ئەنەکەسە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریا رێک دەکەوێت

لەسەر مافەکانی کورد لە دەستووری سووریا

09/10/2019 - 16:29 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا، تورکیا ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات دەست پێ دەکات. ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیش لە سووریا ئاماژە بەوە دەدات، چارەسەری کێشەی کورد لە سووریا لە دەستووردا دەبێت و بۆ پێدانی مافەکانی کورد لە دەستوور، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریا رێک کەوتوون. هاوکات چەند پڕۆژە رەشنووسێکی ئامادەکراو بۆ کۆمیتەی نووسینەوەی دەستوور لە سووریا پێشنیاز دەکرێن.


لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە، كۆشكی سپی رای گەیاند، ئەمەریكا بەشداری و پاڵپشتی لە ئۆپەراسیۆنى تورکیا لە باکوورى سووریادا ناكات و لە ناوچەكە دەكشێتەوە.


لە راگەیاندراوێكدا، كۆشكی سپی ئاشكرای كرد، توركیا بەم نزیکانە دەست بە ئۆپەراسیۆنی ماوەدرێژی خۆی دەكات لە باكووری سووریا، بەڵام ئەمەریكا  پشتیوانى لەو ئۆپەراسیۆنە ناكات و لە ناوچەكە دەكشێتەوە.
کۆشکى سپى ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمەریكا دوای شكستپێھێنانی داعش ئەرکەکەى کۆتایی هاتووە و لە باكووری سووریا دەکشێتەوە.
لە هەمان رۆژدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە توتێکدا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی فورات نووسیویەتی: ”ئێمە لەو جێگەیە شەڕ دەکەین، کە سوودی بۆمان هەبێت”.


ئاماژەی بەوەش داوە: "وا بڕیار بوو هێزەکانی ئەمەریکا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لە سووریا بمێننەوە، ئەمەش چەند ساڵێک لەمەوبەر بوو، نزیکەی سێ ساڵ تێپەڕیوە و کاتی ئەوە هاتووە لەو شەڕە بێ کۆتاییانە بێینە دەرەوە، کە زۆربەیان شەڕی هۆز و تیرەیین، سەربازەکانمان دەهێنینەوە نیشتمان”. 


لای خۆشیانەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری توركیا رای گەیاندووە، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا، هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستیان بە پاشەكشە كردووە.

سەركۆماری توركیا راشی گەیاند، ئەو هێرشەی توركیا پلانی بۆ داناوە بیكاتە سەر باكووری سووریا، لە هەر ساتێكدا بێت، بێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەختە، دەست پێدەكات.

چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە، تورکیا لە ئەنجامدانی ئەو هێرشەی رژدە و دەستپێکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە ئان و ساتدایە.


لەمبارەیەوە، جدعان عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بۆ(باس) رای گەیاند، ئەو بارودۆخەی پەکەکە بۆ رۆژئاوای کوردستانی دروست کرد، دەمێکە ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێ، گوتی: “هێزە گرێدراوەکانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان، لەبری دروستکردنی کیانێک، کە تیایدا کوردان هەست بە ئارامی بکەن و وڵاتانی دراوسێش ترسیان لەو کیانە نەبێت، پەکەکە بەردەوام سیاسەتی دژ بە ئەو کوردانەی دەگرتە بەر کە نەدەچوونە ژێر هەژموونیەوە و هەڕەشەی لە وڵاتانی دراوسێی دەکرد و نادیپلۆماسییانە تەنیا لە رووی سەربازییەوە رێککەوتنی لەگەڵ ئەمەریکا هەبوو بۆ شەڕی داعش، لەمبارەیەوە پێشتر زۆر هۆشداریمان داوە، کە ئەوە ئەو دۆخەی لێ چاوەڕێ دەکرێت”.


