لەبەر نەبوونی هیچ یاسایه‌ك پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون بۆ به‌ناوكردن پاره‌ وه‌رده‌گرن

كۆمپانیا هه‌یه‌ 5 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرێت

22/09/2019 - 20:55 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

به‌بێ بوونی هیچ یاسایه‌ك، زۆربه‌ی زۆری كۆمپانیاكانی پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون، له‌ كاتی گۆڕینی ناوی خاوه‌نی خانوویه‌ك بۆ كه‌سێكی دیكه‌، بڕێك پاره‌ وه‌رده‌گرن، بڕی پارەکەش له‌ پڕۆژه‌یه‌كەوە بۆ پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌گۆڕێ.


دیار عارف، هاووڵاتییه‌كی شاری هه‌ولێره‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌كان خانوویه‌كی كڕیوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ قستی له‌سه‌ر نه‌بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خاوه‌ندارییه‌ته‌كه‌ی بخاته‌ سه‌ر ناوی خۆی، كۆمپانیاكه‌ داوای هه‌زار دۆلاری لێ كردووه‌: "پرسیارم كرد و گوتم شتی وا له‌ كوێ هه‌یه‌، گوتیان ئێمه‌ وه‌رده‌گرین". بۆیه‌ دیار چووه‌ته‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، ئه‌وانیش ئاگاداریان كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ نووسراوی فه‌رمی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌”.


ئه‌و ده‌ڵێت: "چوومه‌وه‌ كۆمپانیا و پێم گوتن، گوتیان ئێمه‌ هیچ حه‌قمان به‌سه‌ر وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ نییه‌، پاره‌ی خۆمان هه‌ر وه‌رده‌گرین، تۆش ده‌توانیت نه‌یكڕی، ناچار بووم پاره‌كه‌ بده‌م و هیچم له‌گه‌ڵیان پێ نه‌كرا".


ئه‌و هاووڵاتییه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك به‌ ئارەزووی خۆی باج، پاره‌ی كاره‌با، سكیوریتی و خزمه‌تگوزاری وه‌رده‌گرێ: "بڕی پاره‌كه‌ش به‌گوێره‌ی پڕۆژه‌ و به‌گوێره‌ی خانوو وه‌ردەگیرێن، بێ ئه‌وه‌ی یاسایه‌كی ستاندارد هه‌بێ".


سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ نووسراوی فه‌رمیی ژماره‌ 3583 له‌ رێككه‌وتی 25\10\2016، كه‌ واژۆی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێری له‌سه‌ره‌، گشت كۆمپانیاكان ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌، كه‌ مافی ئه‌وه‌یان نییه‌ بۆ گۆڕینی گرێبه‌ستی خانووه‌كان پارە وه‌رگرن، به‌ڵام به‌گوێره‌ی قسه‌ی خاوه‌ن نووسینگه‌كانی فرۆشتن بێت، وەرگرتنی ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ زۆر لە كۆمپانیاكان هەیە.


محه‌مه‌د بڵباس، لە نووسینگه‌ی ده‌ڵاڵی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو، كه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی بۆ به‌ناوكردن پاره‌ی خانووه‌كانیان كاش وه‌رگرتووه‌، به‌ ئارەزووی خۆیان پاره‌ وه‌رده‌گرن، چونكه‌ به‌ یاسا نییه‌، هیچ وه‌سڵێكت پێ ناده‌ن، ئه‌گه‌ر لایه‌كیش بیانناسێت پاره‌ی لێ وه‌رناگرن.


سه‌فین ژمێریارە له‌و كۆمپانیایه‌ی، كه‌ پڕۆژه‌ی شاری كامه‌رانیی له‌ شاری هه‌ولێر دروست كردووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، كه‌ ئه‌وان سه‌ره‌تا بۆ گۆڕینی ناوی خاوه‌ندارییه‌تی بڕی هه‌زار دۆلاریان له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ كڕیار و فرۆشیار وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی به‌ نووسراوی فه‌رمی ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌، پاره‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌.


ئه‌و ژمێریاره‌ی گه‌ڕه‌كی كامه‌رانی، كه‌ هاوكات له‌و گه‌ڕه‌كه‌ نووسینگه‌ی فرۆشتنی خانووبەرەی هه‌یه‌، نه‌یشارده‌وه‌، كه‌ زۆربه‌ی كۆمپانیاكان تا ئێستا كار به‌و نووسراوه‌ ناكه‌ن و پاره‌ وه‌رده‌گرن، ته‌نیا ئه‌وانه‌ نه‌بێت، كه‌ پاره‌ی كۆمپانیایان له‌سه‌ر ماوه‌ و خانووه‌كانیان قیسته‌: "ئێمه‌ له‌دوای نووسراوه‌كه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان پاره‌مان وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام ئاگادارم كه‌ به‌شێكی زۆری كۆمپانیاكان، تا ئێستا به‌ ئارەزووی خۆیان پاره‌ وه‌رده‌گرن".


