(هاوپەیمانیی کوردستانی) گەورەتر و فراوانتر دەبێت

هەموو پێکهاتەکانی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان لەخۆ دەگرێت

09/10/2019 - 16:53 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

(هاوپەیمانیی کوردستانی) فراوانتر و گەورەتر دەبێت و هەموو پێکهاتەکانی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، هاوشێوەی بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لەخۆیدا کۆ دەکاتەوە، کە ئێستا ژمارەی حزبەکان تیایدا گەیشتووەتە سەرووی 20 پارتی سیاسی، بەڵام پێشبینی دەکرێت، بەهۆی بارودۆخی عێراقەوە، هەڵبژاردنی پارێزگاکان بۆ کاتێکی نادیار دوا بخرێت.


لەگەڵ ئەوەی، کە چاودێرانی سیاسی بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عێراق و بەردەوامییانەوە، پێشبینی دەکەن هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەو وادەیەی، کە بۆی دیاری کراوە لە 1ی مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو ئەنجام نەدرێت، بەڵام تا دێت (هاوپەیمانیی کوردستانی) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە پارێزگاکانی (کەرکووک، مووسڵ، دیالە و سەڵاحەدین) گەورەتر و فراوانتر دەبێت، کە ئێستا بەپێی زانیارییەکانی (باس) بەشداریی حزبەکان تیایدا بە پارتە کوردی و تورکمانی و ئێزدی و مەسیحی و عەرەبییەکانەوە، گەیشتووەتە 23 پارتی سیاسی و ئەگەری ئەوە هەیە لەگەڵ بەشداریی ژمارەیەک لە پارتی دیکەی عەرەبیدا، هاوپەیمانێتییەکە بگات بە نزیکەی 30 پارتی سیاسیی کوردستانی و عێراقی.


لەمبارەیەوە، محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی بۆ (باس) رای گەیاند، (هاوپەیمانیی کوردستانی) بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی (کەرکووک، مووسڵ، دیالە و سەڵاحەدین) ئێستا بە جۆرێک فراوان بووە، کە هەموو پێکهاتەکانی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستانی لەخۆیدا کۆ کردووەتەوە، هاوشێوەی ئەوەی پێکهاتەکان بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، گوتیشی: “ئێستا ژمارەی حزبەکان تیایدا گەیشتووەتە سەرووی 20 پارتی سیاسی و گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک پارتی دیکەی عەرەبیدا هەیە، بە بەشداریی ئەوانیش، ئەگەری ئەوە هەیە بگات بە 27 پارتی سیاسی”.


ئەو سەرکردە سیاسییە تورکمانییە لە هەرێمی کوردستان، کە کورسیی پەرلەمانییان هەیە، جەختی کردەوە، کە ئەو پارتانەی لە پێکهاتەکانی دیکە هاتوونەتە ناو ئەو هاوپەیمانییە کوردستانییە، قورسایی زۆریان هەیە و بەوەش (هاوپەیمانیی کوردستانی) لەو ناوچانەی بەشدارییان تیادا دەکات، بەهێزترین هاوپەیمانی دەبێت و پێشبینی دەکرێ، زۆرترین کورسییەکانی ئەو پارێزگایانە، بەتایبەتی کەرکووک و مووسڵ بباتەوە.


پێشتر، زمناكۆ جەلال، رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، چەند حزبێكی توركمانی و عەرەبی بڕیاریان داوە پەیوەندی بە (هاوپەیمانیی کوردستانی)یەوە بکەن. 


گوتیشی: “لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوودا، بە تێكڕای دەنگی ئەندامان بڕیاری داوە، عەبدولڕەحمان مستەفا، ببێتە سەرۆكی لیستەكەیان”.


لە هەمان رۆژدا، هەفتەنامەی (باس)، پێش کۆبوونەوەی لایەنە بەشدارەکان لە (هاوپەیمانیی کوردستانی) ئاشکرای کرد، کە لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی عەبدولڕەحمان مستەفا ببێتە سەرۆکی هاوپەیمانییەکە.