ئەو بەرپرسەی کورد، تاکە هیوای کوردی بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانی بۆ ئەو جووڵە دیپلۆماسییانە گەڕاندەوە، کە ئێستا ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریادا، سەبارەت بە جێگیرکردنی لە دەستووری سووریادا ئەنجامی دەدات.


لە ساڵانی پێشتر، رووسیا رەشنووسێکی پێشنیازکراوی سەبارەت بە دەستووری سووریا بڵاو کردەوە، كە تیایدا ناوی سووریا لە كۆماری عەرەبیی سوورییەوە بۆ كۆماری سووریا گۆڕدرابوو، لە ماددەکانیشیدا هاتبوو، کە زمانی كوردی زمانێكی فەرمییە و ئۆتۆنۆمییش تیایدا درابووە كورد.


ئەوکات ئەمەریکاش لەگەڵ وڵاتە هاوپەیمانەکانی سەرقاڵی پڕۆژە پێشنیازێکی دیکە بوو، کە بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری، لە هەندێ خاڵدا پڕۆژەکەی رووسیا لەگەڵ ئەجێنداکانی ئەمەریکا بۆ سووریا یەکی نەدەگرتەوە، چونکە رووسیا دەیویست لە ڕێگەی پڕۆژەکەی خۆیەوە، دەسەڵات بۆ بەشار ئەسەد بگەڕێنێتەوە و مافی بەشداریی لە هەڵبژاردن پێ بدات، بەڵام ئەمەریکا بە هەموو شێوەیەک ئەوەی رەت دەکردەوە، کە بەشار ئەسەد دوای دەستوورە نوێیەکە لە سووریا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.


ئەوە لەکاتێکدایە، کە مانگی رابردوو، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک، پێکهینانی لیژنەی دەستووری سووریای ڕاگەیاند، کە 150 کەس پشكداری نووسینەوەی دەبن. لەوانە 50 کەس سەر بە ڕژێمی سووریا دەبن و 50 کەسی دیکەیان لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و 50 کەی دیکەش لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دیاری کراون.


لەمبارەیەوە، کاوە عەزیزی، ئەندامی ئەنجومەنی کورد لە سووریا (ENKS)، بۆ (باس) رای گەیاند، تاوەکوو ئێستا نازانرێ ئەو دەستوورەی پێشتر رووسیا بەئاشکرا پێشنیازی کرد، یان هەر لایەکی دیکە ناڕاستەوخۆ پێشنیازی دابێتە کۆمیتەی نووسینەوەی دەستوور لە سووریا، دەبێت بە سەرچاوەی سەرەکی بۆ دەستپێکی کۆبوونەوەی کۆمیتەی دەستوور، کە وا بڕیارە یەکەم کۆبوونەوەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە جنێف بکات، یان ئەوەتا هەر لەسەرەتاوە وەرەقەی پێشنیازکراوی رژێم و ئۆپۆزسیۆن دەکرێن بە سەرچاوەی سەرەکی و دەستپێکی گفتوگۆکان، گوتی: “ئەوەی هەیە لای ئێمەوە رێککەوتنمان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا کردووە، کە گەلی کورد لە دەستووردا مافەکانی پارێزراو بێت و ناوی دەوڵەتی سووریا لە وڵاتێکی عەرەبییەوە بکرێت بە کۆماری سووریا و زمانی کوردی بەفەرمی دانی پێدا بنرێت، جگە لەوەش، داوامان کردووە کورد لە سووریا لەسەر بنەمای ئەو مەوقیعە جوگرافییەی لە رۆژئاوای کوردستاندا هەیە و دیارە، فیدڕاڵیی هەبێت”.


گوتیشی: “ئێمە وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، وەرەقەی داواکانمان ئامادەیە و بە سێ ئەندامی سەرەکی و چەند ئەندامێک، کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دانراون، بەشداریی لە دانوستانەکاندا دەکەین و بە کاری دیپلۆماسییانەی خۆمان هەوڵ دەدەین، سەرجەم مافەکانی گەلی کورد لە سووریا لە دەستووردا دەستەبەر بکەین”.