خاوه‌نی نووسینگه‌یه‌كی فرۆشتنی خانوو و زه‌وی له‌ناو یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكان، ئاماده‌ نه‌بوو به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ قسه‌ بكات، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی كۆمپانیا ده‌توانێت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ده‌ری بكات و كه‌سیش ناتوانێت لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات، بۆ (باس) ئه‌وه‌ روون ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌و لێیه‌تی، چه‌ندین كه‌س سكاڵایان تۆمار كردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا كه‌س هیچی پێ نه‌كراوه‌. به‌ قسه‌ی ئه‌و، كۆمه‌ڵگه‌كانی دیكه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ پاره‌ وه‌رده‌گرن: "به‌گوێری خۆشیی شوێنه‌كه‌یه‌، بۆ نموونه‌، شوێن هەیە بۆ گۆڕینی ناوی خاوه‌ندارییه‌تی شوقەکانی 5 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرێ، كۆمه‌ڵگه‌ هەیە 4 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرێ، هەیە 300 دۆلار وه‌رده‌گرێت، شوێن هەیە بۆ خانووی ئاسایی هه‌زار دۆلار و بۆ ڤێلا 2 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرێ، ئه‌وه‌ش به‌بێ بوونی هیچ یاسایه‌ك و هیچ شتێك، ته‌نانه‌ت به‌بێ وه‌سڵ، كه‌ خه‌ڵكیش پرسیاریان لێ ده‌كات، ده‌ڵێن بۆ فه‌رمانبه‌ره‌كانمانه‌".


ئه‌و ده‌ڵاڵه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه: "خه‌تایەکە له‌ وه‌به‌رهێنانه‌، چونکە ده‌بێ وه‌به‌رهێنان خۆی پاره‌یه‌كی ره‌مزی دیاری بكات و به‌ وه‌سڵ پاره‌كه‌یان لێ وه‌رگرێت و ته‌ماشایان بكات و به‌شێكی بۆ وه‌به‌رهێنان بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ یاسایه‌ك نییه‌، خۆیان گۆڕانكاری له‌ نرخدا ده‌كه‌ن، كه‌سێك داوای 500 دۆلاریان لێ کردبوو، چووبوو سكاڵای كردبوو، دوای سكاڵا گوتیان ده‌بێت هه‌زار دۆلار بده‌یت، ئه‌گه‌رنا به‌ناوت ناكه‌ین، هه‌ر كۆمپانیایه‌كیش ده‌ڵێت وا نییه‌، بڕۆن له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بپرسن".


ئه‌و خاوه‌نی نووسینگه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، كه‌ هاووڵاتی هه‌بووه‌ چه‌ندین جار سه‌ردانی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی كردووه‌، كه‌چی هیچیان پێ نه‌كراوە، بۆیه‌ خۆی گوتوویەتی با پاره‌كه‌ بده‌م باشتره‌ له‌و هاتوچۆیه‌، سه‌دان جاریش نووسراوی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی پێ پیشان داون، گوتوویانه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕانی خاوه‌نداریه‌تی نه‌ما، ئه‌وا كۆمپانیاكه‌ داده‌خه‌ن، به‌ڵام ده‌ڵێت: "هۆكاره‌كه‌ وه‌به‌رهێنانه‌ و چاودێریی ناكات، ئه‌گه‌ر بكات و خۆی پاره‌یه‌كی ره‌مزی دابنێت و رای بگه‌یه‌نێت كه‌ به‌بێ وه‌سڵ پاره‌ نه‌درێت، ئه‌وكات كۆمپانیا هیچ ناكات، چاوه‌ڕێین و ئومێدمان بە کابینەیەی نوێ هەیە ئەم ناعەدالەتییە نەهێڵێ".


به‌شی زۆری ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانە پاره‌ی دیكه‌ش به‌ناوی خزمه‌تگوزاری، سكیوریریتی، ئاو و كاره‌با وه‌رده‌گرن، كۆمه‌ڵگه‌ هەیه‌ زیاتر له‌ 100 دۆلار وه‌رده‌گرێت، هه‌ندێكیشیان ده‌یان هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن، قه‌باره‌ی خانووش رۆڵ ده‌بینێت: "كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌ تائێستا قوتابخانه‌ی نییه‌ و ماڵیان گرتووه‌، تا ئێستا سه‌دان كه‌س سكاڵایان كردووه‌، به‌ڵام هیچ نه‌كراوه‌، ته‌نیاش هاووڵاتی زیانمه‌نده‌، ته‌نانه‌ت یه‌كێك سكاڵای له‌سه‌ر خراپیی خزمه‌تگوزاری كردبوو، كه‌چی كۆمپانیا سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار كردبوو، كه‌ ئاژاوه‌گێڕه‌".