هاوکات، پارێزگاری پێشووتری کەرکووک، عەبدولڕەحمان مستەفا، کە بۆ (باس) قسەی کردبوو، ئاماژەی بەوە دابوو، کە (هاوپەیمانیی کوردستانی) بە یەکگرتوویی دەتوانێ زۆرینەی دەنگەکانی ئەو پارێزگایانە کۆ بکاتەوە و دەنگەکانی بە هۆی سیستەمی سانتلیگۆوە نەفەوتێت، کە زۆرینەی دەنگەکان بەپێی سیستەمەکە بۆ ئەو لیستانە دەڕوات، کە گەورەن و دەنگی زۆر دەهێنن. 
بەڵام، د.فایەق گوڵپی، چاودێری سیاسی، بۆ (باس) رای گەیاند، یەکێک لە داواکانی خۆپیشاندەران پووچەڵکردنەوە و لەکارلادان و پەراوێزخستنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە، گوتیشی: “ئەگەر ئەو رەوشە بەردەوام بێت و کۆتایی نەیەت، هەڵبژاردنی پارێزگاکان ئەستەمە لەو وادەیەی دیاری کراوە بکرێت، جگە لەوەش، کە خۆپیشاندەران هەڵوێستیان لەبەرامبەر بە ئەنجومەنی پارێزگاکان خراپە، لە هەمان کاتدا داوای هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکەنەوە، لەبەر ئەوە، ئەگەری ئەوە هەیە، هەڵبژاردنی پارێزگاکان ببێتە بابەتێکی لاوەکی و هەڵبژاردنەکانی دیکە بخرێنە پێشیەوە، بەوەش پێشبینی ناکرێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت”.


سەبارەت بە یەکگرتوویی کوردیش لەو هەڵبژاردنە، نەوزادی موهەندیس، چاودێری سیاسی بۆ (باس) رای گەیاند، ناوچە دابڕێنراوەكانی دەرەوەی سنووری هەرێمی كوردستان بە نزیكەی 51% خاكی هەرێمی كوردستان دادەنرێت و گرنگییەكی گەورەی هەیە بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و كۆمەڵایەتییەوە، چونكە ئەو ناوچانە هەر لە مووسڵەوە تا مەخموور و كەركووك و خورماتوو و داقووق و خانەقین و ئەوانی تریش، كە كەوتوونەتە ناو چوارچێوەی 4 پارێزگای گرنگی عێراقەوە، لە مووسڵ و كەركووك و سەڵاحەدین و دیالە، پێگەیەكی جیۆسیاسیی گرنگ و كاریگەریان هەیە و لە ڕووی ئابوورییشەوە، بەتایبەتیش لە نەوت و غازی سروشتیدا، گەلێك دەوڵەمەندن و لە ڕووی ئەمنییشەوە تەواوی ئەمنییەتی كوردستان دەپارێزن و لە ڕووی كۆمەڵایەتییشەوە باكگراوندێكی كوردانە و كۆمەڵایەتیی توندوتۆڵ دەبەخشنە تەواوی هەرێمی كوردستان، بەو پێكهاتە هەمەجۆرەی هەیانە لە عەرەب و توركمان و مەسیحی و هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی تریشەوە، لەبەر ئەوە، بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكرێت هەموو ڕێگاكان تاقی بكرێنەوە، گوتیشی: “ئەگەر بمانەوێ گەلی کوردستان لەو ناوچانەدا براوەی یەكەم بێت، ئەوا تەنیا بە یەكگرتوویی و یەكلیستی و كۆبوونەوەی هەمووان دەبێت، لە چوارچێوەی یەك لیستدا، خۆشبەختانە ئێستا کە (لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی) بۆ هەر چوار پارێزگاکە هەیە، ئەوە گرنگیی زۆری دەبێت بۆ نەفەوتانی دەنگەگانی کورد لە سیستەمی سانتلیگۆدا و کۆکردنەوەی دەنگی زیاتر لە یەک گوتاریدا”.


 موهەندیس جەختی لەوەش کردەوە، سەركەوتنی كورد دەبێتە هۆكاری جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور و بەدەستهێنانی (50 +1)ی کورسییەکان و ڕاوەستانی پڕۆسەی بەعەرەبكردن و هەروەها حساب بۆكردنی كورد لەلایەن بەغدا و وڵاتانی ناوچەكە و دونیاشەوە.