەیە؟

12/10/2019 - 10:39 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لینسەی گراهام سیناتۆری ئەمریكی لەسەر پارتی كۆمارییەكان، لەگەڵ سیناتۆرێكی تری سەر بە پارتی دیموكراتەكان پڕۆژە یاسایەكیان ئامادە كردوە تا بتوانن لە كۆنگرێسی ئەمریكا دەنگی لەسەر بدەن و سزای ئابووری بەسەر توركیادا بسەپێنن.

هۆكاری ئامادەكردنی ئەو پڕۆژە یاسایەش بەو پەلەییە، بۆ ئەو هێرش ە پەلامارە دەگەڕێتەوە كە توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ئەنجامی داوە.

گراهام هاوڕێی نزیكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە، لە زۆربەی هەڵوێست و بڕیارەكانی ترەمپدا پشتگیریی دەكات، تەنیا لە گۆڕینی سیاسەتی ترەمپ لەبارەی سووریاوە رەخنەی لێگرتووە و دەڵێت نابێت پشت لە هاوپەیمانە ستراتیژییەتەكەمان بكەین كە كوردە.

گراهام زۆر بە توندی رەخنەی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان گرت كە دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە گلۆپی سەوز بۆ توركیا هەڵكرا تا لەشکرکێشی بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدات.

 ئەو كە تەمەنی ٦٤ ساڵە ماوەی ٣ رۆژ دەبێت لە زۆربەی میدیاكانی ئەمریكا دەردەكەوێت و رەخنە لە سیاسەتی ترەمپ دەگرێت لەبارەی پشتكردن لە كورد و دەڵێت پێویستە بەپەلە سزای ئابووریی توركیا بدەین تا ئەو لەشکرکێشییە رابگرێت.

ئەو هەموو ئەو قسانەش رەت دەكاتەوە كە دەڵێن ئێمە كۆتاییمان بە داعش هێناوە و لە سووریا و عێڕاق داعش كۆتایی پێ هاتووە، بەڵكوو ئەو پێی وایە داعش هەر ماوە و جێگەی مەترسیشە.

گراهام سەرۆكی لیژنەی دادپەروەرییە لە كۆنگرێسی ئەمریكا، ماوەی مانگێكیشە لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا قسە هەیە كە دەیانەوێت ترەمپ لە سەرۆكایەتی دوور بخەنەوە، چونكە فشاری كردووەتە سەر سەرۆكی ئۆكرانیا تا گەندەڵی كوڕەكەی جۆبایدن ئاشكرا بكات كە ركابەری ترەمپە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ٢٠٢٠، بۆیە گراهام رۆڵی گەورەی دەبێت لەوەی بتوانێت رێگری لە داوای دیموكراتەكان بكات بۆ لەكارلادانی ترەمپ، كەواتە ترەمپ كاری زۆر بە گراهام هەیە.

ئەو لە هەڵبژاردنی پێشووتر كاندیدی كۆمارییەكان بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماریی ئەمریكا، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا و كشایەوە، بەڵام یەكێك بوە لەوانەی لە پرۆژەی یاسای هێرشكردنە سەر عێڕاقدا لە ٢٠٠٣ رۆڵێكی گەورەی هەبووە.

ماڵپەڕی (بی بی سی) بڵاوی كردوەتەوە، گراهام بە یەكێك لە كاریگەرترین كەسایەتییەکانی ناو پارتی كۆمارییەكان دادەنرێت، لە زۆربەی پرسە گرنگەكانیش قسەی ئەو دەیخوات و حیسابی بۆ دەكرێت، بۆیە ئەو پرۆژە یاسایەی ئامادەی كردوە لەبارەی سزادانی توركیا، ئەگەر بەهێزە ترامپ بە گوێی بكات و لە كۆنگرێسیش دەنگی پوێویستی بۆ كۆ بكاتەوە.

بە هۆی ئەوەی هەفتەی رابردوو كۆنگرێسی ئەمریكا لە پشوو بوو، بۆیە لەم هەفتەیەدا كۆنگرێس لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە كۆ دەبێتەوە و هەر لە یەكەم كۆبوونەوەدا پڕۆژە یاساكە دەخرێتە دەنگدانەوە و ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا، ئەوكات دەنێردرێتە لای ترامپ و ئەگەر ئەویش ئۆكەی لەسەر بدات، سزا ئابوورییەكان بەسەر توركیادا دەسەپێت.