لەمەودوا لە دەرمانخانەکاندا بە سیستەمێکی تازە دەرمان دەدرێت بە هاووڵاتییان

بەرپرسێك: لە حاڵەتی بوونی دەرمانی خراپ و ساختە پسوولەكە دەكرێتە بەڵگە

17/09/2019 - 16:40 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بڕیاری فرۆشتنی دەرمان لە دەرمانخانەکان، لە رێگەی کۆمپیوتەرەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. بەرپرسێکیش ئاشکرای دەکات، پسوولەیەك دەدرێت لە کاتی هەبوونی سکاڵا لەسەر دەرمانەکە سوودی لێ وەردەگیرێت.


د. ئەمیر چەلەبی، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانى كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لەم مانگەوە فرۆشتنی دەرمان لە دەرمانخانەکان لە رێگەی سیستەمی کۆمپیوتەری دەست پێ دەکات، گوتی: "لە 90%ی دەرمانخانەکان کراون بە سیستەمی کۆمپیوتەری، ئەوەی ماوە تاوەکوو ئەم مانگە تەواو دەکرێن، لەم مانگەوەش هەر دەرمانخانەیەک دەبێت لە رێگەی کۆمپیوتەر و پسوولەی کۆمپیوتەری، دەرمان بفرۆشێت".


پێشووتر لەلایەن سەندیکاوە دەرمانخانەکان سەرپشک کران، لەگەڵ هەر کۆمپانیایەک ڕێککەوتن بکەن بۆ بەسیستمکردنی دەرمانخانەکانیان.


روونیشی کردەوە، هەر دەرمانخانەیەک ئەو سیستەمەی نەبێت دادەخرێت، تاوەکوو سیستەمەکە دانەنێت رێگەی کارکردنی پێ نادرێت.


ئەوەشی خستە ڕوو، سوودی ئەو پڕۆسەیە بۆ هاووڵاتی زۆرە، گوتی: "ئەم سیستەمە چەندین سوودی بۆ هاووڵاتییان هەیە، بەوەی کاتێک هاووڵاتی سەردانی هەر دەرمانخانەیەک دەکات، تەواوی زانیارییەکانی لە پسوولەیەکی کۆمپیوتەریدا پێ دەدرێت، لەبارەی نەخۆشییەکەی و جۆری دەرمانەکە و نرخی دەرمانەکە و بەرواری سەردانیکردنەکە و ناوی نەخۆشەکە و ناوی پزیشکەکە، ئەم پسوولەیەش دەبێتە بەڵگە لە کاتی بوونی هەر کێشەیەکی پەیوەست بە خراپیی دەرمان و هەڵەی پزیشکی".


جەختی کردەوە، ئەو سیستەمە بۆ سەلامەتیی نەخۆش و یەکخستنی نرخی دەرمان و رێگریکردنە لە دەرمانی ساختە.


ئەمیر چەلەبی، دووپاتی کردەوە، لە رێگەی ئەو سیستەمەوە هەموو ئەو دەرمانانەی لە دەرمانخانەکان کۆگا دەکرێن، ئاشکرا دەبن و رێگری لە دەرمانی ساختە دەکرێت.


لە هەموو هەرێمی کوردستان هەزار و 200 دەرمانخانە و 100 کۆگای دەرمانی فەرمی هەیە.


بەرپرسەکەی سەندیکا ئاشکراشی کرد، هاووڵاتی هەر سکاڵایەکی لەسەر ئەو دەرمانە و نرخەکە هەبێت، کە وەری گرتووە، دەتوانێت پسوولەکە بکاتە بەڵگە، تاوەکوو سەندیکای دەرمانسازان رێکاری یاسایی خۆی ئەنجام بدات، گوتیشی: "20%ی هەڵەی دەرمان لە رێگەی پزیشکان ئەنجام دەدرێت، چونکە بە کۆمپیوتەر وەسفی دەرمان نادەن بە نەخۆش، بەڵکوو بە خەتێکی خراپ دەینووسن و هەندێک دەرمانخانەش هەڵەی تێدا دەکەن".


چەلەبی ئەوەشی خستە ڕوو، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا هەوڵی جدی هەیە بۆ ئەوەی پرسی دەرمان و کۆنترۆڵی دەرمان بە دامەزراوەیی بکرێ، گوتی: "ئێستا حکوومەت دەستی کردووە بە پلانی دامەزراندنی دامەزراوەی دەرمان و خۆراک، ئەو کارە بکرێت، هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت".