گاردیان: بڕیارەكەی ترەمپ ئاگرێكی گەورەی لە ناوچەكە بەرپا كردووە

08/10/2019 - 17:10 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا هەڵكرد تا ئۆپەراسیۆن بۆ رۆژهەڵاتی فورات ئەنجام بدات، رۆژنامەی (فاینانشیاڵ تایمز) ئەمڕۆ نووسی كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەرەیەكی تری شەڕ لە ناوچەكە دەكاتەوە، (گاردیان)یش پێیوایە ترامپ بەم بڕیارە، بەرژەوەندییەكانی ئەمریكای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە مەترسیەوە و ئاگرێكی گەورەی لە ناوچەكە بەرپا كرد.


ئەمڕۆ سێشەممە ڕۆژنامەی (فاینانشیاڵ تایمز)ی بەریتانی نووسیویەتی لە ماوەی یەك ساڵدا، ترەمپ دوو جار پشتی لە كورد كرد، جاری یەكەم گوتی شەڕی داعش كۆتایی هات و هێزەكانی كشاندەوە، پاشان لەگەڵ توركیا رێككەوت بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام تا رێگە لە هێرشی توركیا بگرێت بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوا، بەڵام ئەو رێككەوتنە وای كرد ئۆپەراسیۆنی توركیا ئەگەرێكی زۆر بەهێز بێت.


باس لەوەش دەكات كە ئەم بڕیارەی ترەمپ پێمان دەڵێ هیچ رێككەوتن و هەماهەنگییەك لە نێوان پنتاگۆن و ترەمپدا نەبووە و بڕیارەكە پەلەكردنی پێوە دیارە.


هەروەها پێیوایە ئەگەر توركیا پەلاماری هێزە كوردییەكان بدات لە رۆژهەڵاتی فورات، ئەوكات ئەو چەكدارە داعشانەی لای یەپەگە دەستگیر كراون ئازاد دەكرێن، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە.


ئەوەشی نووسیوە كە ئەم سیاسەتەی ترەمپ لەبارەی سووریاوە، هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بە كوردیشەوە دەخاتە گومانەوە، هەروەها لەناو كۆمارییەكانیش كە پارتەكەی ترەمپە دەنگی ناڕەزایی بەرز بووەتەوە و دەڵێن ئەمە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەكە، لە دنیاشدا ئەمریكا بەرامبەر بە هاوپەیمانەكانی زیانی پێدەگات.


رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانیش لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە كە بڕیارە لەناكاوەكەی ئەمریكا، وەكو بۆمبێك وایە سووریای پێ دەتەقێنێتەوە.


ئەو رۆژنامەیە بۆچوونی شارەزایانی بواری سەربازی وەرگرتووە و پێیانوایە ترەمپ بە هیچ شێوەیەك بارودۆخەكەی نەخوێندووەتەوە و هەڵینەسەنگاندووە، ئەگەرنا هەرگیز بیری لەو بریارە نەدەكردەوە.


ئەوەشی نووسیوە كە ئەم هەنگاوەی ئەمریكا وا دەكات ناوچەكە بكەوێتە ناو ئاگرێكی گەورەوە، هەروەها ئەگەر توركیا بچێتە ناو رۆژهەڵاتی فوراتەوە، ئەوكات یەپەگە روو لە ئێران و رووسیا و سووریا دەكات، ئەوان دەخاتە ناو هاوكێشەكە و دەیانكاتە هاوپەیمانی خۆی.