ماوه‌ى دوو ساڵه‌ بێ وه‌ستان نه‌وتى كه‌ركووك به‌ تانكه‌ر به‌ره‌و ئێران ده‌دزرێت

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك: دزینى نه‌وتى كه‌ركووك بووه‌ته‌ دیارده‌ و ئێمە ئاگاداری بڕی هەناردەی نەوتیش نیین

10/10/2019 - 16:26 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

چاودێرانی دۆخی كه‌ركووك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ به‌هۆی نه‌وتى پارێزگاكه‌وه‌، گرووپێكى خیانه‌تكار، پارێزگاكه‌یان دوو ساڵ پێش ئێستا ڕاده‌ستى حه‌شدى شه‌عبی كرد. ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكیش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، دزینى نه‌وتى كه‌ركووك بووه‌ته‌ دیارده‌ و كه‌ركووكییه‌كانیش باجی ئه‌و دزییه‌ ده‌ده‌ن.


له‌م باره‌یه‌وه‌، عه‌دنان كه‌ركووكى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى كه‌ركووك- گه‌رمیانى پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "دزینى نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ئێران و له‌ ڕێگاى تانكه‌ره‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ و به‌رده‌وامه‌، چونكه‌ میلیشیا چه‌كداره‌كان، كه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووكدان، به‌شێك له‌ بیره‌ نه‌وته‌كانیان كۆنترۆڵ كردووه‌، بۆیه‌ به‌ ئاره‌زووى خۆیان ئه‌وه‌ى بیانه‌وێ ده‌یكه‌ن".


له‌بارەى ئه‌وه‌ى نازانرێ، كه‌ ئێستا رۆژانه‌ بڕی چه‌ند له‌ نه‌وتى كه‌ركووك و له‌ ڕێگاى تاناكه‌ره‌وه‌ به‌ سنوورى سلێمانییه‌وه‌ ده‌برێ بۆ ئێران؟ ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتی ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ى ئه‌و نه‌وته‌ به‌ دزی و قاچاخ ده‌برێت بۆ ئێران، به‌دیاریكراوى نازانرێت بڕه‌كه‌ى چه‌نده‌ و له‌ كۆمپانیای نه‌وتى باكوور، به‌تایبه‌ت له‌ شه‌معه‌كانى كه‌یوان و له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى دیكه‌ى پارێزگاك،‌ تانكه‌رى نه‌وت پڕ ده‌كرێت و ده‌برێت بۆ ئێران. ئه‌وان و ده‌سه‌ڵات هاوبه‌شن و رێك كه‌وتوونه‌ له‌سه‌ر بردنى نه‌وتى شاره‌كه‌ و پارێزگاکە له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ تاڵان بكه‌ن، ئه‌وان سڵ له‌ هیچ شتێك ناكه‌نه‌وه‌ و حكوومه‌تى عێراقیش ناتوانێ كۆنترۆڵی دۆخه‌كه‌ بكات، بۆیه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌.


روونیشى كرده‌وه‌، لە بردنى نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ئێران گرووپی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش هاوبه‌شن و ئێستاش دۆخى عێراق ده‌بینین، كه‌ خه‌ڵك هاتووه‌ته‌ سه‌ر جاده‌ و خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌شیان له‌به‌ر گه‌نده‌ڵی و دزی و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارییه‌.


په‌یوه‌ند به‌م باسه‌، فوئاد حوسێن، ئه‌ندامى لیژنه‌ى نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، پێشتر بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ تا ئێستا، زانیاریی دروست سه‌باره‌ت به‌ ناردنى نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ده‌ره‌وه‌ و بۆ پاڵاوتگه‌كانى ناوخۆی عێراق به‌ ئێمه‌ نادرێت، به‌ڵام پێشتر ئاگادارى چۆنیه‌تیى ناردن و هه‌روه‌ها بڕی هه‌نارده‌كراوى نه‌وتمان ده‌زانى و له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع كارمان ده‌كرد و چاودێریی دۆسێى نه‌وتى كه‌ركووكمان ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا هیچ جۆره‌ زانیارییەك له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ نادرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانین، كه‌ دزینى نه‌وتى كه‌ركووك بووه‌ته‌ دیارده‌، ئێتر ئه‌وه‌شیان به‌ چه‌ند شێوازێكه‌ و بریتییه‌ له‌وه‌ى كه‌ ده‌ست به‌سه‌ر بیری نه‌وتدا گیراوه‌، هه‌روه‌ها بۆریی نه‌وت كون ده‌كرێ، ئه‌و دیارده‌یه‌ش بۆ لاوازیى ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى كه‌ركووك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئێستا له‌ كه‌ركووك ده‌ست بۆ قووتى خه‌ڵك ده‌برێت، به‌ تایبه‌ت له‌ مه‌سه‌له‌ى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بۆریی نه‌وتدا، كه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ پیشێلكارییه‌ زه‌قه‌كانى ئیداره‌ى ئێستای پارێزگاى كه‌ركووك، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئیداره‌ به‌هێز بێت، ئه‌و گرووپانه‌ ناتوانن به‌ئاسانى نه‌وتى كه‌ركووك بدزن".


