چەند بڕیارێكی تازە بۆ كارتی نیشتمانی دەردەكرێن

 

10/09/2019 - 18:49 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، بەپێی توانا بنكەی كارتی نیشتمانی لە هەموو شوێنێك دەكرێتەوە، گوتیشی: "لە هەندێك شوێن بەهۆی نەگەیشتنی هێڵی ئینتەرنێت كردنەوەی بنكەی كارتی نیشتمانی راگیراوە، چونكە ئەو بابەتە راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا پێویستی بە ئینتەرنێت و پەنجەمۆر دەبێت".


لیوا هێرش ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا، لە سلێمانی و دهۆك لە زۆربەی شار و شارۆچكەكان، بنكە كراوەتەوە، گوتیشی: "ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر لە زۆربەی ناوچەكان نووسینگەی كارتی نیشتمانی هەیە، تەنیا لە چوار شوێن نییە، لە مەخموور و بەحركە و مێرگەسۆر و بارزان".


جەختیشی كردەوە، پێناسی باری كەسی و رەگەزنامە كاری پێ دەكرێت و رانەگیراوە، گوتیشی: "ئەو دوو دیكیۆمێنتە هەم كاری پێ دەكرێت، هەمیش دەردەهێندرێت، تاوەكوو ئەو كاتە كاریان پێ دەكرێت، كە كارتی نیشتمانی تەواو دەبێت، هیچ وادەیەكیش دیاری نەكراوە بۆ كۆتاییهێنان بە دەركردنی كارتی نیشتمانی، كارەكە درێژە دەكێشێ".


لیوا هێرش روونیشی كردەوە لە هەرێمی كوردستان بە ئاستێكی باش كارتی نیشمانی دەركراوە، دەشڵێت: "ئێستا قەرەباڵغییەكی زۆر لە نووسینگەكانی كارتی نیشتمانی پەیدا بووە، خەڵك رووی لە دەركردنی كردووە، بۆیە زیاتر لە یەک ملیۆن كارتی نیشتمانی دەركراوە".


دووپاتیشی كردەوە، بەهۆی ئەوەی كارەكان پەیوەندییان بە بەغدا هەیە، بۆیە نۆرەیەكی زۆر هەیە تاوەكوو بتواندرێت كۆنتڕۆڵی بابەتەكە بكرێت.


هەر هاووڵاتییەك بۆ دەرهێنانی كارتی نیشتمانی دەبێ ناسنامە و رەگەزنامە و كارتی زانیاریی هەبێت و پاشان هەر 10 پەنجەمۆری لێ وەردەگیرێت، لەگەڵ وەرگرتنی وێنە و وێنەی گلێنەی چاو.


ئاشكراشی كرد، پێشووتر ئەوانەی ناوی خۆیان گۆڕیبوو، لە دەركردنی كارتی نیشتمانی دووچاری كێشە دەبوونەوە، بەڵام ئێستا بە شێوەیەكی گشتی ئەو كێشانە چارەسەر بوونە، گوتی: "بەڵام ئەوانەی لە سەرژمێریی فەرعی لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی تۆمار كراون، كێشەیان هەیە و نەمانتوانیوە كارتی نیشتمانییان بۆ دەربكەین، لە كاتی سەردانی وەزیری ناوخۆی عێراقیش بۆ هەولێر، ئەو بابەتە باس كراوە و بەڵێن دراوە چارەسەر بكرێت".


سەبارەت بە پێدانی كارتی نیشتمانی بەو كەسانەی، كە كوردی سووریا و ئێران و توركیان و لەمێژە لە هەرێمی كوردستانن، ئەو گوتی: "هەر كەسێك هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بێت، ئەوە كارتی نیشتمانیی بۆ دەردەكرێت، چونكە بەپێی یاسا هەر كەسێك 10 ساڵ زیاتر لە هەرێم و عێراق بێت و هیچ کێشەیەکی نەبووبێت، ئەوە مافی ناسنامە و رەگەزنامەی هەیە و ئێستاش كارتی نیشتمانیی پێ دەدرێت".