ئەردۆغان 7 وەزیری كابینەكەی دەگۆڕێت

 

20/09/2019 - 12:42 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

هەر لەو رۆژەی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ بڵاو كرایەوە و كاندیدی ئەكەپە دووچاری شكست بوو، باس لە گۆڕانكارییەكی گەورە دەكرا لەناو حزب و كابینەی حكوومەتی رەجەب تەییب ئەردۆغاندا، بۆیە گۆڕانكاریی ناو حكوومەت نزیك بووەتەوە و تەنانەت كەسە نزیكەكانی سەر بە ئەردۆغانیش ئەو دەنگۆیانە پشتڕاست دەكەنەوە.


رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، بەئاشكرا لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی ئەكەپەدا گوتوویەتی، ئێوە وەكوو پێویست كارتان نەكردووە، بۆیە دەنگدەری ئەكەپە لێمان دوور كەوتوونەتەوە، ئێستا كاتی ئەوەیە گۆڕانكاری بکەین.


لە لایەكی تریشەوە، جیابوونەوەی ئەحمەد داودئۆغلو و عەلی باباجان، كە دوو سەركردەی پێشووتری ئەكەپە بوون، وا لە ئەردۆغان دەكات بەپەلە گۆڕانكارییەكان بکات، چونكە ئەگەر زۆرە بەشێكی سەركردایەتی و ئەندام پەرلەمانەكان بچنە پاڵ ئەو دوو پارتە تازەیەی باباجان و داودئۆغلو، كە بەنیازن دروستی بكەن.


جان ئەتاكلی، رۆژنامەنووسی دیاری رۆژنامەی (كۆركوسوز)ی توركی، هەر دەنگۆیەكی لەبارەی ئەكەپەوە بڵاو كردبێتەوە راست دەرچووە، چونكە بەشێكی زۆری سەركردەكانی ئەكەپە هاوڕێی ئەون و زانیاریی وردی پێ دەدەن.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەبارەی گۆڕانكاری لە كابینەی حكوومەتدا بڵاوی كردوونەتەوە، بەرات ئالبەیراك، وەزیری دارایی و ئابووریی توركیا، كە لە هەمان كاتدا زاوای ئەردۆغانیشە، لەگەڵ 6 وەزیری تر لە پۆستەكەیان دوور دەخرێنەوە و كەسی تر دێتە شوێنیان. هەروەها سولەیمان سویلوش، وەزیری ناوەخۆی توركیا بە دڵی زۆران لە سەركردایەتیی ئەكەپە نییە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەویش لەناو ئەو گۆڕانكارییانەدا بێت، كە بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا بکرێن.


ئەو وەزارەتانەی ئەردۆغان بەنیازە گۆڕانكارییان تێدا بكات (وەزارەتی پەروەردە، تەندروستی، گەشتوگوزار، دارایی و ئابووری، وەزارەتی ناوەخۆ، بازرگانی و داد)ن.


دەنگۆ هەیە، كە لە شوێنی عەبدولحەمید گول، وەزیری داد، مەتین فایزئۆغلو دابنرێت، كە ئێستا سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی توركیایە و پێشتر نەیاری ئەردۆغان بووە و لە كۆبوونەوەیەكدا ئەردۆغان هەستایە سەر پێ و پێی گوت (بێ تەربێت).


سولەیمان سویلو، وەزیری ناوەخۆی توركیا، ناوی لەناو ئەو لیستەیەدایە كە بەنیازن گۆڕانكاریی تێدا بكەن، بەڵام بەشێكی كەمی سەركردایەتیی ئەكەپە گوتوویانە، ئێستا نابێت بگۆڕێت، بەڵام زۆرینە لەگەڵ ئەوەدان، كە سویلو لە چەندین لێدواندا ئەكەپەی دووچاری شەرمەزاریی كردووە و دەنگدەری ئەكەپەی نیگەران كردووە، بۆیە بگۆڕدرێت لە سوودی ئەكەپەدا دەبێت.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی چەند میدیایەكی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، بەرات ئالبەیراك، وەزیری دارایی و ئابووریی توركیا، كە زاوای ئەردۆغانیشە و كچی گەورەی خۆی پێی داوە، داوای لە ئەردۆغان كردووە پۆستێكی لەدەرەوەی توركیا پێ بدات و داوای باڵوێزیی كردووە، بەڵام ئەردۆغان رەتی كردووەتەوە، بۆیە ئەویش ماوەیەكی زۆرە تووڕەیە و لە میدیاكانیشدا نابینرێت.


دوای ئەوەی دەستووری توركیا هەموار كرایەوە و سیستەم بووە سەرۆكایەتی، ئەردۆغان وەكوو سەركۆمار بۆی هەیە لە هەر ئان و ساتێكدا، بەبێ ئەوەی بۆ پەرلەمان بگەڕێتەوە، كابینەكەی بگۆڕێت و دانانی وەزیرەكانیش هەر لە دەسەڵاتی خۆیدایە.


بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەردۆغان بەنیازە بیناڵی یڵدرم، كاندیدی ئەكەپە بۆ سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ، بكاتە وەزیری دارایی و ئابووری. هەروەها چەند كەسایەتییەكی تری ناو ئەو پارتەش، كە دەموچاوی تازەن، دەهێنێتە پێشەوە و پۆستی بەرزیان پێ دەدات.