بڕیارێک لەسەر پاسەوانانی وەزیر و پەرلەمانتاران دەردەکرێت

 

17/09/2019 - 16:42 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

پێشووتر پاسەوانی پەرلەمانتاران و وەزیرەکان بە دامەزراندنی هەمیشەیی فەرمانیان بۆ دەردەچوو، بەڵام چاوەڕوان دەکرێ کابینەی تازە ئەو دامەزراندنە بکات بە گرێبەست.


لیوا بەختیار بابان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، بڕیار وایە پاسەوانی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حکوومی بکرێنە گرێبەست، گوتیشی: "ئەگەر بکرێنە پاسەوانی گرێبەست، ئەوا پەیوەندیی بە پۆلیسەوە نامێنێت، چونکە ئەو کاتە گرێبەستێکە و میلاکی ئێمە نابن، تاوەکوو ئێستا مامەڵەی هیچ پاسەوانێکی تازە نەکراوە".


روونیشی کردەوە، هەر بڕیارێک لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو بابەتە دەربکرێت، پێوەیەوە پابەند دەبن، گوتیشی: "تاوەکوو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەو بابەتە دەرنەکراوە و چاوەڕوانین بزانین چی لێ دێت".
بڕیار وایە مووچەی هەر پاسەوانێک بە گرێبەست 700 هەزار دینار بێت و بۆ 4 ساڵ بەردەوام دەبێت.


شاخەوان رەئووف بەگ، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند: "زانیاریمان هەیە کە ئەوە یەکلایی بووەتەوە، پاسەوانی پەرلەمانتاران بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن و هەر پەرلەمانتارێکیش بۆی دەبێت سێ پاسەوانی هەبێت".


بەپێی یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2012، پەرلەمانتاران سێ پاسەوانیان بۆ دادەمەزرێنرێت و لە کۆتاییشدا پاسەوانێکی لەگەڵ دەمێنێتەوە و دووانەکەی تریش دەچنە سەر میلاکی یەکەی پاسەوانی و لەوێوە دابەش دەکرانەوە بەسەر ئەو شوێنانەی حکوومەت پێویستی پێیان بووە، بەڵام بەپێی بڕیاری نوێی حکوومەت، پاسەوانەکانی دوای کۆتاییهاتنی خولی پەرلەمان، گرێبەستی پاسەوانەکان هەڵدەوەشێندرێنەوە.


بەپێی زانیارییەکانی (باس)، مانگانە نزیکەی 2 ملیار دینار لە بودجەی گشتی بۆ مووچەی پاسەوانی پەرلەمانتاران و وەزیرەکان خەرج کراوە.


شاخەوان رەئووف روونی دەکاتەوە: "تەنیا پاسەوانی پەرلەمانتاران بە گرێبەست نابێت، بەڵکوو پاسەوانی وەزیرەکانیش بە گرێبەست دەبێت".


ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە، ئەو بڕیارە لایەنی باش و خراپی هەیە، دەشڵێت: "لەسەرێکدا باشە و قورسایی لەسەر بودجەی گشتی کەم دەکاتەوە، لەلایەکیشەوە ناخۆشە دوای 4 ساڵ پاسەوانەکە بەڕێ بکرێت بۆ ماڵەوە".


سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، رای دەگەیەنێت، پاسەوانی بەرپرسان کەم کراوەتەوە و چاکسازییش لەو بابەتە بەردەوامە، دەشڵێت: "بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، هیچ پاسەوانێک بۆ هیچ پەرلەمانتارێک دانەمەزرێندراوە".


بەپێی زانیارییەکان، تەنیا لە پەرلەمان هەزار و 332 پاسەوان چوونەتە سەر میلاکی گشتیی حکوومەت و دواتریش دەبێ خانەنشینییان بۆ ببڕێتەوە.


پەرلەمانتارەکەی کوردستان ئاشکرای دەکات: "خەڵکێکی زۆر، کە لەسەرووی 60 هەزار کەسە، بە پاسەوان دامەزرێندراون، زۆربەشیان بە کردار پاسەوانی ناکەن و کاری تریان پێ کراوە".