دواى تێپەڕینی دوو ساڵیش خانه‌قینییه‌كان هێشتا ئازارى خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر دەچێژن

كارگێڕى لقی خانه‌قینى پارتى دیموكراتى كوردستان: به‌ به‌رنامه‌ كار بۆ ده‌ركردنى كورد و دوورخستنەوەى له‌ ماڵ و حاڵى خۆى ده‌كرێ

09/10/2019 - 16:02 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

نزیكه‌ى دوو ساڵ به‌سه‌ر خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ردا تێده‌په‌ڕێت، كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ شار‌ى خانه‌قین، وەک کەرکووک زۆر ناوچەی کوردستانیی تر، ڕاده‌ستى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى كرا و بارودۆخى ناوچه‌كه‌ له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تى تێكچوو.


شێركۆ تۆفیق، كارگێڕى لقی خانه‌قینى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: ”له‌كاتێكدا دوو ساڵ به‌سه‌ر خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ردا تێده‌په‌ڕێت، كه‌چى هێشتاكه‌ ئاسه‌وار و كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر كوردانى شار‌ى خانه‌قین ماوه‌، ڕۆژێك بوو پڕواپڕ بوو له‌ خیانه‌ت و خاكفرۆشتن و ڕێگاخۆشكردن بۆ دوژمنانمان، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و خاكه‌ى، كه‌ خوێنى پاكى چه‌نده‌ها شه‌هیدى له‌سه‌ر ڕژا، به‌ئاسانى داگیرى بكه‌ن و بیكه‌ن به‌ شارێك، كه‌ تامى ژیانى تێدا نه‌مێنێت، هێشتا خانه‌قینییه‌كان ئازارى ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ ده‌ست داگیركه‌رانه‌وه‌ ده‌چێژن.


گوتیشى: ”له‌ خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ردا، ئه‌و تاوانانه‌ دووباره‌ كرانه‌وه‌، كه‌ له‌ سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عسدا ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كورد دەکرا. له‌دواى ئه‌و ڕۆژه‌ش تاكوو ئێستاكه‌، له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عێراق و حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ كار بۆ ده‌ركردنى كورد و دوورخستنەوەى له‌ ماڵ و حاڵى خۆى ده‌كرێ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كارى تیرۆریستیى جۆراوجۆر له‌ ناوچه‌كه‌دا دەکرێ و كورد شه‌هید ده‌كرێت و داهات و به‌رهه‌مى ناوچه‌كه‌ به‌تاڵان ده‌برێت و ده‌دزرێت، پەرێزی دەسووتێنرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بارودۆخى ناوچه‌كه‌ زۆر خراپه‌ و كوشتن و ڕفاندنى هاووڵاتییان به‌رده‌وامە، كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووى بۆ خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌“.


ئه‌و ئاماژه‌شى به‌وه ‌دا، كه‌ له‌دواى داگیركردنى شارى خانه‌قین، به‌ ده‌یان هاووڵاتیى كورد له‌ ناوچه‌كه‌ ماڵ و حاڵى خۆیان به‌جێ هێشتووه‌ و ڕوویان له‌ شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین فه‌رمانبه‌ر هه‌ن له‌دواى خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ تاكوو ئێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌ى، كه‌ له‌ ریفراندۆمە‌كه‌ى ڕۆژى 25/9/2017 به‌شدارییان كردووه‌ و ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان دا، به‌تایبه‌ت ئه‌ندام و لایه‌نگرانى پارتى دیموكراتى كوردستان، كه‌ خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ی كه‌ باره‌گاكانى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ ته‌نیا، له‌ سنوورى شارى خانه‌قیین له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ داگیر بكرێن، چونكه‌ سەرۆک مه‌سعود بارزانى و پارتى، خاوه‌نى هه‌نگاوه‌ پیرۆزه‌كه‌ى ڕیفڕاندۆم بوون.


ڕاشى گه‌یاند: ”خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ڕۆژێكى ڕه‌شى جه‌رگبڕ بوو بۆ خانه‌قینییه‌كان به‌تایبه‌تی و گه‌لى كورد به‌گشتى، كه‌ تێیدا هاوكاریى دوژمن كرا بۆ ئه‌وه‌ى نه‌ك هه‌ر خانه‌قین، به‌ڵكوو به‌شێكى زۆرى ناوچه‌ كوردییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان داگیر كرا و ئامانجى ئه‌و داگیركه‌رانه‌ش ته‌عریبكردنى ناوچه‌كه‌ و ده‌ركردنى كورد و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى ئه‌و نه‌وته‌ بوو، كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌ڕاستى كاره‌ساتێك بوو تاكوو مابێت نابێت له‌بیر بچێت“.


گوتیشى: ”ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى له‌دواى خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، بێجگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان ئاماده‌ نین هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك به‌ ناوچه‌كه‌ بگه‌یه‌نن، ئه‌وان له‌گه‌ڵ تیرۆریستانى داعشدا بوونه‌ته‌ یه‌ك پاكێج و سه‌نگه‌ریان دژ به‌ كورد گرتووه‌ و هیچ حیسابێك بۆ هیچ لایه‌نێكى ئیدارى و سه‌ربازى ناكه‌ن و هه‌رچییان بوێت دەیکەن“.


هاووڵاتییه‌كى دانیشتووى شارۆچكه‌ى خانه‌قین، كه‌ بە ئه‌بووعه‌لى خۆى ناساند، به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: ”خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ڕووڕه‌شییه‌ بۆ ئه‌نجامده‌ران و هاوكارانى، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بوونایه‌، كه‌س نه‌ده‌یده‌وێرا به‌و شێوه‌یه‌ى ئێستا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى خانه‌قین، به‌ تایبه‌ت كوردانى بكات، خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر گه‌وره‌ترین دۆڕاندن بوو، كه‌ به‌ر ناوچه‌كه‌دا هێنرا.


ئه‌و هاوڵاتییه‌ گوتیشى: ”ئه‌گه‌ر به‌راورد له‌نێوان ڕیفڕاندۆم و 16ى ئۆكتۆبه‌ردا بكرێت، ئه‌وا وه‌ك شه‌و و ڕۆژ جیاوازییان هه‌یه‌، هه‌موو لایه‌ك ده‌زانێت ڕیفڕاندۆم بۆچى بوو و خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ریش بۆچى، ڕیفڕاندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان و ده‌وڵه‌تى كوردى بوو خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ریش بۆ فرۆشتنى خاك و نیشتمان به‌ دوژمنان“.