ڕاشی گه‌یاند، له‌وه‌شدا كه‌ركووكییه‌كان باجی ئه‌و دزییه‌ ده‌ده‌ن، ماوه‌ى نه‌وه‌ت ساڵه‌ نه‌وت له‌ كه‌ركووك دۆزراوه‌ته‌وه‌، ته‌نیا پیسبوونى ژینگه‌كه‌ى بە كه‌ركووكییه‌كان بڕاوە، له‌ دامه‌زراندن له‌ كۆمپانیای نه‌وتى باكووره‌وه‌ بگره‌ تاوه‌كوو داهاته‌كه‌ى، هیچ سوودى بۆ كه‌ركووكییه‌كان نه‌بووه‌ و حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى عێراق سوودیان له‌ نه‌وتى كه‌ركووك بینیوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ زیانمه‌ند بووه‌ له‌ قووتى نه‌وتى كه‌ركووك و له‌ داهاته‌كه‌ى، كه‌ركووكییه‌كان خۆیانن، نه‌وتى كه‌ركووك بۆ دونیا بووه‌ته‌ رووناكى، به‌ڵام بۆ كه‌ركووك و كه‌ركووكییه‌كان بووه‌ته‌ تاریكى، كه‌ركووكێك ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ نه‌وتى لێ دۆزرابێته‌وه‌، تاوه‌كوو ئێستا پاوڵاتگه‌یه‌كى پێ ڕه‌وا نه‌بینراوه‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا پیشێلكردنى مافه‌كانى خه‌ڵكى كه‌ركووكه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ته‌نیا باجی ئه‌و دۆخه‌ى داوه‌.


به‌پێی راگه‌یاندراوێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى كاروبارى ناوخۆ و ئه‌منیى وه‌زاره‌تى ناوخۆی عێراق، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌ و تێیدا هاتووه‌، له‌سه‌ر راسپارده‌ى عه‌مید حه‌سه‌ن عه‌بد فه‌زیع غانمى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى كاروبارى ناوخۆ و ئه‌من و به‌ سه‌رپه‌رشتیى محه‌مه‌د بدێری، به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى ناوخۆی بۆ وزه‌، ده‌ستبه‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك تانكه‌رى دزینى نه‌وتدا گیرا، له‌ گه‌راجێكى پارێزگای كه‌ركووك و گه‌راجێكى پارێزگاى ئه‌نبار، له‌و دوو گه‌راجه‌دا تانكه‌ره‌كان ئاماده‌ كرابوون بۆ دزینى نه‌وت و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌و چوارچێوه‌دا ده‌ستى پێ كرد.


له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكار كه‌ركووكیان داگیر كرد و له‌و كاته‌وه‌ جگه‌ له‌ تێكچوونى دۆخى ئه‌منیى پارێزگاكه‌، نه‌وتی كه‌ركووك ده‌دزرێت و به‌ره‌و ئێران ده‌برێت، چاودێرانی دۆخى كه‌ركووكیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ سه‌ره‌كیترین مه‌به‌ستی ئه‌و گرووپه‌ی كه‌ركووكیان ڕاده‌ستی حه‌شدى شه‌عبی كرد، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستكراوه‌ بن له‌ دزینی نه‌وتى كه‌ركووك و به‌ره‌و ئێرانی ببه‌ن.


له‌پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ری 2017، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕێگاى بۆریی نه‌وتبه‌رى خۆیه‌وه‌ نه‌وتى کێڵگه‌كانى هاڤانا و بای حه‌سه‌نى له‌ رۆژئاواى كه‌ركووك ده‌گواسته‌وه‌ بۆ به‌نده‌رى جه‌یهانى توركیا و مانگانه‌ 10 میلۆن دۆلاریشی وه‌ك بودجه‌ى پترۆدۆلارى شاره‌كه‌ ده‌نارد بۆ كه‌ركووك و حكوومه‌تى عێراقیش له‌ کێڵكه‌كانى نه‌وتى خه‌بازه‌ و زه‌مبووره‌وه‌ نه‌وتى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌كرد.


ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا، هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان رێك كه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، به‌شێك له‌ نه‌وتى كه‌ركووك له‌ ڕێگاى بۆریی نه‌وته‌به‌رى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێت و تاوه‌كوو ئێستا رۆژانه‌ كه‌متر له‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركووك به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی گوته‌ى به‌رپرسان، دزینى نه‌وتى كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلیشیاكان و مافیاكانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.