به‌شێك له‌ كۆمپانیاكان، كه‌ خه‌ڵك ده‌چێت ده‌ڵێ پاره‌ وه‌رناگرین، به‌ڵام به‌ قسه‌ی ئه‌و خاوه‌ن نووسینگه‌یه‌، زۆرجار كۆمپانیاكان گوایه‌ پاره‌ وه‌رناگرن، به‌ڵام دواتر داوای پاره‌یان له‌ خاوه‌ن نووسینگه‌كان كردووه‌: "پرسیاری ئه‌وه‌ له‌ خه‌ڵكی ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ چ نووسینگه‌یه‌ك كڕیویه‌تی، دواتر گرێبه‌سته‌كه‌ ته‌حویل ناكه‌ن و ده‌بێت نووسینگه‌ پاره‌كه‌ بدات".


مه‌لا سه‌لمان قه‌ره‌نی عومه‌ر، گوتاربێژ و پێشنوێژه‌، له‌ کۆمەڵگایەک خانووی كڕیوه‌، بۆ (باس) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ گرفتی زۆری له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكه‌یاندا هه‌یه‌، تا ئێستا سێ سكاڵای له‌سه‌ر كۆمپانیایەك‌ تۆمار كردووه‌، دووانیان له‌ دادگه‌ن، دادگه‌ش داوای شایه‌دیی لێ كردووە، به‌ڵام كه‌س ناوێرێت بێت و شایه‌دی بدات.


مه‌لا سه‌لمان، ته‌نیا له‌ گۆڕینی گرێبه‌سته‌كه‌ی هەشت سه‌د دۆلاریان لێ وه‌رگرتووه‌، نازانێت به‌ چ هۆكارێكه‌، به‌ پارێزه‌ری كۆمپانیاكه‌ی گوتووه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ چییه‌؟ گوتوویه‌تی ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك فه‌رمانبه‌رین و كۆمپانیا به‌و پاره‌یه‌ ده‌یانژیێنێت، ده‌شڵێت: "گوتم واته‌ ئێوه‌ له‌سه‌ر سكی خه‌ڵك ده‌ژین، شاره‌كه‌ی ئێمه‌ یه‌ك ده‌رگه‌ی هه‌یه‌، یه‌ك كه‌س ماڵی بار بكا نایه‌ڵن بڕوا، ده‌بێت بچێت پاره‌ی خزمه‌تگوزاری بدات ئەوجا بار بكات، ته‌مەنا ده‌كه‌م ئه‌و كابینه‌یه‌ شتێك بكات".


پێوەند بەم پرسە، سامان عاره‌ب، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر، بۆ (باس) جه‌ختی كرده‌وه‌، “هه‌ر كه‌سێك له‌لایه‌ن كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانه‌وه‌ داوای پاره‌ی لێ كرا، ده‌توانێت بێته‌ لایان و سكاڵا تۆمار بكات، ئێمه‌ش له‌لایه‌ن داواكاری گشتی سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ین و نووسراویان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، تاكوو ببێته‌ بڕیارێك دژی كۆمپانیایه‌كه‌".


به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنان نایشارێته‌وه‌، كه‌ هاووڵاتییان هاتوونه‌ته‌ لایان و ئه‌وانیش كۆمپانیاكانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ ساڵی 2016 نووسراوی فه‌رمی ده‌رچووه‌، كه‌ نابێت پاره‌ له‌ كاتی گۆڕینی گرێبه‌ست له‌ هاووڵاتییان وه‌ربگیرێت، به‌ڵام خاوه‌نی كۆمپانیاكان نكۆڵی له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وان پاره‌یان وه‌رگرتبێت، ده‌شڵێت: "گرفته‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كۆمپانیاكان نكۆڵیی لێ ده‌كه‌ن، هاووڵاتییانیش سكاڵا تۆمار ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر بێنه‌ لامان ئێمه‌ قه‌بووڵی ناكه‌ین و سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین، گه‌شت له‌و وه‌به‌رهێنهرە‌كه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ین، غه‌رامه‌ و ده‌ستبه‌سه‌ری ده‌كه‌ین".


به‌شێك له‌ كۆمپانیاكانیش پاره‌ وه‌رده‌گرن و وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێریش ناتوانێت هیچ كارێكیان به‌رامبه‌ر بكات، له‌م باره‌یەوه‌ سامان عاره‌ب، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو، كه‌ هەندێک پڕۆژه‌ مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێریان نییه‌، بۆیه‌: "ته‌نیا داواكاری گشتی ده‌توانێت به‌رامبه‌ریان بوه‌ستێت".