چەند گرووپێکی حەشدی شەعبی بە کوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەکرێن


د.مەحموود عوسمان: مالیکی و عەبادی لە هەمووان زیاتر بەرپرسن لەو دۆخەی کە بۆ عێراق دروست بووە

09/10/2019 - 21:58 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

خۆپیشاندانەکان لە عێراق بەردەوامن و بەو هۆیەوە ئاماری کوژراو و برینداران لەناو خۆپیشاندەرانی پارێزگاکانی عێراق، ڕۆژانە روو لە بەرزبوونەوەیە. چەند گرووپێکی حەشدی شەعبیش بە کوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتبار کراون، هاوکات لایەنە شیعەکان و سوننە و کوردیش، پشتگیری لە داواکەی موقتەدا سەدر ناکەن، بۆ دەستلەکارکێشانەوەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی و هەڵبژاردنی پێشوەختە.

 

لە هەفتەی رابردووەوە، شەقامی زۆر لە پارێزگاکانی عێراق رووی لە ئاڵۆزی و خۆپیشاندان کردووە و بەو هۆیەشەوە، بەپێی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراقی، زیاتر لە 100 کوژراو و نزیکەی 6 هەزار کەس بە خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکانەوە بریندار بوون، کە گومان دەکرێ چەند گرووپێکی حەشدی شەعبی، لەپشت ئەو کوشتارەوە بووبن، کە بەسەر خۆپیشاندەراندا هاتووە.


بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمیەکان ژمارەی کوژاروان و برینداران زۆر لەوە زیاترە. بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانیش لەکاتێکدایە، کە لە ئاستی باڵادا بەدەم داوای خۆپیشاندانەکانەوە هاتوون، لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، بەرنامەیەکی چاکسازیی راگەیاندووە و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، محەمەد حەلبووسی، لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەر لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەتەوە و لەسەر چەندین خاڵ و داواکاری رێک کەوتوون، بەڵام خۆپیشاندەران لەبەرئەوەی لەلایەک متمانەیان بە بەڵێنەکان نییە و لەلایەکی دیکەشەوە سەرکردایەتیکردنیان نادیارە و نازانرێ لە لایەن کێ و کوێوە ئاراستە دەکرێن، کە بە گوتەی هەندێ لە چاودێرانی سیاسی، وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێز سواری شەپۆلی ناڕەزاییەکانی خۆپیشاندەران بوون و لە چەند شوێنێک بەو شێوەیە ئاراستەیان کردوون، کە خۆیان دەیانەوێ.


بەشێوەیەک خۆپیشاندەران بە رۆژ و بە شەو هێرش دەکرێتە سەر بنکە و بارەگای حزبەکان لە شارەکانی عێراق و هەندێ کەناڵی میدیاییش بە ئامانج گیراون، بەو تۆمەتەی کە ئەوانیش بەشێکن لەو گەندەڵی و نادادپەروەرییانەی کە ساڵانێکی زۆرە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق وەکوو میرات بۆ ئەو کابینەیەی ئێستای عادل عەبدولمەهدییان جێ هێشتووە.


هاوکات بەپێی چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی، لایەنە شیعەکان بە دەم ئەو داوایەی موقتەدا سەدڕ، رێبەری رەوتی سەدڕەوە نەهاتوون، کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی و هەڵبژاردنی پێشوەختەی کردووە.


هەر بەپێی زانیارییەکان، تاوەکوو ئێستا بەشێک لە لایەنە شیعەکان و سوننە و کورد، ئەو کابینەیەی ئێستای عادل عەبدولمەهدی بە باشتر لە هەموو کابینەکانی پێشتر دەزانن و پێیان وایە، ئەو خۆپیشاندانانە دەرئەنجامی ئەو گەندەڵی و بەهەدەردان و نادادپەروەرییەیە، کە لەدوای 2003ەوە لە عێراق بەسەر یەکدا کەڵەکە بوون.


لەمبارەیەوە، له‌ وتارێكیدا، كه بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو لە‌ ته‌له‌ڤزیۆنی فەرمیی (ئه‌لعێراقییه)‌ په‌خش كرا، عادل عه‌بدولمه‌هدی، داوای له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد، ده‌سه‌ڵاتی گۆڕانكاریی پێ بده‌ن، تاوەکو دوور له‌ پشك پشكێنه‌ی سیاسی، بتوانێت گۆڕانكاری بكات.


گوتیشی: “چاره‌سه‌ری سیحری بۆ كێشه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی و خراپ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ده‌سه‌ڵات له‌ئارادا نییه‌، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دەم بۆ ئه‌وه‌ی یاسایه‌ك ده‌ربچێت و هه‌ر خێزانێكی هه‌ژار مووچه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تیی پێ بدرێت”.


هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆمەڵێک بڕیاری پەیوەست بە باشکردنی گوزەران و ژیانی خەڵکانی کەمدەرامەت لە عێراق بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و دەرفەتی کار و پێدانی پێشینەی خانووبەرە راگەیاند.


لای خۆشیانەوە، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە وتارێکیدا، کە لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، تیایدا نووسیویەتی، کە عادل عه‌بدولمه‌هدی، قوربانیی فاسده‌کانە و جیاواز له‌ سه‌رۆک وه‌زیره‌ شیعه‌کان، عادل عه‌بدولمه‌هدی پاکترینه ‌و خاوه‌نی ڕوئیای حوکمڕانییه‌ له‌ عێراقێکی فه‌وزادا”.
ئاماژەی بەوەش داوە، کە له ‌مێژووی حوکمڕانیی عێراقدا، سه‌رده‌می مالیکی سه‌رده‌می گه‌وره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌، ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی له‌ زه‌مه‌نی ئه‌ودا کراوە بێ وێنه‌یه و ئێستا ئه‌و داوای گۆڕانکاری ده‌کات.
هاوکات نووسیویشیەتی: “له‌ سه‌رده‌می حوکمڕانیی عه‌بادیدا، ده‌یان فایلی گه‌نده‌ڵی هه‌ڵدرانه‌وه‌ و کاریان له‌سه‌ر نه‌کرا، گه‌شه‌ی میلیشیا گه‌شته‌ لوتکه‌، ئه‌وه‌ی تۆزێک ئاشنای دۆخی عێراق بێت، باش ده‌زانێت حوکمی عێراق به‌ده‌ست به‌ره‌ی ئیسڵاح و بینائەوەیە، کە لە واقیع و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، با بپرسین، موقتدا و حەکیم و مالیکی و عەبادی و عامری، دەسەڵاتیان ھەیە، یان عەبدولمەھدی؟، ئەوە ئەوانن رەشوە و بەرتیل وه‌رده‌گرن و کڕین و فرۆشتن بە پۆستەوە دەکەن، یان عەبدولمەھدی؟ ئه‌وه‌ ئه‌وانن ملیشیایان هه‌یه‌، یان عه‌بدولمه‌هدی؟”.


ئاشکراشی کردووە، کە یه‌ده‌گی عێراق له‌م چه‌ند مانگه‌ی حوکمی عادل عه‌بدولمه‌هدیدا، نزیکه‌ی 20 ملیار دۆلار زیادی کردووه، بەڵام ئه‌وانه‌ی تا بینه‌قاقایان له‌ گه‌نده‌ڵی تێوه‌ گلاون، ده‌یانه‌وێت عه‌بدولمه‌هدی بکه‌ن به‌ قوربانی بۆ مانه‌وه‌ و شاردنه‌وە ‌و گه‌شه‌پێدانی گه‌نده‌ڵییه‌کانیان”.
لای خۆشیانەوە، سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی، بۆ (باس) رای گەیاند، بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری، میلیشیاکانی عەسائیب و نوجەبا، کە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادان، دەستیان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا هەیە، گوتیشی: “پێم وانییە کە خۆپیشاندانەکان وەكوو هەڵگیرسانیان خۆڕسک بووبن، بەڵکوو دەستی دەرەکیی لەپشتەوەیە، ئەوەی تا ئێستا دەبینرێ، ئێران بەو خۆپیشاندانانە تەنگەتاو بووە و ناشزانرێ لە رۆژانی داهاتوودا چی دەگوزەرێت”.


لای خۆشیانەوە، سیاسەتوان، د.مەحموود عوسمان، بۆ (باس) رای گەیاند، تاوەکوو ئێستا خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیان نەکردووە، چونکە هەموو لایەک دەزانێ عادل عەبدولمەهدی ساڵێکە لە دەسەڵاتە و ئەوەی خۆپیشاندەران داوای دەکەن پەیوەندیی بە ساڵانێکی زۆری حوکمڕانیەوە هەیە لە دوای 2003ەوە، گوتیشی: “مالیکی و عەبادی زیاتر لە هەمووان لەژێر بەرپرساریەتیی ئەو دۆخەدان و کەمتر لە هەمووان عادل عەبدولمەهدیە بە حوکمی ئەوەی ئێستا سەرۆک وەزیرانی عێراقە”.


ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی تا ئێستا داوای هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت دەکات موقتەدا (سەدر و حەکیم)ن، بەڵام هەموو لایەنەکان نەچوونەتە ژێر باری ئەو داوایەوە، ئەگەر دۆخەکە ئارام بێتەوە ئەوە ئەو حکوومەتەی ئێستای عێراق بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر خراپتر لە ئێستا روو بدات ئەوە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی یەکێک لە ئەگەرەکانە کە ئەگەر روو بدات روون نییە دۆخی عێراق بەرەو کوێ دەڕوات!.