داعش له‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك چالاكن و مه‌ترسیە بۆ سه‌ر شاره‌كه‌

فه‌رمانده‌ى میحوه‌رى رۆژئاواى كه‌ركووكى پێشمه‌رگه‌:  زوو فریای دۆخه‌كه‌ نه‌كه‌وین، داعش مه‌ترسیی گه‌وره‌تر دروست ده‌كات و ژماره‌شیان زیاتر ده‌بێ

12/09/2019 - 16:20 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

فه‌رمانده‌یه‌كى هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، هۆكاره‌كانى زۆریی جموجۆڵی داعش له‌ سنوورى كه‌ركووك ئاشكرا ده‌كات و ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر زوو فریای دۆخه‌كه‌ نه‌كه‌وین، داعش مه‌ترسیی گه‌وره‌تر دروست ده‌كات و ژماره‌شیان زیاتر ده‌بێ.


نووری حه‌مه‌عه‌لی، فه‌رمانده‌ى میحوه‌ری رۆژئاواى كه‌ركووكى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌ى پردێ، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "هۆكارى جموجۆڵی داعش له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك زۆرن و سه‌ره‌كیترینیان بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كۆتایی به‌ داعش بهێنن، هه‌روه‌ها بۆ ململانێى شیعه‌ و سوننه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه، هاوكات بۆ نه‌بوونى و نه‌دارییش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وان تاوه‌كوو ئێستا وه‌ك داعش ماونه‌ته‌وه‌ و رێكخراوێكى تیرۆریستیى دژ به‌ خه‌ڵكن و ده‌ست له‌ هیچ شتێك ناپارێزن، له‌م ماوه‌ى رابردوودا كه‌ له‌به‌ره‌ى پردێ سه‌ردانیان كردین، به‌ به‌رپرسانى سه‌ربازیى عێراقم گوت، دۆخه‌كه‌ رۆژ به‌ رۆژ خراپتر ده‌بێت، با چاره‌سه‌ریییه‌كى گونجاو بۆ سنوورى كه‌ركووك بدۆزینه‌وه‌، بە هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق سنووره‌كه‌ بپارێزین و ئه‌گه‌ر زوو ئه‌وه‌ نه‌كه‌ین، له‌ئه‌نجامدا مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌تر له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ به‌گشتى دروست ده‌بێ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر رێگه‌یان لێ نه‌گیرێ، ژماره‌یان زیاتر ده‌بێ".


ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌و تیرۆریستانه‌ ته‌نیا به‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازى ڕه‌نگه‌ كۆتاییان پێ نه‌یه‌ت، ئه‌وان به‌ حیسابی خۆیان به ‌ناوى ئیسلامه‌وه‌ جموجۆڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام بیرۆكه‌ى تیرۆریستیان هه‌یه‌ و جگه‌ له‌ خۆیان كه‌سیان قبووڵ نییه‌، بۆیه‌ ده‌بێ له‌ ڕووى فكرییشه‌وه‌ بنه‌بڕ بكرێن، خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ش له‌ سنوورى كه‌ركووك هاوكاریی ئه‌و تیرۆریستانه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت ئه‌ى له‌ كوێ ده‌حه‌وێنه‌وه‌ و نان و ئاو و خواردنیان له‌ كوێوه‌ بۆ دابین ده‌كرێت!


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "تیرۆریستانى داعش زۆر به‌ئاسانى ده‌توانن بێنه‌ ناو شارى كه‌ركووكه‌وه‌ و ته‌قینه‌وه‌ و كرده‌وه‌ى تیرۆریستیى تر بکه‌ن، چونكه‌ زۆر رێگاى لاوه‌كى هه‌ن. هێزى ئه‌منییان لێ نییه‌ و ده‌توانن له‌ ناوچه‌كانى حه‌ویجه‌وه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ناو كه‌ركووك، به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌ هیچ بازگه‌یه‌ك بده‌ن“.


سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراشی كرد، داعش ئێستا زیاتر بایه‌خى به‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك داوه‌ و ده‌یانه‌وێت زیاتر له‌و ناوچانه‌ى تێیدان، خۆیان به‌هێزتر بكه‌ن، ڕه‌نگه‌ بۆ قۆناخى داهاتوو په‌لامارى تیرۆریستى لەناو كه‌ركووكیش بده‌ن.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، شیرین ئه‌مین، په‌رله‌مانتاری گۆڕان و ئه‌ندامى لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "پێشووتر له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ ئه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا، كه‌ داعش له‌ عێراق كۆتایی هاتووه‌، به‌ڵام ده‌بینین داعش له‌ سنوورى كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى تر هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش جێگه‌ى گومانه‌، كه‌وا ئه‌وان چالاكن و كرده‌وه‌ى توندوتیژی ده‌که‌ن و خه‌ڵك شه‌هید ده‌كه‌ن و ده‌ڕفێنن و په‌لامارى تیرۆریستیش ده‌كه‌ن، ڕه‌نگه‌ به‌دیاریكراوى یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه‌، كه‌ كێ له‌پشت ئه‌و كرده‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌".


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، له‌كاتێكدا ئێمه‌ له‌ %51ى خاكمان له‌ده‌ست داوه‌، ئێستاش باس له‌وه‌ ده‌كرێت، ساڵی ئاینده‌ سه‌رژمێریی ده‌كرێت و زۆرینه‌ى خه‌ڵكى كوردیش له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى تر ئاواره‌ بوونه‌ و ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستانن و ئه‌و ڕێژه‌ كورده‌ى، كه‌ له‌وێشن پێده‌چێ نه‌توانن درێژه‌ به‌ ژیانیان بده‌ن، ئه‌وه‌نده‌ گرفت و ناڕه‌زایی هه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و خه‌ڵكانه‌ به‌دیاریكراوى، كه‌ ره‌نگه‌ واى لێ هاتبێ، كه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێ كه‌سانێكى دڵسۆز هه‌بووبن، كه‌ پێشووتر كاریان بۆ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن كردووه‌، به‌ڵام ئێستا ناتوانن كارى خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام لێره‌وه‌ پرسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ خه‌ڵك له‌و ناوچانه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كاندایه‌، له‌كاتێكدا زۆرترین كرده‌وه‌ى توندوتیژی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك رووبه‌ڕووى ئه‌و ناوچه‌ كوردستانییانه‌ بووه‌ته‌وه‌، هێزه‌ عێراقییه‌كانیش نه‌یانتوانیوه‌ دۆخى ئه‌منى و ماڵ و حاڵ و ژیانى خه‌ڵك بپارێزن.


به‌پێی راگه‌یاندراوێكى پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق، كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ (باس) نێردراوه‌ و تێیدا هاتووه‌، پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق له‌ ئه‌نجامى پشكنینی گونده‌كانى خه‌رابه‌ڕووت و ئیسماعیل ئاوا و سه‌خره‌ى سه‌ر به‌ كه‌ركووك، توانییان دوو مۆڵگه‌ى داعش بدۆزنه‌وه‌، كه‌ 13 بۆمبی چێندراوى داعش.


راگه‌یاندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، هاوكات ده‌ست گیرا به‌سه‌ر شه‌ش ڕاسته‌، كه‌ بۆ ته‌قینه‌وه‌ به‌كار ده‌هێنرێن و ئامێرێكی مۆبایل، كه‌ بۆ ته‌قینه‌وه‌ بۆمبی چێندراو به‌كار ده‌هێنرێ، هه‌روه‌ها دوو شوێنیش ئاشكرا كران، كه‌ تیرۆریستان تێیدا بۆ خۆحه‌شاردان به‌كاریان ده‌هێنا، پاشان شوێنه‌كان تێكدران.


هاوكات به‌پێی راگه‌یاندراوێكى دیكه‌ى پۆلیسی فیدڕاڵیى عێراق هاتووه‌، هێزه‌كانى پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق له‌ ناوچه‌ى وادیى كوری سه‌ر به‌ كه‌ركووك، مۆڵگه‌یه‌كى چه‌كدارانى داعشیان دۆزییه‌وه كه‌ له‌نێویدا ژماره‌یه‌ك بۆمبی چێندراوى تێدا بووه‌، هه‌روه‌ها ده‌ست به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكى تیرۆریستانیشدا گیراوه‌.


هه‌روه‌ها سه‌عه‌د حه‌ربییه‌، فه‌رمانده‌ى ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق له‌ كه‌ركووك، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا ڕای گه‌یاندووه‌، كه‌ دواى ئه‌وه‌ى له‌ بوونی ژماره‌یه‌ك تیرۆریستى سه‌ر به‌ داعش وه‌ك شانه‌ى نووستووى ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ له‌ كه‌ركووك ئاگادار كرانه‌وه‌، توانرا ده‌ستگیر بكرێن.


ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، ئه‌و شانه‌ نووستووه‌ى داعش له‌ كه‌ركووك له‌ چوار كه‌س پێكهاتوون و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان توانییان چاودێریی وردیان بكه‌ن و له‌ بۆسه‌یه‌كدا ده‌ستگیریان بكه‌ن، هه‌روه‌ها دواى ته‌واوكردنى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا، ده‌ردرێنه‌ دادگا.


به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌وه‌ وه‌ری گرتووه‌ته‌، جموجۆڵی داعش له‌ سنوورى گونده‌كانى قه‌زاى داقووقی سه‌ر به‌ كه‌ركووك به‌رده‌وامه‌ و ئه‌وان لایتی سه‌یاره‌كانیان له‌ شه‌واندا به‌ئاشكرا دیاره‌ و له‌لایه‌ن گوندنشینانى كورده‌وه‌ ده‌بینرێن، هه‌روه‌ها ئه‌و تیرۆریستانه‌ له‌ سنوورى قه‌زاى دووبزى سه‌ر به‌ كه‌ركووك، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاواى پارێزگاكه‌ هه‌ر بەر‌ده‌وامه‌ و مه‌ترسین بۆ سه‌ر دانیشتوانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتی.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی (باس)، شوێنی مانه‌وه‌ى زۆربه‌ى داعشه‌كان له‌ سنوورى قه‌زاى حه‌ویجه‌ و هه‌موو ناحییه‌كانى ئه‌و قه‌زایه‌یە و ناوبه‌ناو گورز له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان، به‌تایبه‌ت پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق و هاووڵاتییان ده‌وه‌شێنن.